حاکم رزگار بەرگری لە هەژاران دەکات یان بۆ دەسەڵات دەپارێتەوە؟… نووسینی: کامەران لەتیف
من وا لە حاکم رزگار تێگەیشتبوم کە مرۆڤێکی زمان پاک و لایەنگری حەق و عەدالەتە، بەداخەوە نوسراوەکەی لەسەر حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان، ئەوە نیشاندەدات کە من لە بارەی ئەوەوە زۆر بەهەڵەدا چوم. نوسراوێکی نووسیوە یان دروستر ئەوەیە بڵێم جنێونامەیەکی بڵاوکردوەتەوە کە پڕە لە قسەی نەشیا و بوختان، بەڕادەیەک ئاستی قسەکانی لەدژی حزبمان ئەوەندە نزمە کە شایانی وەڵامدانەوە نییە.
بەلام بەدەر لەوانە زۆر بە ئاشکرا نیشانیداوە کە لەم روبەروبونەوەیەی نێوان دەسەلات و مامۆستایاندا ئەو وەک لایەنگری دەسەڵات دەردەکەوێت! هەرچەندە وا ڕادەگەیەنێ کە بەرگری لە مناڵی هەژارو ڕەشو ڕووت دەکات، بۆ ئەوەی قوتابخانەو دەرسەکانیان نەفەوتێ، بۆیە بەقەولی خۆی گوایە پێشنیار دەکات بۆ مامۆستایان کە بایکۆت واز لێبهێنن، واتە لە جیاتی ئەوەی خەتای فەوتانی ساڵێکی خوێندنی دەیان هەزار قوتابی بخاتە ئەستۆی دەسەلات، تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی بایکۆتی مامۆستایان، داوایان لێدەکات بە گیرفانی بەتاڵ و سفرەی خاڵی ماڵەکانیانەوە برۆنەوە سەرکارەکانیان، لە دوا لێکدانەوەدا دەیەوێ ماموەستایان ئەم بێ موچەییە قبوڵ بکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرئەنجام ئەو لایەنگری ئەوەیە دەسەڵات مافی ماموستا بخوات.
جەنابی حاکم لەم پرسەدا، وای نیشانداوە کە مەسەلەکە یەکلایەنەیەو خەمی نەفەوتانی ساڵیکی خوێندن دەخوا و دەڵێت با مامۆستایان بگەرینەوە سەر دەوامیان، گوایە حزبی ئیمە و مامۆستایانیش باکمان لە فەوتانی ساڵێکی خویندن نییە و دەلێین مامۆستایان نەگەرینەوە سەر دەوام! ئەمە بەتەواوی نادروستە، چونکە دەیان هەزار مامۆستا چەندین مانگە بەبێ موچە وانەیان وتۆتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبیژ چەندین ساڵە وانە دەڵینەوە بەبێ ئەوەی دامەزرابن، هەزاران مامۆستا بەبێ پلەبەرزکردنەوە دەوامیان کردوە، کەچی هێشتا دەسەڵات بە پشتیوانی کەسانێک سورن لەسەر ئەوەی کە مامۆستایان گوێ بە دۆخی کارەساتباری ژیانی خۆیان و خیزانەکانیان نەدەن، چونکە ئەوەڵ و ئاخر ئەوان لە فەوتانی ساڵێکی خوێندن بەرپرسیارن! بۆیە دەبێ بگەرێنەوە سەرکارەکانیان.
بەداخەوە جەنابی حاکم بیەوێت یان نەیەوێت ناتوانێت پاساوی ئەم هەڵوێستەی بکات و بەم بانگەشەیەی لە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبونی کۆمەڵی کەس داوادەکات بایكۆت ڕاگیرێت، لە کاتێکیشدا ئەم قسانە دەکات کە بریارە مامۆستایان بۆ رۆژی دوایی خۆپیشاندان بکەن، هاوکات دەسەڵاتداران لەچەند لاوە گوشار دەهێنن و هەرەشە لە مامۆستایان دەکەن بەسزادان و دەرکردنیان، لەولاشەوە مامۆستایان بەوپەری شەهامەتەوە تەحەدای دەسەڵات دەکەن و سورن لەسەر بەردەوامی بە بایكۆت و خۆپیشاندانەکەیان، لەحاڵەتێکی ئاوادا، ئایا پێویست دەکات کەسێک بێت ئەوە بسەلمێنێت و رۆشنیکاتەوە کە ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەی ڕێکخراوە بەمانای بەرگری دێت لە بانگەشەی دەسەڵاتداران، ئایا پێچەوانە نییە لەگەڵ نیەتی پشتیوانی کردن لەمناڵی هەژار بۆ ئەوەی ساڵێک خویندنیان نەفەوتێ!. دەسەلاتدارانێک کەدەرگای قاسەکانیان ناکەنەوە و نایانەوێت بەو هەموو داهات و سامانەی لەم ٣٣ سالەدا دەستیان بەسەرداگرتوە موچەی مامۆستایان بدەن و ئامادەنین خواستەکانیان جێبەجێبکەن، لەحالەتێکی ئاوادا ئایا ڕەوای هەقە قاسەی پری دوو حزبی بنەماڵەیی هەر بەداخراوی بمینیتەوە، و داوابکرێ کە مامۆستایان بە گیرفانی بەتاڵ و سفرەی خاڵی ماڵیانەوە بگەڕێنەوە بۆ دەوام و لەولاشەوە بەرپرس بکرێن لە فەوتانی ساڵێکی خوێندن!.
بێگومان مامۆستا و دەسەڵات دوولایەنی بەرپرسن لە پرۆسەی خویندن، مامۆستا بەرپرسی ئەوەیە وانە بڵێتەوە و دەسەڵاتیش بەرپرسی ئەوەیە موچەی مامۆستا بە تەواوی و بێ دواکەوتن لە کاتی خۆیدا بدات، لەم هاوکێشەیەدا ئەوە مامۆستایە کە بە زیادەوە ئەرک و بەرپرسیاریتی خۆی بەجێگەیاندوە، لەوەش زیاتر چەندین مانگ و تەنانەت چەندین ساڵ چاویان لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی خۆیان پۆشیوە، نیوە موچە و بێموچەیان تەحەمول کردوە، دانەمەزراندنیان تەحەمول کردوە، پلە بەرز نەکردنەوەیان تەحەمول کردوە، بەڵام سەرباری هەمو ئەمانە بەداخەوە ئەوە جەنابی حاکمە کەهێشتا مامۆستایان بەرپرسیار دەکات لە فەوتانی ساڵێکی خویندن و داوایان لیدەکات بایکۆت بشکێنن.
لێرەدا با چەند پرسیارێکت ئاراستە بکەم: پێم وایە حاکم نکوڵی لەوە ناکات کەدەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە نەك لایەنگری هەژاران نین، بەڵکو هۆکاری هەژاریشن، بەلام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی لە میدیاکانەوە لەگەل چەند کەسێکدا پەیامەکەی دەگەیەنێت؟ بۆ لە کاتێکدا پەیامەکەی رادەگەیەنێت کە دەسەڵات خەریکی چاو سورکردنەوە و هەرەشەکردنە لە مامۆستیان و لەهەوڵ دایە بە ترساندن و زۆرە ملێ بایکۆت بشکێنن؟ ئایا نەدەکرا جەنابی حاکم هەڵویستی لەبەرامبەر هەرەشەکانی دەسەڵاتدا وەرگرتایەو لە میدیاکانەوە دژی دەسەڵات قسەی بکردایە کە خەریکن ژیان و ماڵی بەشێکی زۆر لە مامۆستان وێرانتر دەکەن؟. جەنابی حاکم وەکو دەڵێ ساڵ و نیویکە موچەی وەرنەگرتوە، کەوایە ئەگەر ئەو ساڵ و نیویک بێت موچەی وەرنەگرتبیت و هێشتاش بەم جۆرە قسە بکات، مانای ئەوە نییە لە بنەرەتەوە پێویستی بەو موچەیە نییە. ئایا ئەو راستیە دەزانێت کە مامۆستایان وەکو ئەو بێباک نین لەموچەکانیان و ناتوانن بەبێ موچە دەوام بکەن؟
پرسیارێکی تر ئەوەیە بە حزبی ئێمە دەڵێت بەردێکی نەخستۆتە سەر بەردێک، ئاخۆ حاکم لایەنێک شک دەبات لە کوردستاندا کە سی ساڵ زیاترە بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەکەیانەوە بەکاری پەرلەمان و دەزگاکانی تریانەوە بەردێکیان خستبێتە سەر بەرد؟، ئایا تەواوی ئەو چەند ساڵەی کاری دەسەڵات و هەموو ئەوانەی لەم سیستمەدا هاوبەش و بەشدارن، شتێکی زیاتر بووە لەو وێرانکاری و بێکاری و هەژاری و ئەو سەرگەردانیەی بەسەرخەڵکی کوردستاندا داسەپێندراوە؟. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئەگەر بەردێکی لەسەر بەرد دانەنابێت، خۆ هیچ کات لایەنی هاوبەش و بەشدار نەبووە لەم ویرانکاریەدا، بەردەوام لەبەرەی خەڵک و نارەزایەتیەکانیاندا ڕاوەستاوە. لەڕاستیدا ئەگەر مەبەست و نیەتی جەنابی حاکم نیشاندانی رێگایەکی ئەرێنی بووایە بۆ مامۆستایان، ئایا هیچ شتێک لەوە سادەترە کەلەپێشدا لەڕیزی ناڕەزایەتی مامۆستایاندا ڕابوەستایەوە و ئەگەریش پێشنیارێکی هەیە دڵسۆزانە لە رێگەی پەیوندی کردنەوە پەیام و پێشنیارەکەی بگەیاندایە بەئەنجومەنی مامۆستایان؟ نەک لەدەرەوەی بایکۆتی مامۆستایان و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە کاتێکدا کەدەسەڵات تەرکیزی تەواوی لەسەر ئەوەیە شکستی گەورە بەسەر نارەزایەتی مامۆستایاندا فەرز بکات و شکۆیان بشکێنێت!. بەداخەوە پێشنیارەکەی جەنابیشان بۆ شکاندنی بایکۆت، بەهەر نیەتێکەوەبێت دەچێتە خانەی پڕوپاگەندە و گوشارەکانی دەسەڵاتەوە بۆ لێدان لە نارەزایەتیی مامۆستایان و خواستەکانیان. لە کۆتاییدا تەنها بە چەند رستەیەک ئەوە بڵێم کە تۆ ئێمەت تاوانبارکردوە بە “جاسوس و خائین و کلک گریدراو” و چەندین قسەی نابەجێی دیکە کە من بەشایستەی ئەوەی نازانم ڕونکردنەوەی لەسەربدەم، تەنها ئەوەندە دەڵێم ئەوانەی کە”خیانەتیان” لە خەلک کردوە و کلکیان گرێداوە، ئاشکرا و ڕوونە کە کێن چ لەلای خۆتان و چ لەلای خەڵک، بەلام ئەگەر جەنابی حاکم سورە لەسەر ئەو تۆمەتانەی بەرامبەر بەحیزبی ئێمە، ئەوا پێویستە بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت و بۆ رای گشتی ئاشکرای بکات. وەکو حاکمێکی یاسا زانیش دەبێ ئەوە بزانی کە ئەو تۆمەتانەی داوەتە پاڵ حزبی ئێمە دەچێتە خانەی لێپرسینەوەی یاساییەوە.