دیمانە لەگەڵ عومەر چاوشین رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری رانیەو ناوچەکە…

0

دیمانە لەگەڵ عومەر چاوشین رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری رانیەو ناوچەکە…

بۆپیشەوە: لە ئێستادا دۆخی شاری رانیە چۆنە؟ مەبەستم ئەوەیە دوای ئەوە هێزە چەکادرەکانی دەسەڵات زۆر نائینسانیانە ژمارەیەک هاوڵاتیان کوشت و بەدەیانیشیان بریندار کرد؟

عومەر چاوشێن: خەڵکى کوردستان سئ ساڵ زیاترە ژیانیان بەرەو ئاقارێکى خراپ و نالەبارترو ناخۆشتر دەڕوات، بێئەوەى گوێیان لێبگیرێت بەهەزاران جار بەشێوەى هێمنانەو مەدەنیانە خەڵک هاتۆتە سەرشەقامەکان و داواى خۆیان گەیاندۆتە دەست دەسەڵاتى بێ گوێ، ئەو نابەرابەریەى دەسەڵات کە پیادەى دەکرد واى لەخەڵکى کوردستان کردوە لە سەرەتادا ناڕەزایەتیەکان لە ناحیەى پیرەمەگرون لەپارێزگاى سلێمانى سەر هەڵبدا، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانى نارەزایەتیەکانى دوایی لەکوردستان سەرەتاى جوڵانەوەکان لە17/12 هێزى دەمامکدارو چەک بەدەستەکانى دەسەڵات و حکومەتى دینى وناسۆنالیستى کوردى هەستان بەتەقەکردن لەخەڵکى ناڕازى و ئەشکەنجەدانیان بۆیە خەڵک زیاتر لەدەسەڵات توڕە بوو، هەر ئەو توڕەبونە وای کرد زۆرشوێنى گشتى بسوتێت، دەتوانین بڵێین دەستبردنی خەڵکی نارازی بۆ سوتاندن، کاردانەوە بوو ەبەرامبەر بەکارە ناڕەواکانى چەک بەدەست و هێزەئەمنیەکان.

لەڕانیە هاوکات لەگەڵ چالاکى مەدەنى شاروشارۆچکەکانى ترى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەکانى گەرمیان خەڵکى ئازاو تینوى ئازادى خەڵکى ڕاپەڕین هاتنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕى و چەند فەرمانگەیەک بایکۆتى دەوامی حکومیان کرد، لەوانە پەروەردەى ڕانیەو پۆلیسى هاتوچۆى ڕاپەڕین، بەڵام لە19/12/2017 خەڵکى ڕانیەو دەوروبەرى لەدوانیوەڕۆ ڕژانە سەرشەقام و ناو بازار بەگوتنەوەى هوتافى (گۆڕینى دەسەڵات ئامانجمانە، پارە دزراوەکان بگێڕنەوە بۆ خەڵک، خاوەنى پارە دزراوەکان ئێمەیین نەک ئێوە، ئەو حکومەتە تواناى بەڕێوەبردنى نەماوە دەبێت بروخێت) چەندان وتەى مانادار کە دەلالەت بوو لە نائومێدى خەڵک بەو دەسەڵاتە و داوا دەکرا دەبێت خەڵک خۆى دەسەڵاتەکان بگرێتە دەست.

لەئێستادا نەوەک ڕانیە بەڵکو هەموو ئەو شوێنانەى چالاکى مەدەنى و جوڵانەوەى خەڵکى ئازادیخوازى تێدایەو دەسەڵاتیان بەسێ ڕۆژ تێدا دەربەدەرکردووە، هەم ژیانى خەڵک و هەمیش ژیانى خۆپیشاندەران لەمەترسى دایە، چونکە هێزێکى زۆر لە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگەو دەمامکدارو شتى جۆراوجۆرى تێدا خزاوەو هاتون بەرگرى لەدەسەڵات و بەرپرسان بکەن، لەکاتێکدا هەرچى بارەگاو مقەڕاتى حزبى تێدانەماوەو سوتێندراون یان بەردبارانکراون و پێیان چۆڵکراوە، ئەوەش دەلالەتە لەوەى کە خەڵک چیتر بەو دەسەڵات و حزبی و حکومەتە ڕازى نیەو بەهەموو شێوەیەک بێبەرین و توڕەن لێیان.

خەڵک لەدڵەڕاوکێ و لەژیانێکى ناخۆشدا دەژین، چونکە بەشەوانە خەڵک لەماڵەکانیان ڕاپێچ دەکرێن و لەئاسایش و پۆلیس دەستبەسەرکراون. وەک لەسەرچاوە نافەرمیەکان باس دەکرێت نزیک بە250کەس لەکوردستان یانى لە ژینگەى چالاکیدا دەستگیرکراون و دەستبەسەرن و هەندێک خەڵکی تر فەرمانى گرتنى هەیەو خۆیان شاردۆتەوە لەترسى گرتن و ڕاپێچکردنیان.

 هەرلەسەرەتاى چالاکیەکانى خەڵکى کوردستان نزیک بە 150کەس کەس لەکۆیەو رانیەو قەڵادزەو حاجیاواو سیدسادق و سلێمانى و چەمچەماڵ بریندرابوون و لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکان 2 گەنجى ڕانیە بەناوەکانى (بەشیر ئیسماعیل ڤاهیرو محەمەد تەها بێتواتەیی) گەنجێکى تر لەکۆیە کە بەبریندارى سێ ڕۆژ لەنەخۆشخانە مایەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر سەختى برینەکەى گیانى لەدەستدا بەناوى (هێرش) بەگوللەى هێزە چەک بەدەستەکانى دەسەڵات. لەگەڵ دەستپێکردنى چالاکى مەدەنى و ناڕەزایەتیەکان هەرچى بارەگاى حزبەکان هەر لە (یەکێتى نیشتیمانى و پارتى دیموکرات و حزبى سۆسیالیست دیموکرات و یەکگرتوى ئیسلامى سوتێندران بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەران بارەگاکانى کۆمەڵى ئیسلامى و بزتنەوەى گۆڕان بەردبارانکران و بارەگاکانیان پێ چۆڵکران و بەپەلە هەوادارەکانیان خۆیان لەدەستى خۆپیشاندەران رزگارکرد) ئامارەکان پێمان دەڵێن( 10)بارەگاى حزبى کە لەڕابردوودا خەڵکیان بەو ژیانە ناخۆشە گەیاندوە سوتێندراون، بەڵام لەسنورى ڕاپەڕین هیچ شوێنێکى گشتى دەستى لێنەدراوەو هەڵوێستى خەڵک یەکلابۆتەوە تەنیا ڕقى چەندساڵەیان لەبەرامبەر بەحزبەکان کۆکردۆتەوەو هەڵیان ڕشت و دەربەدەریان کردن، بەڵام تاکە بەرپرس کە ناوی دەبرێ و تۆمەتبارە بە تەقەکردن و بریندارکردنى خەڵکى ناڕازى لەڕانیەدا فەرماندەى یەکێتى (عەبدوڵابۆر) ەو هێزێکى زۆرى پێشمەرگەى لەدەورى خۆى کۆکردۆتەوەو بەقسەى خەڵکبێت شەڕى پێ لەگەڵ خەڵکدا دەکات و ناچارى کردون تەقەلەخەڵک بکەن. لەئێستادا خەڵکى خۆپیشاندەر داوا دەکەن ئەو فەرماندەیەى یەکێتى ماڵەکەى چۆڵبکات و لەڕانیە بڕوات، بەڵام هەم یەکێتى و هەمیش حکومەت ڕازى نین ئەو فەرماندەیە ڕابکات و چەندان گەنجى ئەوانیان کردە قوربانى ماڵى ئەو بەرپرسەى یەکێتى و بەدەیان زریپۆش و هامەرى لەدەورى ماڵەکەى مۆڵکردووەو ئامادەى تەقەکردنە لەخەڵک.

بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و نارەزایەتی بەردەوامی هەیە، دەمەوێت بپرسم تا چەند ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە رێکخراون؟ تا چەند داواوخواستەکانیان ڕۆشنن؟

عومەر چاوشێن: ئەمڕۆ بۆ ڕۆژى شەشەم ناڕەزایەتیەکان بەردەوامیان هەیەو تا دێت دەسەڵات و حزبى حاکم بەرگرى لەخۆى دەکات هەرچەند بارەگایان نەماوە، بەڵام هێزى چەکداری زیاتر لە بەرامبەرى خەڵک کۆدەکاتەوە، خەڵکى بەئیرادەى سنورەکە تا دێت ئازایانەتر ڕووبەروى دەسەڵات و بەرپرسان دەبنەوەو هەرچى ترس هەیە لەتەقەکەرو چەک بەدەستەکانیان نییە، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە حزب و هێزى ئۆپۆزسیۆن نیە وەک هەر نەبووە، ئەوەى کەپێشووتر باسى ئۆپۆزیسۆن بوونى خۆى دەکرد تەنیا فێڵ بوو لەخەڵکى دەکرا تا دەگەن بەسات و سەوداى لەزەتى دەسەڵات وداهاتى خەڵک و ناو حکومەتە دواکەوتوەکەى کوردی، دواى ئەوە بوون بەشەریکە دز، وەزیریان هەیە، پارێزگارو جیێنشینى قەزایان هەیەو بەڕێوەبەرى گشتیان هەیەو جێگرو سەرۆکى پەرلەمان و… هەبوو. نەوت و خاک و هێزو داروبەردیان لەبەردەست بوو دەیانگوت ئێمە ئیلهام بەخشین، بەڵام هێندەى نەبرد خەڵک باشى ناسین و دەربەدەریانکردن، لەئێستادا هیچ پەرۆشى ژیانى خەڵکیان نییە ئەو شینەى کە دەیکەن بۆ ئەو پارچە بەزەیە کە لەدەمیان دەردەچێت و بەشیان نامێنێت.

 هیچ حزب و وڵاتێک و کەس و گروپی و فریادڕەسێک نیە فریاى خەڵک بکەوێت هەر بەختێک لەبەشى ئەو خەڵکەدا نەماوە تەنیا دەبێت بۆخۆیان خۆیان رزگاربکەن، هەرکات ڕێگەبدەن ئەو دەسەڵاتە خۆى دابکوتێتە لەو شوێنانەى کە دەربەدەربوون جارێکى تر تۆڵەى خراپتر لەو خەڵکە ماندووە دەکرێتەوە، بۆیە نابێت خەڵک ڕێگەبدەن ئەوانە جارێکیتر حوکمدارى بکەن چونکە لەڕابردوودا خەڵکیان زۆرماندوو کردوە.

بۆپێشەوە: خاڵە لاوازەکانی خۆپیشاندانەکان چین؟ هاوئاهەنگی رابەران و هەڵسوراوانی رانیە، لەگەڵ هی شارەکانی تردا چۆنە؟

عومەر چاوشین: بەداخەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان ڕێکخراو نین و پەرتەوازەیان پێوەدیارە، بۆیە زۆرترین زەرەرمەندى گیانى تێدا خوڵقاوە بەدەستى پیاوانى حکومەت و میلیشیاکان، دەبوایە بەرنامە ڕێژى بۆڕاپەڕین و نارەزایەتیەکان بکرابایە، چونکە هەر چالاکیەک بۆدەربازبوونە لەنەهامەتى و نەدارى، بەڵام کێشە دروست بوو بەهۆى نەبوونى پلانى چالاکیەکە و خوێن زۆر ڕژاوە. کێشەکان گەورەتربوون یان ئامانجەکە بەتەواى نەپێکرا وەک ئێستا دەبیندرێت کارەسات دروست دەبێت، بۆیە کارى هەرە لەپێشى خەڵکى نارازى و خۆپیشاندەران دیاریکردنى ئامانج و خۆڕێکخستنەوەو دیاریکردنى نوینەرى ڕاستەقینەى خۆیان لەگەڕەکەکانە و دەبێ کارى لەپێشینەی بۆبکەن بۆئەوەى ماندوبوونیان بەهەدەر نەڕوات، چونکە دەسەڵات فێڵبازەو بەئەزمونترە لەخەڵک بۆئەوەى بکەوێتەوە سەر قاچەشکاوەکانى خۆى. دەبێت لەشارو شارۆچکەکان نوێنەر هەبێت خەڵک نوێنەرى خۆى دیارى بکات بۆبەڕێوەبردنى داهاتوویان. ئەو شوێنانەى حزبەکان چۆڵیان کردوە بکرێن بەشوێنى گشتى و لەدەست حزب بێنە دەرو بکەونە خزمەتى خەڵک، چونکە خەڵک پێویستى بەو شوێنانەیەکە لەدەست حزبەکان دەرهێندراونەتەوەو پێشوتر موڵکى گشتى بوون، کاتى خۆى بەمیرات بۆهیچ حزبێک و باوکى کەس بەجێنەماون، ئەو حزبانە تا ئەمرۆ بە نایاسایی دەستیان بەسەرداگرتبوون.

وە پێشنیاردەکەم خەڵکى کوردستان کۆڵنەدەن و ئەوانەى لەدەرەوەى کوردستان دەژین نامە بنووسن بۆپەرلەمانى وڵاتان تا پێشێلکارى و خوێنرشتن و کوشتنى خەڵک بۆ وڵاتان ڕونبکرێتەوەو نوێنەرى حکومەتى هەرێم ناچاربکرێت وڵاتان بەجێبێڵن، چونکە بەفەرمانى حوکمداران و ئاغاکانیان خوێنى خەڵک ڕژاوە، وە حکومەت و پەرلەمانى وڵاتان ناچار بکرێن بەمیکانیزمێک پێناس و شوناسنامەیان لێ وەربگیرێتەوە، چونکە لەوڵاتى خۆیان ئەوانە خوێنڕێژن و لەداهاتوودا دەبن بەمەترسى لەسەر ژیانى هەموو کەس لەوڵاتان و دەبێت وڵاتان لەوە بەرچاو ڕوونبن کە ئەوانە حوکمداریان بۆناکرێت بەیەکسانى و بەس خەریکى خۆ دەوڵەمەند کردنن لەسەرحسابى خەڵک بوون بەیەکە سەرمایەدارى دونیاو شایانى ئەوەنین ببن بەهاوڵاتى ولاتەکانتان بۆیە دەبێت بنێردرێنەوە بۆ وڵاتى خۆیان و مافی هاوڵاتى بووینان لێ وەربگیرێتەوە”

Leave A Reply

Your email address will not be published.