سێ ڕابەری بەلشەفی ڕەنگە هەرگیز ناویانیت نەبیستبێت!

0

زۆر کەس بە کەسایەتییە دیارەکانی شۆڕشی سۆشیالیستی ڕووسیا ئاشنان وەک ڤلادیمێر لینین، لیۆن ترۆتسکی و ئەلێکساندرا کۆلۆنتای. بەڵام زۆر کەسی دیکەش هەبوون کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە و مێژوو زۆر کەم باسیان دەکات.

یەکێک لەوانە ئیڤار تێنیسۆڤیچ سمیلگایە کە لە ساڵی ١٨٩٢ لە خێزانێکی جووتیار لە لاتڤیا لەدایکبووە، دوای ئەوەی لە وەرچەرخانی سەدەدا ئەزموونی سەرهەڵدانی خەباتی کرێکارانی کرد، وازی لە تێڕوانینە ڕاستڕەوەکانی منداڵی هێناوە.

باوکی ئیڤار لە کاتی شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ دا بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی زەویدا کردوە و ڕووبەڕووی هێزی تەواوی سەرکوتی خاوەن زەوییەکان بۆتەوە؛ دەستگیر کراوە و ئەشکەنجە دراوە و لەبەرچاوی بنەماڵەکەی لەسێدارە دراوە.

سمیلگا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا پەیوەندی بە ڕێکخراوی بەلشەفیکەوە کردوە و چەندین جار توشی زیندانیکردن و دەربەدەری بۆتەوە.

لە شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ ئازاد کراوە دوایی بۆ کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفییەکان هەڵبژێردراوە و ڕەوانەی ناو دەریاوانەکان کراوە لە کرۆنستاد بۆ ڕێکخستن.

پاشان چۆتە فینلاندە و بە یارمەتی ئەو بەلشەفییەکان زۆرینەی دەنگیان لە لیژنەی کرێکاران بەدەستهێناوە.

سمیلگا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە پشتگیریکردنی بۆچوونی لینین کە چینی کرێکار بە رابەرایەتی بەلشەفییەکان دەبێت دەسەڵات لە حکومەتی کاتی وەربگرێت.

یاخیبوون

لینین بەرپرسیارێتی بەهێزکردنی یاخیبوونی پێترۆگرادی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی فینلەندا و هێزی دەریایی بەڵتیک دا بە سمیلگا بەخشیوە.

کاتێک پەیامی کۆدی نهێنی “ڕێساکان بنێرە”ی پێگەیشت، سمیلگا لەگەڵ ١٥٠٠ دەریاوانی چەکدار بەڕێکەوتوە. لە ڕاستیدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە پترۆگراد بە خێرایی سەرکەوتووە. تا ئەو کاتەی سەربازەکانی سمیلگا گەیشتن تەنها پێویست بوو کۆشکی زستانە بگرن.

سمیلگا لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە.

دواتر پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنی چەپەوە کردوە کە دژی گەشەسەندنی بیرۆکراتیزەکردنی دەوڵەتی کرێکاران بووە و پشتگیری لە ترۆتسکی کردوە دژی سەرهەڵدانی جۆزێف ستالین. لەبەر ئەمەش سمیلگا لە حیزبەکە دەرکرا و ڕەوانەی سەهۆڵبەندانی سایبیریا کرا و لە کۆتاییدا ڕەمیکرا.

یەکێکی دیکە ئەناستازیا دیڤیاتکینایە کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا لە کارگەیەکی سەربازی دەستی بە کار کردووە، لە ساڵی ١٩٠٤ پەیوەندی بە بەلشەفیکەکانەوە کردووە و بەهۆی چالاکبوونیەوە دەستگیر و زیندانیکراوە.

بەشداری لە شۆڕشی شوباتدا کردوە و سەرکردایەتی یەکەمین خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار و ژنانی سەربازەکان کردوە کە بووە هۆی ڕاپەڕین.

پاشان دیڤیاتکینا بۆ ئەنجومەنی کرێکارانی ناوچە، یان سۆڤیەت هەڵبژێردراوە. لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە، هەماهەنگی ئەو مەفرەزە جۆراوجۆرانەی کردوە کە خەباتیان بۆ دەسەڵات دەکرد.

ئاریشینا کرۆگلۆڤا یەکێکی دیکەیە لە ژنە کرێکارە بەلشەفییەکان. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە کارگەیەکی تەقەمەنیدا کاری کردووە و نامیلکەی بەلشەفییەکانی لەناو سندوقی نارنجۆکەکاندا شاردۆتەوە.

لە شۆڕشی شوباتدا سەرکردایەتی خۆپیشاندانی چەکداری کردووە. China Mieville لە کتێبی Octoberدا دەنووسێت، “بە بینینی کرێکارانی کارگەی پرۆمێت کە لە پشت ژنێکەوە ڕێپێوان دەکەن، ئەفسەرێکی قۆزاکی گاڵتەیان پێدەکات کە دوای ژنێک کەتون.

“ئاریشینا کرۆگلۆڤا، لە وەڵامدا و بە دەنگی بەرز دەڵێ من ژنێکی کرێکاری سەربەخۆم، هاوسەر و خوشکی سەربازم لە بەرەکانی جەنگ.”

“لە پەرچەکرادری ئەو هاوراە، سەربازەکان کە ڕووبەڕووی ببوونەوە لولەی تفەنگەکانیان دابەزاندوە.”

لە سانت پترسبۆرگ بۆ دوو سۆڤیەت هەڵبژێردراوە و پاسەوانی سووری ڕێکخستوە کە بەرگرییان لە شۆڕش دەکرد. هەروەها بەرپرسی هەڵکوتانە سەر ناوچە دەوڵەمەندەکان بووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک.

رابەرایەتی لە شۆڕشدا گرنگە–رابەرایەتی چ لەسەر ئاستی حزب بێت یاخود لەلایەن تاکەکانەوە بێت. بەلشەفییەکان لە هەموو ئاستێکدا ڕابەرایەتییان هەبوو.

وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: توانا محەمەد نوری ئینگلیزیەوە وەریگێراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.