مانگرتنی سەدان نانەواخانە لە هەولێر، هەڵگری چ پەیامێک بەدەسەڵات بوو؟ 

0

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم!! بریاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموونیدا، کاردانەوەیەکی خێرایی نانەواخانەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە یەک کاتدا سەدان نانەواخانە دەستیان لەکار هەڵگرت.

مانگرتنی کریکارانی زیاتر لە ٦٠٠  نانەواخانە لە زۆنی زەردی پارتیدا، لەیەک کاتدا بۆ رەتکردنەوەی بریاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون، بی هیچ جۆرە هاوکارییەکی حکومەت، لە دابین کردنی سوتەمەنی و کەم کردنەوەی باج و رسومات و مۆڵەتی سالانە و تەندروستی… هەولێری پایتەخت و خامۆشی!! لە نارەزایەتیەکی قوڵ بەخەبەر هێنایەوە. نارەزایەتیەک کە دەستی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان و شەق وەشێنەکان، بەست و نیشانیدا، کە زۆری هێز لە بەرامبەر بە ئیرادەی ریکخراو هاوئاهەنگی کرێکاراندا، پوچە.

حکومەت و دەسەڵاتی پارتی چاوەڕوانی ئەوە بوون، کە هەزرانکردنی نرخی نان و سەموون ببێتە مایەی پێشوازی و وەکو کەمپەینیکی بۆ حکومەتێکی لایەنگری هەژاران خۆی نمایش بکات، کەچی بووە هۆی خستنە رووی رقی کریکارانی ئارەقەکردوی گڕی نانەواخانەکان، و راگرتنی نانەواخانەکانیان.

پارتی و دەسەلاتەکەی و لەگەڵ هاوبەشە دەسەلاتەکەیان لە زۆنی سەوز، کە غەرقی دزی و گەندەڵی و تاڵانی و وێرانکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان و دارماندنی سلکی خوێندن و پەروەردەن و باج و سەرانەیان بەسەدان رێگە خستۆتە سەر کارو کاسبی هاوڵاتیان، دەیانەویت چاکسازی لەخوارەوەو لەسەر شانی کرێکاران و بێبەشان، دەست پێ بکەن. لە جێگای ئەوەی موچەی وەزیر و گزیرەکان و راوێژکارەکانیان و خانەنشینانیان، موچەی ئەندام پەرلەمان و خانەنشینەکانیان و بەرێوەبەرە گشتییەکان وموچە و ئیمتیازاتی بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکان و کەژاوەی پاراستنی بەرپرسە حزبی حکومیەکان… کەم بکەنەوەو نرخی سوتەمەنی و ئاو کارەباو روسومات و خوێندن و داو و دەرمان و تەندروستی… کەم بکەنەوەو باری قورسی سەرشانی هاولاتیان سوک بکەن، هێرش بۆسەر نانەواخانەکان دەکەن. ئەو راسانە خێرا و هاوکات و یەک دەستەی کریکارانی نانەواخانەکان، بەر لەوەی تەنها نارەزایەتی بێت بە بریاری هەرزانکردنی نان بێ گوێدانە دۆخی نانەواخانەکان و پێداویستیەکانیان، نارەزایەتی پەنگ خواردوی بەشێک لە کڕیکارانی کوردستانە بەدژی ئەو نابەرابەریییە قوڵە ئابوری و چینایەتیەی بۆژوازی کورد و ئەو هەموو دزی و تاڵانییە ئاشکرایە “نایاسایی و بە یاسایی کراو و سیستماتیکراوەی” دەسەڵات.

کرێکارانی نانەواخانەکان بەو مانگرتنە بە دەسەڵاتیان راگەیاند… ئەگەر دەتانەوێت نان هەرزان بکەن، بڕۆن سوتەمەنی و کارەبا، و ئەو پێداویستیە سەرەکیانە هەرزان بکەن کەدەستی ناوەتە بینەقاقای چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەلگە. بڕۆن گرانی بازار چارەسەر بکەن کە وەکو دیکتاتۆریەتی بێ رەحم و ئەژدیهای هەزار سەر ژیان و گوزەرانی هاولاتیان دەهارێت. بڕۆن موچەی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران و پاشەکەوتی موچە بدەنەوە. بڕۆن سەیرێکی وێران بوونی خەستەخانەو بنکە تەندروستییە گشتی و حکومیەکان بکەن و ئاوڕیک لە گرانی خەستەخانە ئەهلی و تایبەتیەکان بدەنەوە… بچن پێداویستی بۆ خەستەخانەی هیوا زامن بکەن و هیوا بۆ بێهیواکانی ناو خەستەخانەکە بگێرنەوە، برۆن کیشەی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و ریگاوبانەکان چاک بکەن، برۆن و ئۆردوی بێکاران بخەنە سەر کار یان بیمەی بێکاریان پێ بدەن. بڕۆن و ئاوڕیک لە لاوان بدەنەوە و رێگە بگرن “نیشتیمانی عەزیزیان” بەناو دەریا و جەنگەڵ و سیمە درکاویەکاندا، جێ بهێڵن… بە کورتی پێیان وتن نان هەرزان کردن کارێکی سانایە… پێداویستیەکانمان بۆ دابین بکەن، نان هەرزان دەکەین و ئەوەشیان وت، ئەوەی دەستی ناوەتە بینەقاقای هاولاتیان نان و سەموونی وشک نییە، بەڵکو ئیوەی دەسەڵاتی تاڵانچی و چاوچنۆکی سەرمایەن. جیا لەوانە کریکارانی نانەواخانەکان وەکو گۆشەیەک لە چینی کریکار ئەو راستیەیان نیشانی کۆمەڵگەدایەوە، کە ئەوەی کۆمەڵگە دەچەرخێنی چینی کریکارە و ئەگەر کریکاران و سەرجەم بەشەکانی کرێکاران کار رابگرن، کۆمەڵگە لە جوڵە دەوەستێت و گیرفانی ئێوەی سەرمایەداریش خاڵی دەبێت.

 بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.