ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی کرێکاران لە کارگە پیشەسازیەکاندا! پاڵاوگەی نەوتی کەوەرگۆسک و ئاسن و پۆڵای ماس، بەنموونە

0

بەمەبەستی خستنەڕووی دۆخی کرێکاران لەکارگە پیشەسازیەکاندا،  پەیامنێری دەنگی کرێکار، پەیوەندی کرد بەکرێکارانێکەوە لەهەردوو کارگەی پاڵاوگەی نەوتی کەوەرکۆرسک وئاسن و پۆلای ماس، تا وەک دوونمونەی جیاواز دۆخی کاری کرێکاران لەزمانی کرێکاران خۆیانەوە بخاتەڕوو. ئەمەی خوارەوە کورتەی قسەوباسەکانە: 

پاڵاوگەی کەوەر گۆسك بەیەکێك لە پێشکەوتوترین پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هەژمار دەکرێ و دەکەوێتە نێوان هەولێرو کەڵەك، شایانی باسە ئەم پاڵاوگەیە هەلی کاری بۆ زیاتر لە ٣ هەزار کرێکار لەبەشە جیاجیاکانیدا ڕەخساندووە و بەردەوام بەسێ شەفت کرێکاران کاری تێدا دەکەن .

دەنگی کرێکار بە پێویستی زانی کە لە هەواڵی هەلومەرجی کارو گوزەرانی کرێکارانی ئەو پاڵاوگەیە ئاگادار بێت، بۆیە پەیوەندی کرد بەیەکێك لەکرێکارانی ئەو پاڵاوگەیەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکا. ئەو کرێکارە سەبارەت بە وەزعی کرێکاران ئەڵێ:

“سەرەتا سوپا بۆ دەنگی کرێکار کە دەیەوێت هەواڵی ئێمە بزانێ لەدرێژەی قسەکانیدا، وتی ئێمە هیچ عەیبمان نییە بە بەراورد بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەشتوانم بڵێم لە وڵاتانی سەنعەتی ئەورپاش لەوانەیە حەقدەستی وەك ئێمە وەرنەگرن، ئێمە لانی کەمی موچەی مانگانەمان لە هەزار دۆلار کەمتر نییە ئەمە بۆ ئێمە سەرو هەموو شتێکە، ئەگەر گرفتی ڕۆژانەشمان هەبێت تەحەمول دەکەین. بەڵام ئێمە ئەوە دەبینین کە کرێکاران چۆن لەسەرجادە ژیانی بێکاری بەڕی دەکەن، بۆیە وەزعی ئیمە زۆر باشترە. ئێمە هەم کارگەکەمان بەسیستمێکی زۆر پێشکەوتو کاردەکاو هەم گشت ئەو مەکائین و تەکنەلۆجیایەی کە کارخانە پێك دێنێت مۆدێلی زۆر بەرزە وکێشەمان بۆ دروست نابێت، سیستمی کارەکەشمان باشە، بەلام  خۆتان دەزانن کاری کرێکاری، هەرچۆن باشیش بێت، هێشتا هەر چەوسانەوەو بێبەشیە.

کار خانەی ئاسن و پۆڵای ماس:

کرێکاران لەسیستمی هاتوچۆ و سەعاتکاری ڕۆژانە نارازین!!

یەکێك لەکرێکارانی کارخانەی ئاسن و پۆڵای ماس سەبارەت بەکێشەی هاموشۆی کرێکاران لەماڵەوە بۆ سەرکارو بەپێچەوانەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت دەڵێ:

“كێشەی هاتووچۆی كرێکارەکان لە كارگەی ئێمە كێشەیەكی بەردەوامەو چەند ساڵە هەر كۆمەڵە بە شێوەیەك هەوڵی گۆڕینی داوە، بەڵام بێ ئەنجام ماوەتەوە لە كۆتایدا لەبەر ئەوەی كرێكار یەگرتوو نین و پەرش وبڵاون و بەم حاڵەوە درێژەی بەم دۆخە دەدەن و سەعاتکاری زیاتر دەکەن.. ئەگەر ڕیگام پێبدەن بە شێوەیەکی كورت باس لەدەوام و هاتوو چۆ بکەم:

“ئێمە لەكارگە چەند شەفت و چەند كاتێكی جیاواز كار ئەكەین زۆرینەی كاتەكان بەم شێوەیەیە: یەکەم، شەفتی ٨ سەعاتی یاخود باشرە بڵێن ٩ سەعاتی، چونکە شەفتی ڕۆژ ئەم شەفتە لە جیاتی ئەوەی ٨ سەعات كار بكەن ٩ سەعات كار ئەكەن بەڵام ٨ سەعاتی حسابە بۆیان ١ سەعاتی ئەچێتە بری نان خواردن و ئیسراحەت ئەمە جگە لەو کاتەی كە بەچوون وهاتن، واتە ١ سەعات بۆ ١:٣٠ ئەڕواو حسابی بۆ ناکرێت…

دووەم: شەفتی شەو. ئەمەش ٨ كاتژمێر كار دەكەن و نیو كاتژمێر بۆ نان خواردن و ئیسراحەتە، بەڵام ئەم شێوازی دەوامە هیچ جیاوازییەك لە مووچەکەیدا نییە، لە كاتێكدا بە پێی یاسای كاری عێراق شەفتی شەو ئەبێت لە ڕووی مووچەوە فەرقی هەبێت لە شەفتی ڕۆژ. لەشەفتی شەویشدا بەهەمان شێوە لە كاتژمێرێكەوە بۆ دوو كاتژمێر كات بە هاتووچۆوە دەڕوات.

سێهەم: شەفتی هەشت سەعاتی شەوانە کە لە ١١:٣٠ی شەوەوە دەست پێ دەكات بۆ ٧:٣٠ بەیانی زوو. ئەم شێوازەش هەر وەك شەفتی شەوەكەی تر ٨ سەعاتەو نیو كاتژمێر نان خواردنی بەیانی و. ئیسراحەتە هیچ جیاوازییەكیش لە مووچەیان نییە

سێهەم: شەفتی ١٢ سەعاتی ئەمیش دوو جۆرە: کار بەسێ شەفتی. ئەمە شێوازی دەوام ١٢ كاتژمێرە، دوو ڕۆژ شەفتی شەون دەوامیان لە ٧:٠٠ ی بەیانی بۆ ٧:٠٠ ئێوارەیە هاتوو چۆش وەك هەموو شیفتەکانی تر سەعاتێك بۆ دوو سەعات ئەڕوا و هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت.

شەفتی شەوانەش لە كاتژمێر ٧:٠٠ ئێوارە بۆ كاتژمێر ٧:٠٠ بەیانی کاردەکەن. بەڵام کرێکارانی ئەم شەفتە بەهۆی نەبوونی هۆكاری گواستنەوەوە ناچاردەبن چاوەڕێی پاسی شەفتی هەشت سەعاتی ١١:٣٠ بۆ ٧:٣٠ بكەن چونكە بە یەك پاس هاتوو چۆ ئەكرێت بەمەش نیو كاتژمێر لە ڕۆژەكەیان بەفیڕۆ دەڕوات. وەك لە پێشتر ئاماژەم پێكرد مووچەشیان جیاواز نییە لە باقی کرێکارانی شەفتەکانی تر. بەم جۆرە کرێکاران بەگشتی لەهەفتەدا ٤٨ كاتژمێر كار ئەكەن. لەکاتێکدا ئەو کرێکارانەی کە ڕۆژانی هەینی کاردەکەن ڕۆژانە دەگات بە١٢ كاتژمێر، واتە ٧:٠٠ بەیانی بۆ ٧:٠٠ ئێوارە… لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە لە کارخانەکەی  ئێمەدا، شێوازی تریشی تیایە بۆکارکردن، كەبێگومان پێشێلكاری لێدەکەوێتەوە لەوانە ئیزافەکاری، کەمی موچە، سەختی کار ونەدانی ئیمتیازات بەکرێکاران لەپای ئەو کارە سەختەدا کە دەیکەن…

سەرچاوە… دەنگی کرێکار

Leave A Reply

Your email address will not be published.