وەزیری پەروەردە: وەڵامی خواستەکانتان نادەینەوە… مامۆستایانی ناڕازی: فریوی بەڵێنەکانتان ناخۆین و بەردەوام دەبین…

0

 دوای زیاتر لە سێ مانگ دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی خوێندن بەهۆی بەهۆی بێدەبەستی دەسەڵات و خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوە بە مامۆستایان و وانەبێژان، لەم ڕۆژانەدا وەزیری پەروەردە رایگەیاند کە دوو لەخواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان لەوانە: دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی و گرێبەستکردنی وانەبێژان… بریاری لێدراوە، بەڵام دوای هەمواری یاسای بوجەی فیدرالی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان…

ئەم لێدوانەی وەزیری پەروەردە، نەک وەڵامدانەوە بەخواستی مامۆستایان و وانەبێژان نییە، بەڵکو رەتکردنەوەی ئاشکرای خواستەکانیانە.

سپاردنی وەڵامدانەوە بە دوو خواست لەناو چەندین خواستی گرنگتردا، لەوەش زیاتر حەواڵەکردنی جێبەجێکردنی بۆ دوای هەمواری یاسای بودجەی عێراق و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەکردەوە رەتکردنەوەی خواستەکانی مامۆستایان و ئەو دوو خواستەشە کە ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەروەردە لوتفیان!! بۆی نواندووە. ئاخر لە دوای روخانی بەعسەوە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە، کێشەی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێم لەنێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراق و کوردستاندا، بەچارەسەر نەگەیشتووەو بۆتە کیشەیەکی بەردەوام و مەیدانێکی سەرەکی کێشمەکێشی نێوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا… بۆیە ئەم وەڵامەی وەزیری پەروەردە خۆدزینەوە و هاوکات فریوکاری و پلانێکی نا ئینسانی و نابەرپرسانەیە لەبەرامبەر داخوازی مامۆستایان و وانەبێژان و سەرجەم کۆمەڵگە.

جیا لەوانە دەسەڵاتی هەرێم و وەزیری پەروەردە بۆ دوای رێکەوتنی بەغدا و هەرێمیش لەسەر هەمواری بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێم نیازیان نییە، پرسی موچە و دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا بخەنە دەستورەوە، بۆیە لەو بەڵێنەی کە چارەنووسی جێ بەجێکردنی دیار نییە، باسی دانی موچەو کۆتاییهێنان بەدواکەوتنی دیار نییە.

کاردانەوەی مامۆستایان و وانەبێژان بەرامبەر بە بریاری وەزیری پەروەردە، بەوەی کە دەست لە نارەزایەتی و بایکۆت هەڵناگرن و ناگەڕینەوە بۆ دەوام تا هەموو داخوازییەکانیان جێ بەجێ نەکرێت، نیشانەی هوشیاری مامۆستایان و وانە بێژانە، بەتایبەتی کە دەزانن چارەسەری کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێگایەکی داخراو ئەزمونێکی ٢٠ ساڵەیە.

مامۆستایان و وانەبێژان، بەتایبەتیش بریاری ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بۆ رەتکردنەوەی خواستی وەزارەتی پەروەردە بەوەی کە دەبوو ٩ مانگ، دەست بە دەوام بکەنەوە، نیشانەی بەردەوامی ململانێیەکە کە ریشەی لە هەڵاواردنێکی چینایەتی قوڵدایە. لەلایەکەوە دەسەڵات و نوخبەیەکی تەسەلی پەروەردە کە نەک لە هیچیان کەم نییەو هەست بە ئازاری نەبوونی و سەختی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان ناکەن، بەڵکو ژیانێکی شاهانەو فیرعەونیان هەیە و لەلایەکی تریشەوە ئۆردویەک ئینسانی بێ بەشکراو لە موچەو خواستی زۆر سادە هەیە، کە ناچارن خەباتی بۆ بکەن. پرسی موچەو دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا، پرسێکە لە هیچ گۆشەو کەنارێکی ئەم دنیایەو لە مۆدیلی هیچ دەوڵەت و وڵات و کۆمەڵگەیەکدا بوونی نییە. ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ موچەخۆران دەیکات، مامەڵەیەکی بێ وێنە نا ئینسانییە.

هەر تاکێک کە کاری کرد، کارەکەی فیزیکی و جەستەیی یان هزری… بێت، پێویستە لەکاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن لانی کەمی موچەی بڕیار لێدراو و شایستە ئیمتازەکانی، وەربگرێت. خۆدزینەوەی دەسەڵات لەو راستییە زۆر سادەیە، هیچ رێگایەک بۆ مامەڵەکردن کردن لەگەڵی نییە، جگە لە خەبات و نارەزایەتی دەربرین و گوشار هێنان بۆ دەسەڵات تا ناچار بکرێت. سوربوونی مامۆستایان و وانەبێژان و موچەخۆران لەبەردەوامی دان بە نارەزایەتییەکانیان، جگە لە بەرگری لەمافی زۆر سادەی خۆیان لە بەرامبەر بە ستەمێکی بێ پاساوی دەسەڵاتێکی نابەرپرس، شتێکی تر نییە، پێوسیتە سەرجەم خەڵکی کوردستان، پشتیوانی لە نارەزایەتیەکانیان بکەن، بەتایبەتیش کەسوکاری خوێندکاران. 

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.