لە پەراوێزی پرۆسەی داڕمانی سیستمی تاک جەمسەری لە خاکی ئۆکرانیادا… نووسینی: توانا محەمەد نوری

0

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا تێدەپەڕێت. هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە ئەمە شەڕێکی ئاسایی نییە، لە پشت ئەم شەڕەوە شەڕێکی تر بەڕێوەیە، ئاماژە بوو بۆ سەرەتای ڕووخانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی.
ئەم پرۆسەیە لەو شەڕەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو پاش شکستی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵاتنی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان و کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و سوریا نیشانیدا کە قەیرانی هەژمونی تاک جەمسەری ئەمریکا لە لایەک و سەرهەڵدانی چین و ڕووسیا لە لایەکی ترەوە، زەمینەسازی بۆ پرۆسەیەک دادەڕێژێت.
لەم شەڕەدا بەرزترین تەکنۆلۆژیای کوشتن ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و تاقیگەیەکە نوێترین دەستکەوتی تەکنیکی و زانستی تێدا تاقی دەکرێتەوە.
دوای دوو ساڵ ڕوون بۆتەوە کە حکومەتی ئەمریکا و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە سەرەتای ئەم شەڕەدا و ڕێگریان لە سولحی حکومەتی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا کرد بە مەبەستی لەناوبردنی ڕووسیا، بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانەیە و ئێستا بۆ زێلێنسکی و ڕۆژئاوا قبوڵکردنی ئەوەی کە ڕووسیا وەک لایەنی سەرکەوتووی شەڕەکە خۆی فەرز دەکات.
بەدووری نازانم ڕووسیا سەروەری خۆی بەسەر زیاتر لە ٢٠%ی خاکی ئۆکرانیا و بەربەستێک لە نێوان سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ناتۆدا بسەپێنێت و تەنانەت ئەگەر ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ قبوڵ بکات، بێ گومان بە پابەندبوونی بەرفراوان ئەو کارە دەکات.
دوای دوو ساڵ لە دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ زۆر ڕوونە کە ئەم شەڕە لە نێوان جەمسەرە ئیمپریالیستەکان لە خاکی ئۆکرانیا و بە خوێن و گیانی خەڵکی ئۆکرانیا ئەنجامدراوە و ئەوان دۆڕاوی سەرەکین، و ئێستا ئەوروپاش باجی سەرکردە خزمەتکارەکانی خەتی ئەمریکا دەدات.
لە دڵی شەڕی ئۆکرانیاشەوە، جیهانی دوای جەنگی ئۆکرانیا بەرە بەرە سەرهەڵدەدات، لەگەڵ پەرەسەندنی پەیمانی شەنگەهای و بریکس، ڕووسیا و چین هاوپەیمانی خۆیان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ئەفریقا بەهێزتر دەکەن و لە هەمان کاتدا، ئەوان داوای هاوکاری لە وڵاتانی ئەوروپاش دەکەن.
سروشتی تاوانکاری و دژە کرێکاری جەمسەری ڕووسیا و چین بۆ هەموو مرۆڤێکی سۆشیالیست و ئازادیخواز شاراوە نییە و هەر بۆیە وەستان لە تەنیشت ئەو جەمسەرانە (وەک هەندێ لایەنی ‘چەپ’ دەیکەن) و هەندێک لە چەپەکانی ڕۆژئاوا شوێن ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا کەوتوون کارێکی نائینسانی و کۆنەپەرستانەیە؛ بەرەی ئینساندۆستان، ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان دەبێت سنوورەکانی خۆیان ڕوون بکەنەوە و ڕێبازی ڕادیکاڵ و مۆدێرن و سۆسیالیستی پیشانی کۆمەڵگە بدەن، ئەم ڕێبازە هیچ پەیوەندییەکی بە جەمسەرگیرییەکانەوە نییە.

ئایا جیهانی فرە جەمسەری کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و بە داخەوە قۆناغی گواستنەوەی خۆی بە خوێنڕشتن و تاوانی زیاتر تێدەپەڕێنێت، لە بەرژەوەندی بزووتنەوە کرێکاری و شۆڕشگێڕییەکاندایە؟ لاوازبوون و پاشەکشەکردنی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هەواڵێکی خۆشە، بەڵام مەرج نییە ئازادی و یەکسانی بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری بهێنێتە ئاراوە لەبەر ئەوە تاکە ڕێگا ڕێکخستنی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکارە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.