پرسی رۆژ هاوڕی بەهادین بەکری دارتاش ناسراو بە ”رێبوار عارف“ وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە…

0

مامۆستایانی کوردستان چەند مانگێکە درێژەیان بە بایکۆت داوەو خەبات دەکەن بۆ داخوازیە بەرهەقەکانیان. ئێوە دۆخەکە چۆن دەبیننەوەو پێتانوایە ئەم بزووتنەوەیە لە کوێدا وەستاوە؟

بەڕێز بەهادینی بەکری دارتاش ناسراو بە(رێبوار عارف)؛ هەڵسوراوێکی نارەزایەتیە جەماوەریەکان لەکوردستان.

 رێبوار عارف: بەڵێ راستە سەرەتا مامۆستایان لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکاندا بایکۆتیان راگەیاند، بەڵام لەراستیدا بایکۆت تەنیا رەمزی راگەیاندی ناڕەزایەتیەکەیان بوو، دواتر گردبوونەوەو رێپوان و خۆپیشاندان شەقامی بەجۆرێک جوڵاند کە ئاستی ناڕەزایەتیەکان وبایکۆت ودەنگی دلێری مامۆستایانی گەیاندە شوێنێکی تر، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ تەواوی کۆمەڵگە لەگەڵ جوڵانەوەیەکی بە ئیرادەو خەباتکاردا رووبەڕوون. وەک خۆتان ئاگادارن ئەم ڕۆژانە چوار مانگ بەسەر ئەم ناڕەزایەتیانەدا تێپەڕ دەبێت کە بەشێکی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتووەتەوە. ئەم جوڵانەوەیە بەردەوام و پڕ ئیرادەیە، بەجۆرێکە هەر شایستەی رێکخراوبوونی ئەو مامۆستایانەیە کە نەک چوار مانگ بەڵکو ١٠ ساڵە لەمەیداندان وپێشەنگی ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغەی ئەمرۆشمانن. ئەم ئیرادەیە لە ئاستێکدایە کە دەکرێت بڵێین لە مێژووی خەباتی مامۆستایاندا ئەمە راوەستاوترین و بە ئیرادەترین ناڕەزایەتیەکە کە ماوەی چوار مانگ بەبێ مووچەو بژێوی ژیان تێدەپەرێت، کەچی ئەمرۆی لە هەموو رابردوو راوەستاوترە. کە بێگومان کاریگەریەکانی ئەم جوڵانەوەیە دەورێکی ئەرێنی گەورەی هەبووە لەسەر رۆحیەی خەباتکارانەی خەڵک و پەرەپێدانی بازنەی نارەیەتییەکان، جا چ ئەوەی پەیوەست بە مامۆستایانە، یا بەگشتی هەموو چین و توێژەکانە. من وەک هەلسوڕاوێک کە لە نزیکەوە لە ماوەی چوار مانگی رابردودا لە زۆربەی رێپوانەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا حزوورم هەبووەو دەست و پەنجەم لەگەڵ کێشەو گیروگرفتەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا نەرمکردووە، دەتوانم بڵێم چەند قۆناغی زۆر گرنگی بڕیووەو نەکەوتووەتە بۆسەی هیچکام لە نەخشەو پلان و گوشارو فروفێڵەکانی دەسەڵات و حیزب و وەزارەتی پەروەردەوە. ئەگەر لە قۆناغێکیشدا بە جۆرێک کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەوەی کە ئاخۆ لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە چەندە ئیمکانی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانیان هەیە، بەڵام بەو ئەندازەی کە هەموو تۆپەکانیان نەکردوەتە ئەم سەبەتەو توانیبێتیان خۆیان بە دوربگرن لە هاوسۆزی درۆزنانەی هەموو حیزبە سیاسییەکان و پەرلەمانتاریستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ، ئەوا هەنگاوی باشی ناوەو دەکرێت ڕێگەی دەسەڵاتی ناوەندیش کاریگەریەکی ئەرێنی هەبێت لەبەردەوام بوونی ئەم خەباتەدا، تەنیا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە سەربەخۆی خۆی بپارێزێت نەچێتە ژێر باری هەژمۆنی هیچ لایەنێکەوە! بۆیە دەکرێت بڵێین لەمبارەوە خەباتی مامۆستایان قۆناغێکی سەرکەوتوو راوەستاوی تێپەراندوەو ئێستە ئیتر کاتی خۆئامادەکردنێکی. بۆیە بە جۆرێک کە بتوانێت خەباتەکەی خۆی بە سەرکەتن بگەیەنێت!

پرسی رۆژ: ئایا ناڕەزایەتی مامۆستایان چۆن بەردەوام دەبێت، مەبەستان چییە لە خۆئامادەکردنێکی نوێ، یا بابلێین چ شتێک هەیە کە پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێت بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ناڕەزایەتیانە؟

 

ڕێبوار عارف: سەبارەت بە چۆنیەتی بەردەوامبوون، وهەنگاوەکانی بەسەرکەوتن گەیاندنی خەباتی مامۆستایان، دەبێت بەر لەهەرشتێک ئەوە بڵێم کە من سەرباری پەیوەندیەکی زۆرباشم لەگەڵ هەڵسوڕاوە جیدی و لێبرا وکارامەکانی ئەم جوڵانەوەیە، بەڵام من نە نوێنەری ئەوانم و نە وتەبێژیان، ئەوەی دەیڵێم بۆچوون و ئەزموون وتێگەشتنی خۆمە بە حوکمی نزیکایەتی و هاوخەبات بوونم لەگەڵ ئەم جوڵانەوەیەدا. بۆیە حەزدەکەم لەمبارەوە فۆکس لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی بکەم کە بەمشێوەیەیە:

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان بەر لە هەرشتێک مەحکومە بەوەی بەکردەوە هەنگاو بنێت بۆئەوەی کە لەم قۆناغەدا چۆن دەبێتە بەشێک لە داینەمۆی رێکخستن و بەرپاکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری فراوان، بەجۆرێک کە دواجار خواست و داواکاری چین و تووێژەکانی تری کۆمەڵگەی کوردستان ببێتە بەشێک لە بەرنامەی ئەم ناڕەزایەتیانە. دەبێت لەمبارەشەوە ئەوە بڵێم کە خۆشحاڵانە بەشێکی زۆر لە مامۆستایان پەییان بەو راستیە بردووە کە جەماوەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە مەرجێکی بەسەرکەوتن گەیاندنی خەباتەکەیانەو بانگەوازی ئەو خەڵکە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیەکاندا، بەڵام ئەمە تەنیا نیوەی پەرداخەکەیەو نیوەکەی تری بوونی نەخشەو پلانە بۆ چۆنیەتی راکێشانی جەماوەری نارازی خەڵکی کوردستان و کارکردنێکی فەرمی تر لەگەڵ ئەو جوڵانەوە ناڕەزایەتیەی کە بەر ئێستە چەندین دەستەو دەیان کەسایەتی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە

 رابەران و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان پێویستیان بەپێداچوونەوەیەکی ورد بە بەرنامەو میکانیزمی کارو نەخشەو… ستراتجی خواست و داواکاریەکان هەیە بۆئەوەی لەگەڵ هەر ئەگەرو هەر پلانێکی دەسەڵاتدا پێشوەختە بزانن بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن. بەهەمان شێوە شێوازو تەکتیکی خەباتی مامۆستایان پێویستە سەرلەنوێ نەخشەی دیارو کۆنکرێت تری بۆ دابرێژرێتەوە. بۆنموونە تۆ لە وەرزی زستانا کە باوبۆران بەفرو کرێوەیە کە ناتوانی خۆپیشاندان بکەیت چ رێگەیەکیکە دەگریتەبەرو چۆن درێژە بە ناڕەزایەتیەکان دەدەیت؟ چۆن دەتوانی سوودمەندبیت لە میکانیزم وشێوەکاری جیاواز. تەسەوری ئەوە بکەن ئەگەر خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بچێتە خاڵە سنووریەکان و ئەو رێگەوبان و ناوەندانەی کە خاڵی هەستیاری بازرگانی و سەرمایە گوزاری ئەم دەسەڵاتە بێباکەیە، ئایا چەندە نزیک دەبینەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان! کە دیارە هەموو ئەمانە پێویستی بە وردکردنەوەو نەخشەو پلانی وردە، بەڵام لە راستیدا هەموو ئەمانە کردەیین و ناڕەزایەتیەکانی کوردستان ئەزمونی سەرکەوتووی هەیە لەمبارەشەوە. ئەوەی کە خۆپیشاندانەکەی ساڵی رابردوی لە هەر رادەیەک لە سەرکەوتن نزیکخستەوە دروست دەستبردن بۆ ئەم شێوازەو یەکگرتوویی و هاودڵی ئەو ناڕەزایەتیانە بوو، کە هەمان مەسەلە واتە یەکگرتوویی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایانیش پێشمەرجێکی گەورەی بەسەرکەوتن گەیاندنی بایکۆت و ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیانە!

سازدانی: ئاراس رەشید

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.