سروشتی ڕاستەقینەی دەوڵەتی ئیسرائیل تا دێت ڕوونتر دەبێتەوە… توانا محەمەد نوری
ئەگەر تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتبین کە لە فەلەستین چی ڕوودەدات، ئەوا – جگە لە سەربازانی سوپای ئیسرائیل کە لە ژێر داروپەردوی غەززەدا بۆ چەکدارەکانی حەماس دەگەڕێن – هەموو لە دۆخێکی بێباکی و نەزانیندا دەژین.
سەرەتا، میدیای بەریتانی وە تا ئاستێکی زۆریش میدیای ڕۆژئاواش، بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەلەستین وەکو تۆڵەیەک بۆ بەزاندنی سنووری ئاسایشی ئیسرائیل پێشکەش کرد.
ئەمەیان کرد بەبێ ئەوەی هێرشەکان بخەنە چوارچێوەی دەیان ساڵی دەستگرتن بەسەر خاکی فەلەستین و پاکتاوی ڕەگەزی و سەرکوتکردنی دڕندانە و سیستەماتیک.
ئەو ڕاستییەی کە ئێستا حوکمڕانی ئیسرائیل بووە بە دووبارەبوونەوەیەکی تەواوی ئەپارتاید وەک ئەوەی لەلایەن ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوورەوە ئەنجام دەدرا، ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە کە تێیدا حکومەت و سوپای ئیسرائیل ڕێگەی پێدراوە، مردنی هەزاران فەلەستینی یەکسان ببینن لەگەڵ مردنی سەدان ئیسرائیلیدا.
لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، حکومەتی نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەکی گەورەی کەسوکاری بارمتە گیراوەکان بۆتەوە کە لە غەززە دەستبەسەرن و ژیانی ئازیزانیان یەکسان بە ئامانجە ستراتیژییەکانی فەرماندەیی سەربازی ئیسرائیل، ئەگەر زیاتریش نەبێت، دەزانن.
ڕەنگە بنەماڵەی ئەو بارمتانە توشی وەهم بووبێتن، چونکە ئیسرائیل هەمیشە پەیڕەوی ڕێنمایییەک دەکات ئەویش ئەگەر ئیسرائییلیەک مەترسی بارمتەبوونیان لەسەربێت ئەوە دەبێت بە زەبری هێز لەناوببرێن بۆ ڕێگریکردن لە دەستگیرکردنیان، بەم شێوەیە فەلەستینییەکان بێ هیوا دەکات کاتێک دانوستان لەسەر بەردانی فەلەستینییە دەستگیرکراوەکان دەکەن.
ئەگەر فشاری بنەماڵەی بارمتەکان لەسەر ڕژێمی نەتانیاهۆ ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئەوە دەبێتە نموونەیەکی تری نایەکسانی لە نێوان ژیانی ئیسرائیلییەک و فەلەستینییەک.
کوشتنی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل، تیشک دەخاتە تێڕوانینی ڕەگەزپەرستی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان.
کاتێک ڕووبەڕووی سێ کەسی مەدەنی بوونەتەوە کە ئاڵایەکی سپییان هەڵداوە، سەربازەکانی ئیسرائیل وایان زانیوە ئەوانە فەلەستینین و دەستبەجێ کوشتویانن. بەم شێوەیە سێ ئیسرائیلی پێگەیەکی نوێی فەخرییان وەک فەلەستینی بەدەستهێنا.
میدیا لەلایەک وێنەی کوشتنی خەڵکی غەزەمان پیشان دەدەن، کەچی زوو زووش ئەم دێڕە “حەماس لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوە” دەڵێنەوەو ڕاستییەکان دەربارەی سروشتی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ون دەکەن.
سەرەڕای ئەو چوارچێوە دامەزراوەیی و ئایدۆلۆژییەی کە میدیاکانمان، بەتایبەتی تەلەفزیۆن، تێیدا کاردەکەن، ئێستا تێگەیشتنێکی باشتر و ڕوونترمان هەیە بە شێوەیەک ئەو چیرۆکە زاڵەی پێشوو، سروشتی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەو هێزانەی کە بەردەوامی پێدەدەن، لەناودەبەن.
بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و هاوکاریمان لەگەڵ خەڵکی گەمارۆدراوی فەلەستین، دەتوانین پێزانینمان بۆ ئەو توێژانەی نێو کۆمەڵگەی ئیسرائیل زیاد بکەین کە لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە کاردەکەن کە تا گەلی فەلەستین نەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، ئاشتی و ئاسایش لە هیچ شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتە کایەوە. تا گەلی فەڵەستین ئازاد نەبێت گەلی ئیسرائیلیش ناتوانێ بە ئازادی بژی.
ئەمە پرسیارێک نییە تەنیا پەیوەندی بەو خەڵکەوە هەبێت کە ئەمڕۆ لەسەر خاکە مێژووییەکانی فەلەستین دەژین بەڵکو پەیوەندی بە جیهانیشەوە هەیە، چونکە ڕای جیهانی دابەش بووە لە نێوان حکومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە بەرامبەر ئەوانی تردا، ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە پرسیارە فراوانترەکە ئەوەیە کە چۆن کۆتایی بەم وەزعە بهێنرێت.
٢٥/١٢/٢٠٢٣