دوای٣٢ ساڵ کێشەی کارەبا مۆتەکەی سەر ژیانی دانیشتوانی هەرێم! بۆپێشەوە
هەموو ساڵێک لەگەڵ دوبارە هاتنەوەی وەرزی زستان، دیسان مۆتەکەی سوتەمەنی و بیکارەبایی و لافاو، وەکو مۆتەکە روودەکات خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان، کە زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە پێک دەهێنن. ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ هەڵکشانی پلەکانی سەرما، داکشانی سەعاتەکانی کارەبای بەدوای خۆیدا هێناوەو هاوڵاتیان لە شەو و رۆژێکدا تەنها چەند سەعات کارەبای سەرەکیان دەبێت و باقیەکەی تر کەڵک لە موەلیدەکان یان بە بێ کارەبایی دەمێننەوە. ئەم حاڵەتە لە بێکارەبایی شتێکی تازە نییە و لە ژیر سایەی زیاتر لە سێ دەهەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی زستان یان لەگەڵ زۆر بوونی خواستی کارەبا لە هاویناندا، دوبارە بیکارەبایی دەبیتە سەرباری دەیان کویرەوەری تر، کە یەخەگیری چینی کریکار و جەماوەری بیبەشی کورستانە… ئەوە لە کاتێکدایە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەری پرسی کارەبا، بریاری لێدراوەو لەم ٣٠ ساڵەدا بەدەیان هەزار جار بەرپرسانی دەسترۆشتوی دەسەڵات بەڵێنی چارەسەری کیشەی کارەبایان داوە، بەڵام هیشتا بی چارەسەر ماوەتەوە.
دابین کردنی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و موچە و لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان، سەرەتاییترین ویستی هاوڵاتیان و سادەترین داخوازیشن کە هەر دەسەڵاتێک بایی سەرە دەرزیەک بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، دەبێ و دەتوانێت فەراهەمیان بکات. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم چونکە دەسەلاتێکی بەرپرسیار نییە و بایی سەرە دەرزییەک بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت، ئەوەی بۆی گرنگ نییە زامنکردنی ئەو خواستە سادەو سەرەکی و گرنگانەیە و لەوەش زیاتر دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی چەتەیە… لە کاتێکدا رۆژانە باج و سەرانە لەسەر خەڵک و هاوڵاتیانی کاسب زیاتر و زیاتر دەکات، کەچی خۆی لەهەموو بەرپرسیاریەتیەک دەدزێتەوە.
ئەم دۆخە لە بێکارەبایی و بێ موچەیی و بێ خزمەتگوزاری، ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە داهات نییە و دەسەڵاتی هەرێم توانای نییە، بەڵکو ریشەی لەو نابەرابەرییە قوڵە چینایەتیەدایە کە واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستانە… لە کاتێکدا چینی کریکار و هاوڵاتیانی کەم دەرامەت لە کارەبای پیویست بەهرەمەند نین، موچەو خزمەتگوازرییان نییە، کە سەرانی حزبی و حکومی و کەمایەتیەکی سەرمایەداری مشەخۆر و وابەستە بەدەسەڵات، ماڵ و شوێنی ژیان و کاریان چراخان و خەمی نان و موچە و خزمەتگوزارییەکانیان نەک نییە، بەڵکو لە ژیانێکی لێوان لێو بەهەشت!! ئاسادان و لە دنیایەکی تردا دەژین.
لەم سەردەمەدا کە کارەبا، کۆڵەکەیەکی سەرەکی ژیانە… بێبەشکردنی هاولاتیان لێی، بێبەشکردنی دانیشتوانە لە کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیان. بۆیە پرسی کارەبا هاوکات مەیدانێکی بەرامبەرکیی نیوان دەسەلات و جەماوەری بێبەشی کوردستانە… ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەخۆدزینەوە لەدابینکردنی سەرەتاییترین خواست و پیداویستی هاوڵاتیان لەوانەش دابینکردنی کارەبا، هیندەی تر ریسوایی خۆی دەخاتە ڕوو، ئەوا پیویستە خەڵکی کوردستان خواستی کارەبا وەکو گۆشەیەک لە دەعوانامەیەی راماڵینی ئەم دەسەلاتە بەدەستەوە بگرن. دەسەڵاتێک نەتوانێت موچەو خزمەتگوزاری و لەوانە کارەبای پیویست بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات، تەنها بۆئەوە باشە رابماڵرێت و بە میژووی پر تاوانکارانەی خۆی بسپێردرێت و ریگەی دوبارە بوونەوەی لە میژوودا لی بگیرێت.