هاوکاری ئەمریکا لەپشتیوانی ئیسرائیل بۆ جینۆسایدی فەلەستینیەکان، بەکوێ دەگات!!… عەبدوڵا مەحمود
هەشتی ئەم مانگە بۆ تاوتوێکردنی بڕیارنامەی وەستاندنی جەنگ لە غەززە، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوەوە.
کۆبونەوەکە دوای ئەوە هات کە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یاسای ژمارە 99 ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاککرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر جەنگەکە بکات. بەتایبەتی کە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند نزیکەی 80%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئاوارە بوون، ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و دەرمانیان دەستناکەوێت و رووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەبنەوە.
هەروەها کرستیان لیندمایەر، گوتەبێژی رێکخراوەکە گوتی:”خەڵکەکە دەستیکردووە بە لێکردنەوەی وایەری تەلەفۆن بۆ ئەوەی بیسوتێنن تاوەکو خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە یان ئەگەر شتێکیان هەبوو، خواردنی پێ لێبنێن،” گوتیشی: “شارستانیەت خەریکە دەڕوخێت.”
هەروەها رێکخراوی پزیشکانی بێسنووریش رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاساییش “لە کوشتارە بەردەوامەکە تێوە گلاوە” و پێویستە دەنگ بە “هەڵگرتنی گەمارۆ”ی سەر غەززە بدات.
کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی کۆبوەوە، بە پینج ئەندامە هەمیشەیەکەوە کە مافی ڤیتۆیان هەیە… لە ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە ١٣ ئەندامیان دەنگیان دا بە راگرتنی جەنگ، بەڵام جاریکی تر ئەمریکا ڤیتۆی لەدژی بریارەکەداو بەریتانیاش وەکوسەگە دەستەمۆکەی ئەمریکا بێ لایەنی هەڵبژارد، بەم شێوەیە هەوڵی ریكخراوەکە بۆ راگرتنی جەنگ شکستی خوارد.
جەنگ و داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل بە درندەییەکی بێ وێنەوە درێژەی هەیە و دەستپارێزی لەهیچ شتیک ناکات، دیارە پشتیوانی غەرب بەشێوەی گشتی دەوڵەتی ئەمریکا بەتایبەتی چ لەوەرێخستنی جەنگ و چ لە دریژەکیشانیدا، هۆکارێکی سەرەکی ملهوری نواندنی بێ هەوساری دەوڵەتی ئیسرائیلە.
ڤیتۆی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش تازە نییەو بێدەنگە کردنیشی لە ژێر پێنانی دەیان و سەدان بریاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، نوێ نییە و هەر ئەوەشە وای کردووە دەوڵەتی ئیسرائیل بێ سڵەمینەوە ببڕ و بکوژ بێت و جینۆساید بخوڵقێنێ، دیارە ئەمریکا لەو کۆمەڵکوژییە ئاشکرایەدا بەشدارە، کە تەنانەت دۆستە هەمیشەیەکانی ناچارن دانی پێدا بنێن. هەروەها ئەو پشتیوانیەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئیسرائیل بەتایبەتی کە بڕیار بوو بەزووی جەنگی غەززە کۆتایی پێبهێنێت، بەجێگایەک نەگەیشتووەو هیشتا ئایندەی ئەم هێرش و ملهورییە نادیارە و پێش وەختە تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل غەززەش بگرێت شکستخواردووە، بەتایبەتی کە جارێکی تر پرسی چارەسەری کێشەی فەلەستن، لە پەراوێز بوونەوە بۆتەوە بە پرسی رۆژ لەسەر ئاستی دینای فەرمی و جەماوەرییدا. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا ئەو پشتیوانیەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئیسرائیل ئەو راستییە دەخاتە ڕوو کە ئەمریکا نەک بەشێک لە کەمکردنەوەی نائارامی رۆژهەلاتی ناوەراست و لایەنێک بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین نییە، بەڵکو خۆی کۆسپێکی بەکردەوەی بەردەم چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئارام بوونەوەی ناوچەکەیە.
ئەوە کە ئەمریکا ئاوا بێ شەرمانە بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل و داگیرکارییەکەی دەکات، واوەتر لەوەیە کە جەنگی ئیسرائیل لەدژی فەلەستینیەکان بەرەوا دەزانێت، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رەوتە روو لەلێژییەی لە ئاستی دنیادا توشی هاتووەو لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا، شکست خواردوو بووە. هاوکات لاواز بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاتنە خوارەوی پێگە سەربازی و هەیمەنەکەی لەناوچەکەدا و سەر بەزرکردنەوەو بەهێز بوونی وڵاتانی عەرەبی و رۆڵیان وەکو کاراکتەری نوێ و سەربەخۆ، هۆکارێکی ترە کە ئەمریکای رووبەڕوو لەگەڵ دۆخێکی نەخوازراو کردۆتەوە. جیا لەهەموو ئەمانە سەرهەڵدانی قوتبی روسی-چینی، قوتبی یەکێتی ئەوروپا، بە یەکجاری کۆتایی بەخەونی ئەمریکا وەکو هێزی خاوەن هەژموونی دنیا تاک لایەنە، بۆ دەورەیەکی نادیاری درێژ هێنا و هێشتاش رەوەندی پاشەکشی بەسەر سەری دەوڵەتی ئەمریکاوە، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە. چیتر دنیا نەک بە ئاقاری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا هەنگاو نانێت، بەڵکو ئەم رەوەندە پێچەوانە بۆتەوە و دەستی پێکردووە.
وەستانەوەی چەند بارەی ئەمریکا بەرووی بریاری راگرتنی جەنگ بەهۆی ئەو تراژیدیا ئینسانی و ئەمنیەی رووبەرووی خەڵکی غەززە ئینسانیەتی ئەم سەردەمە بۆتەوە، مۆری پشتیوانی لە جەنگ و کۆکوژی و هاوکات ریگرییە لە هەنگاوەکانی ئاشتی و گێرانەوەی لانی کەمی ئارامی بۆ ناوچەکەو رووبەرووبونەوەیەکی ئاشکراشە لەگەڵ بزوتنەوەی دژە داگیرکاری ئیسرائیل کە لەسەراسەری دنیادا قوڵپ دەدات. لە کاتێکدا بەسەدان و هەزاران ریکخراوەو نەقابە و سەندیکای کرێکاریی و خاوەن سەدان ملیۆنی ئەندامی و لەپاڵ ملیۆنان ئینسانی تیکۆشەر لە پێناو راگرتنی جەنگ و داگیرکاری و بۆ ئارامی لە مەیداندان، کە خۆی هێزێکی گەورەتر لەسەرجەم قوتبەکانی دنیای ئێستایە، ئەمریکا و سیاسەتەکانی بەشکست دەکێشێت و وەکو هەمیشە لە مەیدانی رای گشتیشدا دوبارە ئەمریکا و غەرب دۆراوی جەنگن، لەبەرامبەر بزوتنەوەی ملیۆنی ئینسانیدا.
ئەمریکا لە ناو ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەگەر مافی ڤیتۆکەی لێوەربگیرێتەوە، و تەنها بەدەنگی زۆرینەو کەمینە کیشەکان یەکلایی بکرێنەوە، دەوڵەتی ئەمریکا، دەبێتە قوربانی و دۆراوی یەکەمی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.
رەوتی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لەو داگیرکارییە و بەتایبەتیش هاوکاری بەردەوامی ئەمریکا لەو جینۆسایدە ئاشکرایەی لە غەززە بەڕێوەدەچێت… دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی ناوخۆی ئەمریکاش بەرەوە روودەکاتەوە. سەرباری هەموو ئەمانە دەوڵەتی ئەمریکا، بەردەوامە لە پشتیوانی ئیسرائیل و داگیرکارییەکی ئیدانەکراو و نەفرەتلێکراو لە ئاستی دنیادا. هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم مامەڵەی ئەمریکا ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هیچ پێگەیەکی جیگیری نییە و هات و هاواری رۆژهەڵاتی ناوەراستی تازە و گەورە کە بەبانگەشەی دیموکراسی و گیرانەوەی ئارامی لەچوارچێوەی هەوڵ بۆ جێخستنی نەزمی نوێی دنیا و نەزمی نوێی ناو نەزمی نوێ، شەیپۆری بۆ لێدرا نەیتوانی بەجێگایەک بگات. تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پەیوەندی لەگەڵیان هەیە، پەیوەندیەکی ناسەقامگیر و شلۆقە، تاکە دەوڵەتێک کە دەتوانی پەیوەندیەکی جێگیر و دریژ مەودای لەگەڵی هەبێت و هەیە، دەوڵەتی ئیسرائیلە، بۆیە ئەمریکا ناچارە ئیسرائیل وەکو تاکە دەوڵەتی جێگا متمانە لەناوچەکەدا، وەکو چاوی بەرژەوەندخوازییەکانی بپارێزێت و بەرگری لێبکات و چاوپۆشی لە درندەیەکەشی بکات.
ئەوەی کە دەتوانێت ئەمریکا لە پشت بەکارهێنانی لۆژیکی هێز و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل دوربخاتەوە، تەنها ناچارکردنیەتی بە شکست و دۆڕان. هەروەکو لە ٨٠ ساڵی رابردوودا ئەمریکا لە هیچ جێگایەکی ئەم گۆی زەوییە نەیتوانیووە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە ڤێتنام وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە تا دەگاتە سۆماڵ… تەنانەت ئەگەر توانیبێتی رژێمێک بروخێنی، بەڵام دوبارە بە ناکامی هاتۆتە دەرەوە. دواین شکستەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و دەم داچەقینە لەبەرامبەر بە پیگەی ئیران لە ناوچەکەدا.
بزوتنەوەی دژە داگیرکاری و جەنگ لە ئاستی دنیادا، بزوتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی هێندە گەورەیە کە نە فریوی بانگەشەکانی ئەمریکا و غەرب دەخوات و نە توانای ئەوەی هەیە جڵەوی بکات. دنیای فەرمیش لەچاو ئەو بزوتنەوەیەدا هێندە چکۆڵەو بێ کاریگەرە، کە ناتوانێت بەر بەو رەوتە لەشکست لە داسەپاندنی هەژمونی تاک لایەنە بەسەر دنیادا بگرێت. ئەوەی ئێستا ئەمریکا دەیکات، بەرگرییەکی سلبییە بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی شکست و ناکامیەکانی لە ئاستی دنیادا. ئەم پشتیوانیە بەردەوامەی لە ئیسرائیل و دڕندەییەکەی دەیکات، سەرئەنجام باجەکەی قورستر لە شکستی لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان دەبێت…