سەرچاوەی بژێوی ژیانی پەینوپاڵە…

0

سەرچاوەی بژێوی ژیانی پەینوپاڵە، کەچی بە ئاشکرا ئەو شانازیە بە چاوانیەوە دیارە، کە بە کوردبوونی خۆی و دەسەڵاتی کوردەوە ئەیکا..

سەیریکەن:

ئەم بەیانەش وەکو گشت بەیانان، بەر لە گەیشتنی ئۆتۆمبێلە زبڵڕێژەکانی شارەوانی ئەو لەوێیە..

بڕوانن: بۆئەوەی شتێکی وا بدۆزێتەوە کەڵکی فرۆشتنەوەی مابێ، چەند زوو گەیشتوەتە نێو پەینوپاڵی مەملەکەت، بەم ڕۆژە تەماویە دەست بۆ خۆڵ و خاشاکی تازەی شارەکە ئەبا..

چاویلێکەن.. چۆن بەدەم تەماشاکردنی چەند نانێک و چەند سانتیەکی ژنانە.. چەندین دایبی ئێکس ئێکس لارج و چەندین پارچە حەبی ماوە بەسەرچووی وروژێنەر.. ئەها چۆن بە دیار چەند شوشەیەک جاک دانیاڵس و مشتێک کاغەزی قومار و بڕێک پارچە دۆلاری خوێناویەوە ڕاما..

ئەوەتە.. لەژێر دەیان عەلاگە وەفاوە ئاڵایەکی دڕاوی کوردستانی بینی و هەڵیگرتەوە، کتێبێکی قەبەی بۆساردگرتوی خوساویشی دۆزیەوە..

تەماشاکەن.. لای منەوە بە ڕوونی دیارە و ئەخوێنرێتەوە، ئەوەتە خۆ بە خەتێکی زەق.. لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە:

(ڪورد.. له باشوور)!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ   ئارام حەسەن

*پەینوپاڵ: وشەیەکی لێکدراوی کوردیه، بە مانای خۆڵ و خاشاک، یاخود زبڵ.

*جاک دانیاڵس: بەهێزترین براندی ویسکی ئەمریکایە..

Leave A Reply

Your email address will not be published.