ناکۆکییەکانی نێوان ئیسلامی سیاسی و سەلەفی لەسەر غەززە و فەلەستین؟!… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ناکۆکی و کێشەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ ڕەوتە سەلەفیەکانی کوردستان دەمێکە بوونی هەیە، بەڵام ئێستا لەدوای داگیرکاری ئیسرائیل بۆ غەززەو جینوسایدی فەلەستینیەکان، ناکۆکیەکەیان توندتر بووەتەوە، تا کار گەیشتووە بەوەی یەکتر تۆمەتبار بار دەکەن بە لایەنگری ئیسرائیل و ئەمەریکا و یا بە لایەنگری بۆ ئێران و شیعە. تا کار گەیشتووە بەوەی سووکایەتی بەیەکتر بکەن و هەڕەشە لە یەکتر بکەن. ئیسلامی سیاسی بە تایبەت یەکگرتوو وە کۆمەڵی دادگەری بە ئاشکرا پشتیوانی لە حەماس دەکەن و ئەو کارە تیرۆریستیەی حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەردا دژ بەخەڵکی مەدەنی ئیسرائیل ئەنجامیدا بە جیهاد دەزانن وپشتیوانی لە حەماس دەکەن بەبێ هیچ سەرنج و ڕەخنەیەک بە بەرگری لە خەڵکی فەلەستینی دەزانن. لەولاوە سەلەفیەکان بە تایبەت باڵي عەبدولەتیف سەلەفی و مەلا هەڵۆ ئەوە بە کارێکی خراپی حەماسی دەزانن و بەجیهادی نازانن، بەڵکو بەهۆکاری ئەو هەموو کوشتارەی دەزانن کە لە غەززە ڕوو ئەدات، بێ ئەوەی ئاوڕێک لە ڕابوردوی کێشەی فەلەستین بدەنەوە کە ٧٠ ساڵە ئیسرائیل ئەم کارە فاشیانەی ئەنجام داوە بەبێ بوونی حەماسیش. ناکۆکییەکانی ئەم باڵانە لەگەڵ یەکتر لەسەر خەڵکی فەلەستین نییە، بەڵکو لەسەر باڵادەست بوونیانە بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەویش لە ڕوانگەی بەرژوەندییە ئابوری وسیاسیەکانی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوەیە، چونکە بەشێکیان لەگەڵ سیاسەتی ئێران و تورکیا و قەتەرن کە ئێستا لە پشتی حەماسن، کە باڵی کۆمەڵ و یەکگرتوون. لە هەمان کاتدا باڵە سەلەفیەکانیش لەگەڵ سعودیەن کە سەرکردەی سەلەفی و وەهابیەکانی جیهانە و لە ئێستادا پەیوەندی باشی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا. هیچکام لەمانە ڕێگای واقعی ودروستیان پێ نییە بۆ کێشەی ٧٠ ساڵەی فەلەستین. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا ناکۆکن لەسەر ئەم داگیرکارییە وجینۆسایدەی ئیسرائیل لەدژی فەلەستین، بەڵام لەهەمان کاتدا هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئیسراێیل یا جوو نەمێنێ لەو سەرزەمینەی کە ئێستا تێیدا دەژین، هەموویان لایان وایە ئەوە خاکی ئیسلام و خەڵکی موسڵمانی فەلەستینە. ئەم بۆچوونە ڕاسیستیەی هەردوولا یەکێ لەهۆکارەکان بووە بۆ ئەوەی باڵی توندڕەو وە ڕاسیستی زایۆنی بەهێز بکاو هیچ ئیعترافێک بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین نەکا و کوشتوکوشتاری زیاتر بکات و کارە فاشیەکانی دژ بە خەڵکی ستەم لێکراوی فەلەستین زیاتر ئەنجام بدا. وە گەورەترین کۆسپ و بیانوو بوون بۆ ئەوەی ئیسرائیلی زایۆنی و فاشیست دەوڵەتێ بۆ فەلەستین بە فەرمی نەناسێ. ئەوە ڕاستە کە ئیسرائیل تاوانباری سەرەکییە، چونکە بە ئاگرو ئاسن مافی ئینسانی خەڵکی فەلەستینی پێشێل کردووە وسیاسەتی ئاپارتایدی پیادە کردووە لە دژیان، چونکە ئەوە پێداویستی سیستەمی سەرمایەداری جیهانە بە تایبەت بۆ ئەمەریکا و غەرب بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەدابەش بوونی جیهاندا لێرەوە سوودمەند بن. ئەمەریکا ئیسرائیلی زۆر بۆ گرنگە لە ناوچەکەدا بۆیە سڕینەوەی ئیسرائیل مەحالە. کەوایە داواکاری سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە و دەرکردنی جووەکان مەحاڵە. لێرەدا بەو ئاکامە دەگەین کە کێشەکە لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینیەکان چارسەرە، نەک ئەوەی ئیسلامی سیاسی بە حەماس و بە ئێران و بالەکانی شیعەو سوونی و بەسەلەفیەکانیشەوە داوای دەکەن کە نەمانی ئیسرائیلە. جمهوری ئیسلامی ئێران بەو پروپاگەندەی دەیکات بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە تەمەنی نەگریسی خۆی درێژ دەکاتەوە و قەیران وملهوڕیەکانی خۆی لەبەرانبەر خەڵکی ئێراندا پێ دادەپۆشێ و درێژە بەسەرکوت وئیعدامی ئازادیخوازان و کرێکاران و چەپ و کۆمۆنیستەکان دەدات، بۆیە پشتی حەماس دەگرێ و هانی دەدات تا دەرکردنی جووەکان و گێڕانەوەی قودس بۆ ئیسلام واز نەهێنێ. بەهەمان شێوە هانی هەموو ئەو گروپە شیعی وسوونیانە دەدات کە نزیک لە ئەون کەهەمان هەڵوێستیان هەبێت، لەوانەش عەلی باپیر وکۆمەڵی دادوەریە و گروپە شیعەکانی عێراق و لوبنان وسوریا و یەمەن. قەتەرو تورکیاش بەهەمان شێوە وەک دوو دەوڵەتی ئیخوانی هەمان هەڵوێستیان دەبێ و هەموو گروپە ئیخوانیەکانیش هاندەدەن کە وەک ئەوان بن یەکێ لەوانەش سەلاحەدین بەهادین و یەکگرتووی ئیسلامییە. لەولاشەوە سعودیە خەت دەدات بەسەلەفەکیان کە دژی حەماس و شیعەو ئێران بن. دەوڵەتی سعودیە بەرژوەندی ئابوری وسیاسی لە مڕۆدا لەوەدایە کە جەنگ لە دژی ئیسرائیل نەکرێ و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی کە تازە دەستی پێکردوە لەگەڵیدا تێک نەدا. نایەوێ دژی ئەمەریکا وئیسرائیل بێت. هەردوو لای ناکۆک لە پشت بەرژوەندییە ئابوریەکانی باڵەکانی دوو لایەنی بورژوازیدان، چونکە هیچ ڕەوتێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی وئایینی نییە لەدونیادا بەرژەوەندی ئابوری چینێکی کۆمەڵایەتی لە پشت نەبێ، ئەوە ڕەهایە. سەرجەم ڕەوت وحیزب وگروپە ئیسلامی و سەلەفیەکان لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا هیچ ناکۆکیان نییە، بەڵکو وەسیلەیەکی باشن بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە چینایەتییە. بەگەشە و سەرهەڵدانی ئەمانە تەمەنی سەرمایەداریش درێژ تر دەبێتەوە، بۆیە ئەم سیستەم و دەسەڵاتانەی بۆرژوازیش گرنگیان پێ دەدەن و هەریەکەیان چەندین گروپ ودەستەجاتی شیعی و سوونی و ئیخوانی سەلەفیان پێک هێناوە تا پێکەوە بەرژوەندیەکانیان بپارێزن. ئێستا ئەم بەرژوەندیانە لەپشتی ناکۆکیەکانی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکانەوەن لە کوردستان. ئەمانە هیچکات بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستینیان ناوێ کە قوربانی سیاسەتە توندڕەوەیەکانی ئیسرائیلی فاشیست و نەتەنیاهۆی تیرۆریستن. ئەگەر ئەم باڵانەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی کە گوایا لە پشتی مرۆڤی لێقەوماون بۆیە بەرگری لە فەلەستین دەکەن (کە درۆیەکی گەورەیە) بۆچی بەرانبەر جمهوری ئیسلامی ئێران نوزەیان لێوە نایەت کە تا ئێستا ٣٠٠ هەزار کەسی ئیعدام کردووە و خەلکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و زاهیدانی قەتل وعام کردووە؟ بۆچی لە شۆڕشی ژینادا بێ دەنگ بوون؟ بۆچی بێ دەنگن لە بەرانبەر هێرش و داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان؟. یا سەلەفیەکان بۆچی بێدەنگن لە قەتل و عامی خەڵکی بێ گوناهی کوردستانی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات و باکور و یەمەن کە بەهەزاران کەسیان لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیا و سوریا وسعودیەوە لێ کوژراون. یا بۆچی ئەمانیش بێ دەنگ بوون لە بەرانبەر خرۆشانی خەڵکی ئێران و شۆڕشی ژینادا؟ درۆی ئەمانە و فرمێسکی تیمساحیان بۆ خەڵکی غەززە هەر لە پێناو مانەوەو گەشەی گروپەکانی حەماس وخۆیانە و بەرژەوەندی ئەو هێزو لایەنانەی کە وابەستەیانن. درۆی ئەمانە دەکرێ لە لایەن مرۆڤی هۆشیارەوە بزانرێ. کاتێ ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی باس لە جیهاد دەکەن کەچی نە خۆیان و نە نەوەیان ناچن بۆ ئەم جیهادە ئیتر ئەوە درۆ دەکەن. کاتێ عەبدولەتیف سەلەفی دەڵێ: هۆکاری شکستی حەماس ئەوەیە کە لەسەر سوونەتی خواوپێغەمبەر نین! کەسی هۆشیار ئەو پرسیارەی بۆ دروست ئەبێت: ئەی دەبێ هۆکاری سەرکەوتنی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەشەرەکەیاندا چییە؟ ئایا ئەوان لەسەر سوونەتی خوداو پێغەمبەرن؟ یا تەکنۆلۆجیاو چەکی پێشکەتوو هۆکاری سەرکەوتنیان؟ هەردوولا واتە ئیسلامی سیاسی و سەلەفی هەمیشە هەوڵ دەدەن ئینسان زیاتر بگەوجێنن تا بەرژەوەندی خۆیان و دەوڵەت کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بپارێزن. خەڵکی فەلەستین بە پشت بەستن بە حەماس و بەئیسلامی سیاسی یا سەلەفی کێشەکەیان قووڵتر دەبێتەوە دەبێ خۆیان جیابکەنەوە لەمانە. داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بکەن بە بێ ئەمانە ئەمەیە چارەسەری کێشەکە یان کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە لێ یان دەکوژرێ وزیندانی دەکرێن و ئاوارە دەکرێن .