پرسی ڕۆژ/هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لەعێراق ئازاد مەجید کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە…

0

بڕیارە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لەعێراقدا بەڕێوەبچێت.

کەرکوک ئەوشارەی هەلومەرجی سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابووری جیاوازی هەیە لەعێراق. بۆیە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس ئەوە تەنیا دووەمین هەڵبژاردنی شارەوانیەکانە تێیدا بەڕێوەبچێت.

بەهۆی دیمۆگرافی وئەو هەلومەرجە جیاوازە، هەڵبژاردن لەوشارەدا جێی مشتومڕ وقسەوباسی جیاوازە.

بەڕای ئێوە ئەم هەڵبژاردنە لەچ هەلومەرجێکدا بەرێوەدەچێت؟ رۆڵی لایەنە کوردی وعەرەبی وتورکمان…تاد چییە؟ چارەسەری تەندروست بۆ ئەو هەلومەرجە تایبەتەی خەڵکی کەرکوک چییە؟

بەڕێز ئازاد مەجید کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە.

ئازاد مەجید: ماوەیەکە دیعایەی هەڵبژاردنەکان لەعێراق و کەرکوکیش وەک شارێک کەبەر ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەوێت بەچڕی دەستی پێکردوە. کرکوک لەبەر ئەوەی فرەنەتەوەیە زۆرتر چەقی کێشەکان کەوتۆتە ئەم شارەوە، و مێژوویەکی لەکێشمەکێشیش هەیە لەنێوان حیزبە ناسیونالیستە کوردی و عەرەبی وتورکمانیەکان، و لەڕابردوشدا دەیان کەس بونەتە قوربانی ئەم کێشانە، و تا ئێستاشی لەسەربێ هەردرێژەی هەیە .

لایەنە سیاسییەکان بەردەوام زۆرترین وزەو توانای ماددی وسیاسی وکۆمەڵایەتی خۆیانی تێدا بەکاردەهێنن، بەتایبەتی لەم کاتەدا کەسینارێۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تێدا بەڕێوە دەچێ، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین کورسیەکانی شارەوانیەکان، و وەهەروەها پۆستی پارێزگاریش بەدەستبهێنن. بۆگەیشتن بەم مەرامەش سڵ لەهێچ کارێکی قێزەون ودوبەرەکی و ئاژاوە نانەوە ناکەنەوە. لەڕاستیدا پێش هەڵبژاردنەکانیش ئامادەکارییان کردوە، وەک ماهیەتی قەومیانەیان، کەبووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار گەنجی شارەکەمان، و هەڵاو ترس وخۆفیان دروستکرد، و بووە هۆی بڵاوەپێکردنی هێزی چەکدار ودانانی خاڵی پشکنین لەسەرجادەوکۆڵانەکان وتەفتیشکردنی ماڵان وهێنانی هێزی زیاتر لەلایەن حکومەت ومیلیشیا شیعەکانەوە، و بەمجۆرە بوونە هۆکاری تێکدانی ئەمنیەتی شاری کەرکوک.

ئەم هەڵبژاردنانە لەهەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت کەهێشتا کێشەی دەسەڵات لەنێوان لایەنە بەشداربووەکان، وئەوەی پێی دەڵێن ئۆپۆزیسێونی وەکو ڕەوتی سەدر و لایەنەشیعەکان یەکلانەبۆتەوە. کێشەێ قوڵیان لەسەر دەسەڵات کۆتایی نەهاتووە. بۆیە دەیانەوێ بەم هەڵبژاردنانە زیاتر جێ پێی خۆێان قایمتر بکەن، ومونافسەکانیان بۆیەکجاری بخەنە دواوە. حەتمەن بەپاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە ومنافەسەی نێوان ئەمریکا، هەروەها ئێرانیش رۆڵی سەرەکی لەم کیشانەدا هەیە.

وەلێرەوە کەرکوکیش بوەتە یەکێک لە مەیدانەکانی کێشەی نێوان ناسیونالیزمی کوڕد وعەرەب وتورکمان وهەموو حیزبەکان وبزوتنەوە جیاوازو ڕەنگاوڕەنگە بۆرجوازیەکان بەهەموو ئاڕاستەکانیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی  دڕۆ وبەڵێنی بێناوەڕۆکن، ودەیانەوێ جارێکی تر کڵاو لەسەری خەڵک بنێن. هەرچی مەلاو کوڕە ئاغاو خەڵکی کۆنەپەرست هەن ودەیانەوێ بەتەبلیغاتی ژەهراوی ودواکەوتوو ئیحساسی دواکەوتوانەی کۆمەڵگە بجوڵێنن لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان، وتا بتوانن لەم ڕێگەیەوە چەن کاندیدێکیان سەرکەوێت، یان بەدانانی  پارێزگارێک  گوایە ژیانی خەڵکی نەتەوەکەی دەگۆڕێت. حەتمەن ئەگەر وابێت ئەوا لەسەڕ حیسابی نەتەوەی بەرامبەردەبێت.

بەداخەوە زیاتر لەبیست ساڵە دەسەڵات بەدەستی هەموویانەوە بووە. بیست ساڵ ئیمکانانتێکی زۆریان لەبەردەستدا بوو! نەچارەسەری کێشە لەمێژینەکەێان کرد، نەوەزعی ئابوری خەڵکیان باشترکرد، ونەپرۆژەک خزمەتگوزاریەکانیان بەشێوەیەکی باش جێبەجێکرد. بەڵکو سەراپا پڕبوون لەگەندەڵی وسەڕوەتی شارەکەیان بەتاڵان بردووە، وخۆیان بوون بەملیاردێر، وخەڵکیشیان لەناو گێژاوی بێکاری ونەبوونی، وکێشەی نەتەوەیی، ونەبوونی خزمەتگوزاری باشدا  جێهێشتوە.  دەیانەوێ ئەم کێشانە بەچارەسەرنەکراوی وماددەی ١٤٠ڕاگرتووە ، بۆئەوەی هەرکاتێک ویستیان زیندوی بکەنەوە، ولەپێناوی بەرژەوەندی وخۆدەوڵەمەنترکردنیان هەروا بەهەڵواسراوی بمێنێتەوە.

وەتا ئێستا پیسترێن شارمان لەئاستی دنیاو ناوچەکەدا هەیە کەرەنگە وێنەی کەم بێت. بەشێوەیەک پاشەکشەیان بەخەڵک کردووە  لەباری بیرو هۆش وجل وبەرگ وکلتورەوە، کە پەنجا ساڵ پێش ئێستا خەڵکی ئەم شاڕە زۆر لەپێشتر بووە، سەرەڕای هەموو ئەوپێشکەوتنانەی کەبەشەریەت بەخۆیەوە بینیویەتی.

لەئێستا کوردستان بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتین بەهەموڕەنگەکانیانەوە، کەچی ژیانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە نەبوونی مووچەو خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو کارەباو جادەوبان و کێشە زۆرو کەڵەکە بووەکان، و بنبەستی خنکێنەر کۆمەڵگە وژیانی توشی ڕاوەستان کردووە، وخۆیان  ژیانێکی شاهانە بەسەر دەبەن وبوونە ملیاردێرەکانی جیهان .

کەچی هاتوون بەڵێنی بەتاڵ وبێناوەڕۆک دەبەخشنەوە، وزۆر بێشەرمانە پارەی دزراوی خەڵک بۆکڵاو خستنەسەریان دەبەخشنەوە، و ناشیرینترین کەلتورو ئەخلاقیان لەنێو خەڵکدا برەو پێداوە. ئەمبەرو ئەوبەر لەنێوان حیزب و بزوتنەوەکان دەکەن وبەم کارەیان زەربە لە ماف وداخوازییەکانی خەڵک دەدەن وبرەو بەم خۆفرۆشیانە دەدەن. بەهەمان شێوە لایەنە عەرەبی و تورکمانی وتەنانەت ئەوەی بەخۆی دەڵێ ئۆپۆزیسێۆن پڕوپاگەندەی دواکەوتو عەشایەری وقەبەلی برەو پێدەدەن. پارەو دەعوەت وسەردانی سەرۆک هۆزو عەشیرەتیان کردوەتە عادەت وبێشەرمانە جاڕ بۆشەڕی قەومی ونائارامی وپشێوی شار دەدەن. سەرەڕای هەموو ئەو پڕوپاگەندانە وشیاریەکی باش لەلای خەڵک دروستبووە،  دەزانن تەنها فڕوفیشاڵی هەڵبژاردنە ولەکۆتاییدا ئەوان پێکەوە دەستکەوتەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشدەکەن وخەڵکیش بەدەسبەتاڵی دەچنەوە ماڵەوە. بۆیە لەهەموو  حاڵەتەکاندا دەبێ وریابین وفریوی ئەم دەسەڵات وحیزبانە نەخۆین. بەهەموو شێوەیەک بەشداری گاڵتەجاری هەڵبژاردن نەکەین وتەنها ڕێگە بۆچارەسەری یەکجاری، وڕزگاربوون لەم سینارێۆیانە ئاڵ وگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە، ولەڕیشەوە هەڵکەندن ولابردنی هەموو ئەوحیزبانەن کە یاری بەچارەنووس وئارامی وئەمنیەتی ژیانی خەڵکەوە دەکەن. دەبێ کاتێک ئێمە خۆمان ڕێخکستبێت ویەکگرتوانە نەفرەت لەهەموو ئەو ئیحساس وگرژیانە بکەین کە برایەتی ویەکێتی وچارەنووسی نەوەکانیشمان دەخاتە مەترسیەوە، وەبتوانین هەرلەئێستاوە هەنگاوەکانی ئەو شێوە یەکێتی ودۆستایەتیە بنێین وخۆمان یەکگرتوو بکەین، ونوێنەرانی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو هەژار وئازادیخوازان لەگەڕەکەکانەوە بۆئاستی شار ئامادە بکەین. کەکار بۆ بەگەڕخستنی هەمووئیمکاناتی شار بەشێوەیەکی یەکسان لەخزمەتی باشکردنی خزمەتگوزاری و باری ئابوری خەڵک باشتر بکات، وەهەر لەخەڵکی شار هێزێکی تایبەت بۆپاراستنی ئەمنیەتی بەشێوەیەکی یەکسان دروستبکرێت،  ولەڕێگەی دادگاوە سزای هەرحیزب ولایەنێک بدرێت کە کار لەسەرشێواندنی ژیان وئەمنیەت دەکات. وەسزای هەرحیزب ولایەنێک بدات کە دەیەوێ لەڕێی بڕینی موچەو ترساندنیان بەدەرکردنیان لەسەر کار ناچاریان بکەن دەنگیان پێبدەن. بەهێزی میلیشیاو چەکدارەکانیانەوە ناچاریان دەکەن مل بە گاڵتەجاڕیەکانیان بدەن. هەوڵ بدرێ ئازادی بەرفراوان بۆهەموو دانیشتوان زامن بکرێت. بەهەموو شێوەیەک بتوانن ناڕەزایەتی وداخوازیە ڕەواکانیان بگەیەنن وکار لەسەر چارەسەری کێشەی زەوی وزارو گەڕاندنەوەیان بۆخاوەنەکانیان و تەعویزی هەرکەسێک بکرێت لەپێناو کۆتایهێنان بەپاشماوەی  سیاسەتەکانی بەعس، وئەوگرژیانەش کەئەم حیزب و لایەنانە دروستیان کردووە …

بەرپرسی گۆشە: ئاراس رەشید

Leave A Reply

Your email address will not be published.