پەڕوباڵکردنی دیموکراسی لە سایەی گەندەڵی سەرمایەداریدا… عامر سابیر
ڕەشیدە تلەیب تاکە کەسە لە کۆنگرێسی ئەمریکادا کە بەڕەچەڵەک فەلەستینی بێت. ڕيشیدە نوێنەری دیموکراتەکانە بۆ ویلایەتی (میشیگن)ە. ڕێکخراوی (کۆمیتەی کاروباری گشتی ئیسرائیل ئەمریکی) کە ناسراوە بە (ئەیپاک)1 کە گروپێکی لۆبیکردنە کە داکۆکی لە سیاسەتەکانی لایەنگری ئیسرائیل دەکات، بەڵێنی 20 ملیۆن دۆلاری داوە بە هەریەک لە (هیڵ هارپەر و ناسر بەیدون) کە دوو کاندیدی حیزبی دیموکراتن لە میشیگن بۆ سەنێت (ئەنجومەنی پیران) کە ئەگەر واز لە کاندیدێتی بۆ سەنێت بهێنن و بچن لە هەڵبژاردنی 2024 دا بۆ کۆنگرێس لە بەرانبەر ڕەشیدە تلەیب خۆیان کاندید بکەن ئەوا سەرەڕای ئەم 20 ملیۆن دۆلارە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی کەمپەینەکەشیان ئەکەن. هەر یەک لەو دوو کاندیدە ئەم بەرتیلەیان ڕەتکردەوە و بە میدیاکانیان ڕاگەیاند کە کاری وا ناکەن.
ئەم خانمە (ڕيشیدە تلەیب) هەرچەندە لە کۆنگرێسدا لە قسەکانیدا وتبووی کە من دژی کوشتنی هەر مناڵێکم جا ئیسرائیلی بێت یان فەلەستینی، بەڵام لەبەر ئەوەی داوای ئاگربەست و کۆتایهێنان بە کوشتنی مناڵان و خەڵکی سیڤیلی کرددوە، بۆیە بە پشتیوانیکردن لە حەماس تاوانباریان کردووە و لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگدانیان کرد بۆ سەرزەنشتکردنی و بە234 دەنگ لە بەرانبەر 188 دەنگدا تاوانباریان کرد. ئەوانەی دەنگیان لەدژ دا 212 یان کۆمارییەکان و 22 یان دیموکراتەکان بوون. وە ئەوانەی دەنگیان بە سەرزەنشتکردنی نەدا 184 دیموکراتەکان و 4 کۆمارییەکان بوون.
بەشێک لە قسەکانی ڕەشیدە لە کۆنگرێسدا ئەمە بوو “داوا لە هاوکارەکانم دەکەم کە لەگەڵ زۆرینەی ئەمریکییەکان بەشداری بکەن و لە ئێستاوە پشتگیری ئاگربەست بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژیانی خەڵک ڕزگار بکەن. سەرۆک بایدن دەبێت گوێ لە هەموومان بگرێت و نوێنەرایەتی هەموومان بکات، نەک تەنها هەندێکمان. داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم جورئەتی هەبێت و داوای ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە کوشتارەکان بکات”.
وە لە خۆپیشاندانی ڕۆژی شەمە 18/11/2023 لە واشنتۆن، کە بە دەیان هەزار کەس ناڕەزایەتیان لە دژی هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەربڕی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕیان ئەکرد، کە تیادا چەندین گرووپی جیاجیای جووەکان بەشداربوون و ڕەشیدەش یەکێک لە قسەکەرەکان بوو، وە ئەمەی بە تۆمەت بۆ حیساب کرا و لە گۆنگرێسدا دەنگیان لە دژ دا.
گومانی تیادا نییە کە دیموکراسی لە سایەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزمەکەیدا، چوارچێوە و تەوقێکە لە گەردنی ئازادی و بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە. سەیری ئەو دیموکراسییە بکەن کە خۆیانی پێوە بادەدەن و بەردەوام بەشانوباڵیدا هەڵئەدەن، چۆن ڕیسواکراوە و گەندەڵی دایڕزاندووە و هەر لە ڕێگەی قانوونەکانیانەوە بە یاسایی ناڕازییەکان سەرکوت ئەکەن و سپی ئەکەن بەڕەش و ڕيشیش بە سپی.
1
American Israel Public Affairs Committee (AIPAC)
تێبینی:
لە 7/10/2023 دا ڕێکخراوی حەماس هێڕشێکی تیرۆریستانەی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1200 کەسی کوشت کە نزیک بە نیوەی کەسانی سیڤیل بوون، وە نزیک بە 240 کەسیشتان وەک بارمتە ڕفاند و بردیانن. لە بەرانبەردا حکومەتی ئیسرائیل لەوکاتەوە هێڕشێکی دڕندانە و وێرانکەرانەی کردۆتە سەر غەززە و ناوچەکانی تری فەلەستین و تا ئێستا زیاتر لە 18 هەزار فەلەستینی کوژراوە کە بەشی هەرە زۆری کەسانی سیڤیلن و نزیک بە نیوەشی مناڵانن و غەززەش بەتەوای کاولکراوە و خەڵکەشی ئاوارەکراوە و ئاو و کارەبا و خۆراک و هەموو خزمەتگوزارییەکانی لێ بڕاوە و سزای بەکۆمەڵیان بەسەردا سەپێندراوە .
12/12/2023