حکومەت بەرپرسە لەپەكخستنی پرۆسەی خوێندن و نەدانی موچەی مامۆستایان وکارمەندان!

0

 نەدانی موچەی مامۆستایان و کارمەندان وبێدەنگە لێکردن لەخواستەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بووەتە سەرچاوەی درێژەکێشانی بەرهەقی ناڕەزایەتی مامۆستایان وکارماندانی کوردستان.

هاوکات بایکۆتکردنی دەوامی خوێندگاو قوتابخانەکان وسازدانی خۆپێشاندانی هەفتانەیان،  کێشەی موچەو دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن بووەتە گرێیەک لەنێوان حکومەت و مامۆستایاندا. حکومەت و وەزارەتی پەروەردە، جگەلەوەی هیچ بەرپرسیاریەتیەک نیشان نادەن لەوەڵامدانەوە بەخواستەکانی مامۆستایان و کارمەندان و سەرف نەکردنی موچەی مانگانەیان لەکاتی خۆیدا، لەهەوڵدایە ناڕەزایەتی مامۆستایان لەڕێگای ڕێگرتن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، لەجۆری ئەوەی “بەغدا شایستە دارایەکانی هەرێم نانێرێت”،

سەرکوت بکات و کێشەی ڕاوەستاندنی پڕۆسەی خویندن لەهەرێم بخاتە ئەستۆی مامۆستایانەوە! لەبەرامبەریشدا، مامۆستایان سورن لەسەر خواستەکانیان وبەدرێژەدان بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان وەلامی دەسەڵاتداران ئەدەنەوە.

لەڕاستیدا، ڕاوەستاندنی پرۆسەی خوێندن لەئەستۆی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەدایە ومافی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستانە کەلەموچەی مانگانەی تەواوی خۆیان و لەکاتی خۆیدا، بەهەرمەندبن،

ئەوە ئەو دەسەڵاتەیە کەئیدعای حکومەت دەکات بەرپرسیارێتی لەپێدانی موچە لەئەستۆ بگرێت. بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی دەسەلاتدارانەوە، حکومەت دەتوانێت لەداهاتێک کەلەبەردەستیدایە موچەی مامۆستایان دابین بکا وڕێگەنەدات پڕۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت.

ئێمە لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە، وێرای ئەوەی کەپشتیوانی خۆمان لەناڕەزایەتی و خوپیشاندان و خواستەکانی مامۆستایان دەردەبڕین وحکومەت بەرپرسیار دەکەین لەدواخستن و نەدانی موچەی مانگانە، هاوکات داوا لەمامۆستایانی ناڕازی دەکەین کەوەک ڕیزیکی یەکگرتوو سەربەخۆ، هەتا بەدیهێنانی داخوازیەکانیان لەمەیداندا ڕاوەستن وبەخەباتی یەکگرتوانەیان، پلانەکانی دەسەڵاتداران پوچەڵ بکەنەوە.

هاوکات داوا لەکرێکاران ودایکان و باوکانی قوتابیان دەکەین کەپشتیوانی مامۆستایان بکەن وبەشێوەی گونجاوی خۆیان فشار بۆ دەسەلاتداران بهێنن هەتا مل بەخواستەکانی مامۆستایان

بدات و ڕاوەستاندنی پڕۆسەی خوێندن بخەنە ئەستۆی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەوە.

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار

٢٧/١١/٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.