ئیسلامیەکانی کوردستان لە بەرگری لە حەماس و کێشەی فەلەستیندا…

0

ئیسلامی سیاسی بەشێوەی گشتی بە “سونی و شیعی” ەوە” چ لە کوردستان و چ لە شوێنەکانی تری دنیا خەریکی هەڵوەراندنی فرمێسکی درۆینەن بۆ خەڵکی فەلەستین. ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئەو ئیسلامیانە، لەبەرامبەر درندەیی و هەوسارپچراوی دەوڵە ئیسلامیەکان و حزب و ریکخراوە ئینسانکوژەکانی ئیسلامیدا، لەسەراسەری دنیادا یان هاوکار و هاوپەیمان و یانیش بۆ هێشتنەوەی برێک لە ئابڕوی سیاسی بێدەنگە هەڵدەبژێرن.

لەو نێوەدا ئیسلامیەکانی کوردستان نموونەی بەرجەستەی ئەو مامەڵە نائینسانیەن بە کێشەی خەڵکی فەلەستینەوە و ئامانجیشیان ئەوەیە کێشەی داگیرکاری و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو کێشەی ئاینی و مەزهەبی نیشان بدەن و ناوەرۆکی ئەو داگیرکاریی و پاکتاوکردنە نەتەوەییە بشارنەوە کە نزیک بە ٨ دەهەیە بەبەرچاوی دنیاوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە پیادە دەکرێت.

پشتیوانی رەوت و گروپە ئیسلامیەکان لە حەماس، بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و وەستانەوە بەرووی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیلدا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ خۆ هەڵواسین بە کێشەی فەلەستینەوە و نیشاندانی حەماسە وەکو ئاڵاهەڵگری ئیسلام بۆ پرسی خەڵکی فەلەستین.

لە پاڵ درندەییی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بەدژی خەڵکی فەلەستین، دەوڵەتی تورکیا لە درندەیی بەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی تورکیا و ناوچەکەو بەتایبەتی تریش لەدژی خەڵکی کوردستان، بەردەوامە. بێ ئەوەی هیچ رەوتێکی ئیسلامی ئیدانەی ئەم درندەیی و پاکتاوکردنە نەتەوەییە بکات و ملهوری و دەستیوردەانی تورکیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئیدانە بکات. یان هەر ئەو ئیسلامیانە بی ئەوەی ئیدانەیەکی رۆشن و بێ ئەمما و ئەگەری رەوتیکی وەکو داعش بکەن، کە جینۆسایدیکی ئاشکرای ئەم سەردەمەی لە شەنگال و دەوروبەریدا ئەنجامدا و هەموو کردەوەیەکی قێزەون و نائینسانی پەیڕەو کرد. هیچ کام لەو رەوتە ئیسلامیانە هیچ رەخنە و کاردانەوەیەکیان لە بەرامبەر بە رەفتار و مامەلەێ دەسەڵاتدارێتی حەماس لەدژی خەڵکی غەزە و ئەو هەموو دزی و گەندەڵی و تاڵانی و بێمافیەی لە ژێر دەسەڵاتیاندا بەسەر خەلکی فەلەستیندا دایان سەپاندووە، نەک جێگای باس نییە، بەڵکو بەرگری لێدەکەن. رەوت گەلێکی لەم چەشنە چەندە بخوازن و بیانەوێت خۆیان بە کێشەی خەڵکی فەلەستینەوە هەڵبواسن ناکامن و تەنها دەتوانن ببنە بەرگریکار لە حەماسی ئیسلامی، بەواتایەکی تر ئیسلامیەکان هاسوز و پشتیوانی حەماسی ئیسلامین، نەک خەڵکی فەلەستین و رەوایی کێشەکەیان.

ئەوەی کەوای کردووە حەماس و سەرجەم رەوت گەلی تری ئیسلامی پێ بگرن و ئامادەیی لە ململانێ و کێشەسیاسیەکاندا پەیدا بکەن، کێشەی چارەسەر نەبووی فەلەستین و درندەیی و داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و پاشەکشەی رەوتە چەپ و قەومییەکانە، بەڵام ئەم واقعیەتە هیچ رەوایەتیەک بە ئیسلامی سیاسی نادات و ناتوانێت ئاڵوگۆر بەسەر پەیام و ئامانجی ئیسلامی سیاسیدا بهێنێت، کەخوازیاری داسەپاندنی دەسەڵات و بەشی خۆیانن لە ئاستی ناوچەکەدا، نەک چارەسەری رەواو کارسازی کێشەی فەلەستین.

رەوتە و لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان، کە بەتەواوەتی شکستیان خواردووەو ناکام ماونەتەوە لەبەرامبەر مەدەنیەتی خەڵکی کوردستاندا. ئەمجارە دەیانەوێت بە خۆ هەڵواسین و فرمێسک هەڵوەراندن بۆ مستەسعەفینی فەلەستین جیگایەک بۆخۆیان پەیدا بکەن، بەڵام واقعیەت ئەوەیە، کە ناتوانن بە خۆهەڵواسین و فرمێسک هەڵوەراندن بۆ خەڵکی فەلەستین نە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا قەرەبووی شکست و ناکامی خۆیان بکەنەوە و نە لەئاستی ناوچەکەشدا جیگایەک پەیدا بکەن. خەڵکی کوردستان و ناوچەکە زۆر لەوە هوشیارترن، کە بکرێت ئەو رەوتە کۆنەپەرستانە فریوکاریەکانیان بەسەریاندا زاڵ بکەن.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.