جەنگی سیاسی بە پەنابەران … نووسینی: بنار مستەفا

0

حکومەتی فینلاند بڕیاری داخستنی سنووری وڵاتەکەی بۆ ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ ڕووسیا ڕاگەیاند. سەرچاوەی ئەم بڕیارەش لەوەوە دێت، کە لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا، دەیان پەنابەر لە وڵاتانی عێراق، سووریا، یەمەن، سۆماڵ و هتد. بێ بەڵگەنامەی فەرمی گەشتکردن لە ڕێگەی ڕووسیاوە گەشتنە سەر سنووری فینلاند و داوای مافی پەنابەرێتیان کرد. حکومەتی فینلاند گومانی لەوە نییە، کە ڕووسیا ئامانجدارانە ئەم پەنابەرانە بۆ فینلاند دەنێرێت و تەنانەت کارئاسانیان بۆ دەکات، تا بگەنە سنوورەکانی فینلاند و داوای مافی پەنابەرێتی بکەن. ئەمەش بۆ بێزارکردنی فینلاند و کاریگەردانانە لەسەری بەهۆی ئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و هاوکاریکردنی ئوکرانیا.

جەنگی سیاسی ئەم دوو وڵاتە و ڕاستی و دروستی لێکدانەوەکان و بڕیارەکانیان بە جێگەی خۆی. ئەوەی کەمترین قسەی لەسەر دەکرێت، خودی ئەو پەنابەرانن، کە ئامانجیان گەیشتنە بە جێگەیەکی ئارام بۆ سەرەتاییترین مافی مرۆڤ، بۆ ژیانێکی ئازاد و شایستە بە مرۆڤ. کاتێکیش قسەیان لەسەر دەکرێت، زیاتر بە گومان و وەک بەشێکی ململانێ سیاسییەکان تەماشا دەکرێن.

سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و ئەوروپا، دەیان ساڵە کارەساتی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام داوە. بەرپاکردنی جەنگ و ڕاوەستانی هەر دەوڵەتێکیان لە پشتی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان و هاوپەیمانێتیان لەگەڵیان، ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە ئەندازەیەک سەخت و دژوار کردووە، کە زۆر کەس ناچار بوون ماڵ و جێگەی ژیانی خۆیان جێ بهێڵن و وەک پەنابەر ڕوو لە ئەوروپا بکەن. سیاسەتی دژە مرۆیی و توندکردنی زیاتری دانی مافی پەنابەری، پەنابەرانی جارێکی تر کردۆتەوە قوربانی. لە دەیەی ڕابردووشدا، مەسەلەی پەنابەری بۆتە چەکێکی سیاسی وڵاتان، کە لە بەرانبەر یەک بەکاری دەهێنن. گوشاری پێ دروست دەکەن و ئیمتیازی پێ وەردەگرن. ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا چەندین جار هەڕەشەی لە ئەوروپا کردووە، کە دەرگا لەسەر پەنابەران ئاوەڵا دەکات تا بگەنە ئەوروپا. چەندین مەرجی تورکیا لە لایەن ئەوروپاوە قەبوڵ کراوە، تا ڕێگە بە هاتنی پەنابەران بگرێت.

ئەم جارەیان پەنابەران و مەسەلەی پەنابەری بووە گەمەی سیاسی نێوان ڕووسیا و فینلاند. وڵاتانی ئەوروپا بە کردەوە سەلماندیان، کە زۆر ئاسان دەتوانن پێچەوانەی واژۆکانیان بڕیار بدەن و هەڵسوڕێن. ئامادەن پەنابەران بۆ چەندین جار بکەنە قوربانی و بۆ ململانێی سیاسی بەکاریان بهێنن. ئامادەن مافەکانی پەنابەری فەرامۆش بکەن.

ولاتانی ئەوروپا هەمیشە لە پەیوەند بە مەسەلەی پەنابەری هێندە توند نەبووە. لە دەسپێکی جەنگی ئوکرانیا، سەرجەم وڵاتان بە دروست دەرگایان بۆ پەنابەرانی ئوکرانیا کردەوە. بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نەک هەر یاساکانی مافی پەنابەری لە بەرانبەریان توندتر دەکەنەوە، بەڵکو تا ئەو ئاستەش دەڕۆن، ڕێگە بگرن لە داواکردنی مافی پەنابەرێتی، نەک دانی ئەو مافە.

داواکردنی مافی پەنابەرێتی، یەکێکە لە خاڵە بەرجەستەکانی مافی مرۆڤ. زەوتکردنی ئەم مافە بە هەر هۆیەکەوە بێت، بە مانای پشترکردنە لە مافەکانی مرۆڤ. ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەوروپا لە بەرانبەر پەنابەران، پێویستی بە فشاری فراوان هەیە و دەبێت دەرفەتەکانی داواکردنی مافی پەنابەری هەمیشە فەراهەم بن. هەروەها نابێت چیتر پەنابەران بکرێنە ئامرازی ململانێی سیاسی ئەحزاب و وڵاتان…

Leave A Reply

Your email address will not be published.