(کۆمۆنیزمی مارکس) ئایدۆلۆژیا یا زانست!؟… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
(ئایدیۆلۆژیا بریتیە لە فەلسەفەی بزووتنەوە چینایەتییەکان ئەمە تێگەیتشتنی منە بۆ ئایدۆلۆژیا، واتە هیچ بزووتنەوەیەک نییە چینایەتی نەبێ و هەڵگری فەلسەفەیەک نەبێ. هەر بزووتنەوەیەکی نیشتمانی و ناسیۆنالیستی و ئایینی و لیبراڵی و ڕاسیسیتی و نەژادپەرستی بزووتنەوەی چینی بۆرژوازیە و کۆمۆنیزمیش بزووتنەوەی چینی کرێکارە و هەردوو بزووتنەوەش هەڵگری ئایدیۆلۆژیان. ئایدۆلۆژیای بورژوازی دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێت خۆی تەنها ڕەهایەو داوای پاراستنی بارودۆخی پڕ چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دەکات دەستکاری ژێر خانی ئابوری کۆمەڵگەی چینایەتی نەکات. بە پێچەوانەوە ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم ڕێگایە بۆ گوڕینی ژێرخانی ئابوری ئێستا و گۆڕینی کۆمەڵگەی چینایەتی بۆ کۆمەڵگەی بێ چین و چەوسانەوە. ئایا کۆمەڵگەی ئێستا تەنها بە ئایدۆلۆژیا دەپارێزرێ یا دەگۆڕدرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەلای زۆر کەس ناڕۆشنە لە کاتێکا هیچکام لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی بۆرژوازی و کرێکار نەیانتوانیوە تەنها بە ئایدۆلۆژیا کۆمەڵگە بپارێزن یا بیگۆڕن. هەردوو بزووتنەوەکە هانایان بۆ سیاسەت و ئابوریش بردووە لەم بارەوە. ئەوەی پەیوەندە بە کۆمۆنیزمی مارکس ئەوەیە کە ئەم کۆمۆنیزمە تەنها ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو زانستی ڕزگاری کۆمەڵگەیە لە جەورو ستەم و هەموو مەینەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. بەشێکی کۆمۆنیزم ئایدیۆلۆژیایە. دوو بەشەکەی تری ئابوری و سیاسەتە بۆیە هەڵەیە ئەگەر بووترێ کۆمۆنیزم تەنها ئایدیۆلۆژیایە. کۆمۆنیزمی مارکس یا سۆشیالیزمی زانستی بەرهەمی ڕەخنەکانی مارکس و ئەنگلس بوو لە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاکانی پێش خۆیان لە ئەڵمانیا وەک هیگڵ و فیۆرباخ وە ڕەخنە بوو لە ئابوری ناسانی ئینگلتەرە وەک ئادەم سمیث و ڕیکاردۆ وە ڕەخنە بوو لە سۆشیالیزمی یۆتۆپی و ئانارشیستی فەرەنسا وەک برۆدۆن ورۆبرت ئوین و باکۆنین و فۆریە. لە ئەنجامی ئەم ڕەخنانەوە سۆشیالیزمی زانستی مارکس و ئەنگلس لەدایک بوو. واتە زانستێکی نوێ بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە لەدایک بوو، نەک ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ. ئەم زانستە نوێیە پشت بەستووە بە ناسینی هەلومەرجی کۆمەڵگەی چینایەتی لەهەر شوێن و سەردەمێکدا. واتە ئەم زانستە پشت بەستوو نییە بەدەقەکان، بەڵکو پشت بەستووە بەڕێگایەک کە بنەماکەی مارکس و ئەنگلس بەدەستیان هێناوە. ئەم زانستە پشت بەستووە بە پراکتیکی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان لەسەر بنەمای ناسینی هەلومەرجە جیاوازەکان و کاتە مێژوویە جیاوازەکان. پشت بەستوو بە خورافات و چیرۆکە داتاشراوەکان نییە وە پشت بەستوو بەخەیالات نییە وەک لە ئایینەکاندا هەیە. سۆشیالیزمی زانستی وەک ئەڵقەیەکی حەلەزۆنییە لە بازنەیەکی بچووکەوە دەبێتە بازنەیەکی گەورەتر وەک هەر زانستێکی تر قابیلی دەستکاری وفراوان بوونەوە و پێویستی بەداهێنانی زیاترە. هەروەک چۆن تیۆری ڕێژەیی ئەنیشتاین و تیۆری گۆڕانی جۆرەکانی داروین قابیلی دەستکاری و گۆڕانکاری وفراوان بوونەوەیە، بەڵام ئەمە دەبێ و پێویستە لەسەر بناغەی ئەم تیۆریانە ئەنجام بدرێ. هەرواش بۆ تیۆری مارکس وسۆشیالیزمی زانستی دروستە وڕەوایە. ئەمڕۆ نوخبەیەک لە ڕۆشنبیرانی وردە بۆرژوازی ڕیاکارانە دەیانەوێ کۆمۆنیزم وەک ئایدیۆلۆژیا نیشان بدەن تا کۆمەڵگەی سەرمایەداری و موفتەخۆرانی بۆرژوازی لە مەترسی شۆڕشی کرێکاری بپارێن، هەمیشە دژایەتی خۆیان بۆ کۆمۆنیزم دووپات دەکەنەوە. سەرچاوەی ئەم جۆرە پروپاگەندەیەش هەر خودی بۆرژوازیە. بۆرژوازی دەیەوێ لە ڕێگای ئەم نوخبە و توێژە کۆمەڵایەتیەوە بە چینی کرێکارو توێژە چەوساوەکانی تر کۆمەڵگە بڵێت سیستەمە بۆگەنەکەیان ئەزەلی و ئەبەدیە و نەکەن و بڤەیە دەست بۆ شۆڕش و گۆڕانکاری ڕیشەیی ببەن و ئازادی ویەکسانی مەحاڵەو هەرگیز نایەتە دی. هەر بۆیە دەڵێن کۆمۆنیزم ئایدیۆلۆژیایە لە کاتێکدا کۆمۆنیزمی مارکس بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ هاتنی سەرمایەداریدا هاتووە و بوونی هەبووە تەنانەت لەسەردەمی فیوداڵی و کۆیلایەتەتیشدا جۆرێ لە کۆمۆنیزم هەبووە ڕێگای ڕزگاری لەستەم چەوسانەوە و بەدیهاتنی عەدالەت و یەکسانی وە تەنانەت ئەتوانم بڵێم کۆمۆنیزم هەر لەسەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە هەبووەو سیستەمی بەڕێوەبردنی ژیان بووە. کاری هەرەوەزی بۆ پێکەوە ژیانی هاوبەش و یەکسان ئەنجام دراوە و کۆبوونەوەی سامان لای چەند کەسانێک نەبووە، خەڵکی تریش هەژارو برسی بووبێ. و جیاوازی چینایەتی نەبووە هەمووان ئازادو یەکسان بوون سیستەمی ئابوری سیستەمێکی ئابوری کۆمۆناری بووە. دەوڵەت وستەمکاری بوونی نەبووە. هەر بۆیە درۆیەکی گەورەیە گەر بووترێ کۆمۆنیزم ئایدیۆلۆژیایە بخرێتە ئاستی دین و خورافاتەکانی ترەوە. کۆمۆنیزم زانستە و سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی وسیاسییە و دەیەوێ گۆڕانی ڕیشەیی لە ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا بکات و یەکسانی دابین بکات بۆ سەرجەم مرۆڤەکان. ئەم نوخبە وردە بۆرژوازیە بە چەندین ڕەنگ خۆی پیشان ئەدات وەک ناسیۆنالیست وڕاسیسیت و ڕەگەز پەرست و وەک لیبرال و وەک ڕەهەندی و جۆری تر. هەموو ئەمانە دەڵێن سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم ئیمکانی جێبەجێ بوونی نییە بۆ ئەوەی سەرمایەداری بپارێزن و بیهێڵنەوە. ئەمانە ئێستا لە چینی بۆرژاوزی فەرمانڕەوا زیاتر کۆسپ دەخەنە بەردەم بەدی هاتنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد یەکسان. ئەمانە خۆیان سەر بە ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەیەکن کە کۆمەڵگەی چینایەتی لە فەوتان دەپارێزن کەچی بە کۆمۆنیزم دەڵێن تەنها ئایدۆلۆژیایە و زانستی ڕزگاری مرۆڤ نییە….