فیلمی ٨٨ فیلمی بچووکردنەوەی هەڵەبجە… نووسینی:نەجم محەمەد بەشی یەکەم

0

عەقڵ ناتوانێ هیچ دیاردەیەک بەبێ ڕەخنە تێپەڕێنێ (کانت)

دوای بینینی فیلمی ٨٨ وەک هاوڵاتیەکی خەڵکی هەڵەبجەو وەک هونەرمەندێک کەخۆم شایەت حاڵی ئەوجینۆسایدە گەورەیەم و لەکاتی ڕوودانیدا لەناو ئەودۆزەخەدا بووم وژیاوم و لەلێواری مەرگ و لەهەناوی مەرگا گەڕاومەتەوە سات بەساتی مێژووی ئەوجینۆسایدەم لەیادو لەبەرە، پێش ڕوودانی و لەکاتی ڕوودانی و دوای ڕوودانی لەهەموو ساتەکاندا لە هەڵەبجەدا بووم و لەنزیکەوە لەناو ڕوداوەکاندابووم ولێی ئاگادارم .

هەربۆیە لەسەر سیناریۆو ناوەڕۆکی فیلمەکە کە بەناوی ٨٨ وەیە واتە جینۆسایدی هەڵەبجە کۆمەڵێ سەرنج و ڕەخنەم لادروست بوو بۆیە بەگرنگ وپێویستی دەزانم کە لێرەدا بەیانی بکەم .

سەرەتا من قسەم لەسەر وینەگرتن و لۆکەیشن و تەکنیک وکوالێتی فلیمەکە نییە، کەلەئاستێکی باشدایە هەروەها قسەم لەسەر نواندن و تواناو ئەدای ئەکتەرەکان نییە کەباش ڕۆڵیان بینیوە. هەروەها ئەرک وماندووبوونی ستافی فیلمەکە دەنرخێنم من بەچاوی ستایش و گریان وموجامەلەو عاتیفەوە سەیری ئەوفلیمە ناکەم، بەڵکو بەچاوی عەقڵ و لۆژیک و ڕەخنەوسەرنجی دروستکەرەوە دەڕوانمە ئەم فلیمە .

قسەکانی من زیاتر لەسەر سیناریۆو ناوەرۆک و میژووی جینۆسایدی هەڵەبجەیە. دروستتر لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە کەفلیمەکە هەڵگری ئەونازناوەیە ئەومێژوە دەگێڕێتەوە.

یەکێک لەسەرەکیترین ڕەخنەکانم ئەوەیە کە گەورەترین هەڵە ئەوەیە فیلمەکە ناوی ٨٨ ی لێنراوە، چونکە قورسەو گرانە و سەختە کارکردن لەسەر جینۆساید جا چ هەڵەبجە بێت یان ئەنفال، ناتوانی بەفیلم گەورەیی ئەوجینۆسایدە وهەموو ڕووداوە مێژوویەکانی وەک خۆی و بە قەبارەی خۆی پیشان بدەی، تۆ بەفیلم ئەوجینۆسایدە بچووک دەکەیتەوە. جینۆسایدی هەڵەبجە خۆی لەخۆی دا گەورەیە لەڕیگەی وێنە و ڤیدیۆ دیکۆمینتاریەکانیەوە گەورەیی خۆی نمایش کردوە. بۆ نموونە وێنەکەی عومەری خاوەر وکۆرپەکەی گەورەیی وسەختی وتاڵی ئەوجینۆسایدەمان بۆنمایش دەکات. وێنەکە خۆی لەواقیعدا هەیە ئیتر چ پێویست دەکات بەفیلم کۆپیەکی نواندنی بکەینەوە. هەڵەبجە خۆی گەورەیە ئەوە ئێمەین بە فیلم شیعرو چیرۆک وسروود و وێنەی شێوەکاری وهتد بچووکی دەکەینەوە.

  من پێم وایە  کیمیابارانی هەڵەبجە خۆی لەخۆیا گەورەیە پێویست بەوە ناکات، بکریتە فیلم وبچووک بکرێتەوە .

دوای ئەوە ئیسرائییلیەکان یەهودییەکان بەوهەموو تواناو ئیمکاناتەوە تائێستا هۆلۆکۆستیان نەکردوەتە فیلم یان  یابانیەکان بەوهەموو تواناو تەکنەلۆجیایەوە هێرۆشیماو ناکازاکیان نەکردۆتە فیلم، هەروەها ئەرمەنیەکانیش قەتڵ وعامی ئەرمەنیەکانیان نەکردۆتە فیلم بۆ؟! خۆدەتوانن بیکەن، بەڵام نایکەن دەزانن بچووکی دەکەنەوە ئەوان کاری گەورەتریان کردوە جینۆسایدەکەیان بەجیهانی کردوە وناساندوە، ئەمە کارە گەورەو ڕاستەکەیە، نەک فیلم ئێمە تائێستاش دوای ٣٥ ساڵ هێشتا نەتوانراوە، ڕۆژی٣/١٦ تەنانەت بکرێتە پشووی فەرمی چ جای بەجیهانی بناسرێت.

دەکرا ئەو فیلمە ناوی ٨٨ ی لێ نەنرایە، بەڵکو دەبوو ناوێکی تری لێبنرایە بۆنموونە (ئەوینێ لە کیمیاباراندا) کە بەڕاستی فۆکس وناوەڕۆکی ئەم فیلمی ٨٨ سەرەتاکەی بە ئەوینی کچە خوێندکارێک و کورە پێشمەرگەیەک دەست پێدەکات و هەر بەنامەیەکی ئەوینی ئەوکیژو کوڕە فیلمەکەش کۆتایی دێت. هەر بۆیە واباشتربوو چیرۆکی ئەو ئەوینە ببوایەتە ناونیشانی فیلمەکە، نەک ٨٨ یان هەر ناونیشانێکی ترو چیرۆکێکی تری تایبەت کەلەو فیلمەدا هەیە یان جینۆسایدی هەڵەبجە لەهەناوی خۆیدا سەدان چیرۆکی تاڵ وئینسانی لەخۆگرتوە دەتوانرێ سوودی لێوەرگرێ بۆ سەدان فیلم بەناوی جیا جیاوە، نەک ناوی ٨٨ و٣/١٦  .

ڕۆمان نوسی گەورەی ئەمەریکای لاتین  (مارکیز)  دەیزانی کە ناتوانێ و دەرەقەتی ئەوە نایە کە پەتای نەخۆشی کۆلێرا بکاتە ڕۆمان، دێت ڕۆمانی (خۆشەویستی لەزەمەنی کۆلێرادا) دەنوسێ، کەیەکیکە لە ڕۆمانە ناوازەکانی جیهان. من پێم وایە ئەگەر رۆمانەکەی لەسەر خودی پەتای کۆلێرا بەڕووتی بنوسیایە ئەوا ئەو دەنگدانەوەی نەدەبوو.

بۆیە لەم فیلمی ٨٨ دا نوسەرو دەرهێنەری ئەم فیلمە نەیتوانیوە دەرەقەتی ئەوجینۆسایدە گەورەیە بێت، تەنها کۆپی وێنەو دوکەڵ و تاقە قیناعێک و تەق وتۆقی تیا نمایشکردوە، ئەمەش بەمانای قوڵ وجەوهەری وتراژیدیای جینۆسایدەکە نایەت، تەنانەت کیمیابارانکردنی شارەکە لەم فیلمەدا غامزو نادیارە، ئاماژەیەکی ڕوون نییە لەو ڕوەوە تۆکە فیلمێک لەسەر مێژووی ٨٨ دەکەیت دەبێت ئەومێژوە وەک خۆی بگێڕیتەوە و دەسکاری نەکەیت. هەر بۆیە من بڕوای تەواوم ئەوەیە گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە فیلم لەسەر مێژووی ڕوودانی جینۆسایدێک بکەی بەو هەموو گەورەیی وڕەهەندە  قوڵ وتراژیدیەیەوە.

ڕەخنەیەکی ترم لەسەر ئەم فیلمە ئەوەیە کە گێڕانەوەی مێژووی ڕووداوەکان هەڵەی تێدایە بۆنموونە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا یەک پێشمەرگە یەک پاسدار بە کیمیای گیانی لەدەست نەداو بەرکیمیایی نەکەوتوە، بەڵام لەم فیلمەدا پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە کە پێشمەرگەیەکی عاشقە بەرکیمیایی دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات کەشتی وا ڕووی نەداوە لەهەڵەبجەدا.

نموونەیەکی تر لەکاتی ئازادکردنی هەڵەبجەدا یەک سیخورو ئەمن وئستیخبارات چ لەلایەن پێشمەرگەوە چ لەلایەن پاسدارەوە نەگیران وگوللەباران نەکران، کەچی لەم فیلمەدا پاسدارەکان چەند سیخورو ئەمن و ئیستیخباراتێک گوللەباران دەکەن، کەشتی وا لەهەڵەبجەدا ڕووی نەداوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەرچی ئەمن وئیستیخبارات وسیخورە بەکاروانێکی ئۆتۆمۆبێل پێش تەقاندنەوەی پردی زەڵم موعەزەزو موکەڕەم لەلایەن پێشمەرگەوە بەڕێ کران بەرە و سنوری دەسەڵاتی حکومەتی بەعس، دەبوو بەپێچەوانەوە ئەمەیان نمایش بکرایە.

یەکێک لەو تاوان و دیاردە زەقەی ناوکیمیابارانی هەڵەبجە دزی وتاڵانی و ڕێگرتنە لە خەڵکی هەڵەبجە بۆدەرچوون لەشار لەلایەن پێشمەرگەوە کەلەم فیلمەدا نمایش نەکراوە.

چۆن نمایشی پاسدار کرا لەگرتنی شاری هەڵەبجەدا، دەبوو ئاواش ئەم دیاردە و تاوانە دزێوانەی پێشمەرگەش نمایش بکرایە. ئەمە مێژووە و دیکۆمێنتە، سازش و خاتروختوری تیا نییە. جا ئیتر پاسدار بێ یان پێشمەرگە، هەربۆیە کارکردن لەمێژووی جینۆسایددا توشی ئەوهەڵەو رەخنانەت دەکات،  ئەمە چیرۆکێکی عاتفی نییە دەسکاری و ئیزافەی بۆ بکەی لەپێناو فەنتازیاو ئیستاتیکی هونەری فیلمەکەدا، ئەمە مێژووە دیکۆمێنتیە دەسکاری وئیزافە هەڵناگرێ.

ڕەخنەیەکی ترم لەم فیلمە لەسەر نمایشی وێنەیەکی فۆتۆگرافیە. لەکۆتایی فیلمەکەدا کەوێنەی مناڵێکی کچە کەمناڵێکی بچووکی بەکۆڵەوەیەو لەپشتیەوە دوکەڵ وئاگری تەقینەوەی بۆمێک دەردەکەوێ من پێشتر لەسەر ئەو وێنەیە بابەتێکم نوسیوە، ڕاستیەکەی ئەم وێنەیە وێنەیەکی کۆلاجکراوی دەسکاری کراوە واتە وێنەکە دوو وێنەی جیاوازی دوو سەردەمی جیاوازە و تێکەڵکراوە. وینەی یەکەم کەباکگراوندی وێنەکەیە وێنەی دوکەڵ وئاگری تەقینەوەی بۆمبێکە لەشاری هەڵەبجە لەساڵی ١٩٨٨ ، وێنەی دوومنداڵەکەش وێنەی کۆڕەوەکەی ١٩٩١ ناوبازاڕی شاری سەیدسادقە ئەمەش هەڵەیەکی ترە لەوفیلمەدا نمایش کراوە. ئەو وێنەیە لەخزمەت جینۆسایدی هەڵەبجەدا نییە. وینەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە هەمووی رەهەندی قوڵ وتراژیدی وگەورەیی جینۆسایدەکەیان لەخۆ گرتوە ئیتر پێویست بەدروستکردنی وینەی هونەری کۆلاجکراوی دروستکراو ناکات.

 

ماویەتی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.