پرسی ڕۆژ/ پرسی مووچەی فەرمانبەران وبایکۆتی مامۆستایان. بەڕێز مامۆستا تاریق تاهیر هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لەکوردستان، ونووسەر ورۆژنامەنووس وچالاکی مەدەنی؛  وەڵامی پرسی رۆژی داوەتەوە…

0

پرسی مووچەی فەرمانبەران بەپاشەکەوتکردن، و لێبڕینی جیاجیا تادەگاتە دواکەوتن ونەدانی مووچە بۆپتر لەمانگێک، ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، وبۆتە پرسێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی وماڵی وچۆتە ناوهەمووتاکێکی کۆمەڵگەی کوردستان. گەیشتۆتە رادەی پەکخستنی ئابووری وڵات ونانەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی ودەروونی وفەرهەنگی بۆکۆمەڵگە. سەرچاوەکەشی بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کەماوەی پتر لە٣٠ساڵە دووحزبی سەرەکی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە وئەودۆخەیان پێ چارەسەر نەکراوە.

دوایین ناڕەزایەتی کۆمەڵگە لەلایەن مامۆستایانی ناوچەی زۆنی سەوزەوە دەستیپێکردەوە لەبایکۆتکردنی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ە. بەڕای بەڕێزتان وەڵامنەدانەوە وچارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆ نارێکخراوی فەرنامبەران بەگشتی لەداواکردنی مافەکانیان؟ یان بێباکی دەسەڵاتداران لەهەرێم لەبەرامبەر هاوڵاتیان وکۆمەڵگە بەگشتی؟ هەروەها دوای تەجروبەیەکی زۆر لەدەربڕینی ناڕەزایەتی بەشێوەی جۆراوجۆر؛ رێگە چارە چییە؟

بەڕێز مامۆستا تاریق تاهیر هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لەکوردستان، ونووسەر ورۆژنامەنووس وچالاکی مەدەنی؛  وەڵامی پرس یژمارەی ئەمجارەی داینەوە.

م. تاریق تاهیر: بایکۆت و خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لەئێستەو ڕابردوودا هۆکارە بنەڕەتیەکەی فەشەلی کارگێڕی و ناتەندروست ئیدارەدانی ئەم دەسەڵاتەیە. هۆکاری ئەم جۆرەش لەئیدارەدان زاڵبونی مەنتقی هێزە بەسەر مەنتقی دیموکراتی وهەڵبژاردنی دوور لەتەزویرو گزی. ئەوکەسانەی خاوەن بڕیارن؛ کەسانی نەشارەزاو نادڵسۆزو بێ ئەزمونن وئامانجی لەپێشینەیان دەوڵەمەندکردنی حزب و بنەماڵەیە، بۆیە زیاتر وەک بازرگان دەناسرێن نەک فەرمانڕەوا.

درێژبوونەوەی بایکۆت و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بۆ ئەو ماوە زۆرە؟ تێنەگەشتنی بەرپرسانی ئەم حوکمەتەیە لەوقسە زێڕینەی ڤیکتۆر هۆگۆ کەدەڵێت” لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەیەک، دەرگای زیندانێک دادەخرێت”، بۆیە کاتێک لەبری لێهاتوویی و دڵسۆزی، ولەبری زانست وڕۆشنفکری؛ بنەماڵە وحزب دەکرێنە پێوەری هەڵسەنگاندن بۆ پلەو پۆست چاوەڕێی دەرەنجامێکی لەمە باشتر ناکرێ کە ٧٠ ڕۆژە پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن پەکی کەتووە، و نەحوکمەت نە هیچ کەس ولایەنێک بەخەمی خۆی نازانێ، وهەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەر نانێت!

وەڵام نەدانەوەی حوکومەت لەبەرانبەر خواست وداواکاری وبایکۆتی ٧٠ ڕۆژەی مامۆستایان، جگەلە بێباکی وخەمساردی ئەم دەسەڵاتە بەرانبەر پەروەردەو فێرکردن وئایندەی نەوەکانی، هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێ، وپێمان دەڵێت ئەوەی حوکمی ئەم میللەتە دەکات عەقڵیەتێکی خێڵەکی دواکەوتوو، نامۆدێرنی هەیە، وبەکەڵکی ئیدارەدان نایەت. بێدەنگ بوون بەرانبەر ئەم ماوە زۆرەی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن ئەیسەلمێنێ کەئەم دەسەڵاتە خواست و ئارەزوی وایە کەنەوەی داهاتوو نەوەیەکی نەخوێندەوارو بێ پەروەردەبن، بۆئەوەی نەتوانن ببنە لەمپەرو ڕێگر لەبەردەم داهاتوی خۆیان و مناڵەکانیان لەبەتاڵانبردنی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە.پێمان دەڵێ بەئەنقەست و بەشێوەی مەبەستدارو بەپیلان کار بۆ نەخوێندەوارکردنی کۆمەڵگە دەکرێ.

هەرچەند خۆشبەختانە مامۆستایان توانیویانە ببنە سەرمەشقی ناڕەزایەتیەکان وجڵەوی جوڵە وئاڕاستەی شەقام لەدەستبگرن، ولەو پێناوەدا ئەنجومەنێکی چالاک وکارایان هەیە کە سەرپەرشتی خۆپیشاندان و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەکەن. بەڵام بەداخەوە لەناو فەرمانبەران و توێژەکانی تر ئەم جۆرە لەڕێکخستن و کۆدەنگیە نییە نابیندرێت. نەتوانراوە دەنگەناڕازیەکان لەبەرەیەکی یەکگرتودا کۆبکرێنەوە وبەشێوەیەکی ڕێکوپێک و کاریگەر ڕوەو بەدەستهێنانی ئامانجەکان ئاڕاستەبکرێن. بۆیە دەکرێ خەمساردی دەسەڵات و ناڕێکخراوەیی تەواوی بەرەی ناڕازی، هۆکاری سەرەکی بن بۆ وەدی نەهاتنی ئامانجەکان.

بەداخەوە داواکاریەکان هەمان داواکاری بەدی نەهاتووی ساڵانی ڕابردوون کەخۆیان دەبیننەوە لە:

٭دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەلایەن (حوکمەتی عێراق)ەوە.

٭کاراکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە.

٭دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

٭پێدانی موچە سی ڕۆژ جارێک.

٭چارەنوسی موچەکانی ئەمساڵ و موچە پاشەکەوتکراوەکان.

لەم پێناوەشدا هەوڵ و فشارەکان لەڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایی بەڕێگە مەدەنیەکان بەردەوامن، و سەرەڕای بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانی ڕۆژانی یەک شەممە. هەروەها شێوەی دیکەی جۆراوجۆری نارەزایەتی لەداهاتوو دەگرینەبەر. هاوکات بڕیارە لەڕێی کۆمەڵێک دیداری حوکمی وحزبی وپەرلەمانیەوە لەڕێگەی فشار خستنەسەر حوکمەتی هەرێم کار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانمان بکرێت.

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

Leave A Reply

Your email address will not be published.