مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ چۆن دەتوانن داخوازییەکانیان بەدەست بهێنن؟

0

زیاتر لە دوو مانگە شەپۆلێکی تری بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، لە پێناو موچەو دابەشکردنی لەکاتی خۆی و بۆ دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و چارەنووسی موچە پاشەکەوتکراوەکان دەستی پێکردۆتەوە. بایکۆت و نارەزایەتی و کۆبونەوەو خۆپیشاندانی ئەمجارەی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ، لە درێژەی بزوتنەوەی بەردەوامیاندا بۆ مافە زۆر سادە و رەواکانیان، پێشرەوی زۆری کردووە. دەست لەناو دەست نانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، بەردەوامی نارەزایەتییەکان و زیاتر بوونی بەشدابوانی، فراوان بوونەوەی بۆ زۆرێک لە شارو شارۆچکەکان، رەوینەوەی خۆشباوەری بە دەسەڵات و بانگەشەکانیان، پیکهێنانی ئەنجومەنی سەرپەرشتی نارەزایەتییەکان، پێشرەوی کردن لە بایکۆتەوە بۆ کۆبونەوەو خۆپیشاندان، تا رادەیەک راکێشانی پشتیوانی زیاتری کەس و کاری خوێندکاران بۆ خواستەکانیان، زۆر بوونی پشتیوانی کۆمەڵگە بۆ داواکارییەکانیان، سوربوون لەسەر سەرکەوتن. ئەمانە دەستکەوت گەلێکی ئیکجار گرنگن، کە توانایی و بڕوابەخۆبوونی مامۆستایانی زیاتر کردووە. ئەوەی تا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی گوێ لەخواستی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ ناگرێت و خۆی لە وەڵامدانەوەیان دەدزێتەوە، نیشانەی بن بەست و لاوازبوونی دەسەڵات و هاوکات گرنگی نەدانە بە پرسی خوێندن و پەروەردە. جیا لەوانە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد ئەگەر خۆپیشاندان و مانگرتنێک زیان و گورز نەوەشێنێتە سەر داهات و کەڵکەکەی سەرمایەو دەستی دزی و تاڵانیان کورت نەکاتەوە، گرنگی پێنادەن و فەرامۆشی دەکەن. مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان، رێگەی کەڵەکەی سەرمایە، سەرچاوەکانی دزی و تاڵانی دەسەڵات راستەوخۆ ناکاتە نیشانە بۆیە بە سانایی گوێی پێنادەن، ئەگەر ئەم بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان و کار راگرتنە، لە کارگەیەک، یان کیڵگەیەکی نەوتی، یان دەرەوازیەکی سنوری…. نەک بۆچەند مانگ، بەڵکو تەنها یەک هەفتە رووبدات دەسەڵات ناچار دەبێت، خێرا بیتە سەر خەت و وەڵام بداتەوە. دەسەڵات تەنها بە زمانی پارە و داهات و دزی و تاڵانی ئاشنایە و ئەو چاوچنۆکییە، بەرچاوی گرتووە لەوەی تێبگات، کە دواکەوتنی خوێندن و راگرتنی پرۆسەی خوێندن، چ کارەساتیکی بەدواوەیە و چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر خوێندن و پەروەردە. دەسەڵات لە سەرمایەی مەعنەوی و گرنگی ئاییندەی خوێندن پەروەردە حاڵی نییە، ئەمەش ناوەرۆکی دژە ئینسانی دەسەڵات دەخاتە ڕوو. تەنانەت گواستنەوەی خۆپیشاندان بۆ بەردەم دەسەڵاتی بەغدا، موی دەسەڵات ناجوڵێنیت… لە کاتیکدا بردنی خۆپیشاندان بۆ بەغدا، ئاماژەیەکی رۆشنە بۆ نیشاندانی نابەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی هەرێم و خستنەرووی ناوەرۆکی دەسەڵات بە رای جەماوەری لە ئاستی عێراقدا. جیا لەوانە ئەگەر دەسەڵاتی بەغدا مل بدات بە خواستی دانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هیندەی تر دەسەڵاتی سیاسی کورت دەکاتەوەو بی کارەی دەکات… ئاخر دەسەڵاتیك پرسی ئابوری و دەروازە سنورییەکانیان و ئەمنی و موچەو پەیوەندییە فەرمیەکان و  خزمەتگوزارییەکانی لەدەست دەربێت، چی بۆ دەمێنێتەوە جگە لەوەی رۆڵی هیزیکی کرێگرتە بۆ ئیدارەدانی هەرێم بگێرن بێ ئەوەی دەسەڵات و بریاریان بەدەست بێت، واتە تەنها دەبنە جێ بەجێکاری راسپاردەکانی بەغدا.

مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ و بە بەدەستەوەگرتنی هەر رۆژەی داهینان و گرتنەبەری رێگای تر، نیشانەی چوونە سەری ئامادەیی و بریاری بەردەوامی دانیانە بۆ سەرکەوتن و ناچارکردنی دەسەڵاتە بۆ ملدانی بەخواستەکانیان… بەڵام هێشتا پێویستە رابەران و هەلسوڕاوان و ئەنجومەنی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان، رێگای تر و شێوازی تر بگرنە بەر، لە پێش هەموویانەوە ریکخراوبوون و پێکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی مامۆستایان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و راکیشانی پشتیوانی زۆرتری کەس و کاری خوێندکاران، بەدەست هێنانی پشتیوانی کۆمەڵگە… گواستنەوەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان بۆ ئەو جێگایانەی شادەماری ئابوری و داهاتی دەسەڵاتە، بۆ نموونە چۆن خۆپیشاندان دەبنە بەغدا، با بەخۆپیشاندان ریگای تانکەرە نەوتەکان بگیرێت، خاڵە سنور و گومرگیەکان، ببەستن… تاد، ئەوە دەتوانێت دەسەڵات بێدار بکاتەوە و ناچاری بکات، بیتە سەر خەت و وەڵام بداتەوە.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.