نارەزایەتی و خۆپیشاندانی مامۆستایان، رەنگدانەوەی شکستی دەسەڵاتە!!… نووسینی: تاریق تاهیر
بایکۆت و خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لەئێستەو ڕابردوودا هۆکارە بنەڕەتیەکەی فەشەلی کارگێڕی و ناتەندروست ئیدارەدانی ئەم دەسەڵاتەیەو، هۆکاری ئەم جۆرەش لەئیدارەدان زاڵبونی مەنتقی هێزە بەسەر مەنتقی دیموکراتی و هەڵبژاردنی دوور لەتەزویرو گزی، ئەوکەسانەی خاوەن بڕیارن کەسانی نەشارەزاو نادڵسۆزو بێ ئەزمونن و ئامانجی لەپێشینەیان دەوڵەمەندکردنی حزب و بنەماڵەیە، بۆیە زیاتر وەک بازرگان دەناسرێن نەک فەرمانڕەوا.
درێژبوونەوەی بایکۆت و ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بۆ ئەو ماوە زۆرە تێنەگەشتنی بەرپرسانی ئەم حوکمەتەیە لەوقسە زێڕینەی ڤیکتۆر هۆگۆ کەدەڵێت (لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەیەک دەرگای زیندانێک دادەخرێت)، بۆیە کاتێک لەبری لێهاتویی و دڵسۆزی و لەبری زانست و ڕۆشنفکری بنەماڵەو حزب دەکرێنە پێوەری هەڵسەنگاندن بۆ پلەو پۆست چاوەڕێی دەرەنجامێکی لەمە باشتر ناکرێ کە 70ڕۆژە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن پەکی کەتوەو نەحوکمەت نە هیچ کەس و لایەنێک بەخەمی خۆی نازانێ و هەنگاوێک بەئاڕاستەی چارەسەر نانێت،
وەڵام نەدانەوەی حوکمەت لەبەرانبەر خواست و داواکاری و بایکۆتی 70 ڕۆژەی مامۆستایان جگە لە بێ باکی و خەمساردی ئەم دەسەڵاتە بەرانبەر پەروەردەو فێرکردن و ئایندەی نەوەکانی هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێ و پێمان دەڵێ ئەوەی حوکمی ئەم میللەتە دەکات عەقڵیەتێکی خێڵەکی دواکەوتو نامۆدێرنی هەیەو بەکەڵکی ئیدارەدان نایەت، بێدەنگ بوون بەرانبەر ئەم ماوە زۆرەی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن ئەیسەلمێنێ کەئەم دەسەڵاتە خواست و ئارەزوی وایە کەنەوەی داهاتوو نەوەیەکی نەخوێندەوارو بێ پەروەردەبن بۆئەوەی نەتوانن ببنە لەمپەرو ڕێگر لەبەردەم داهاتویی خۆیان و مناڵەکانیان لەتاڵانبردنی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە،
پێمان دەڵێ بەئەنقەست و بەشێوەی مەبەستدارو بەپیلان کار بۆ نەخوێندەوار کردنی کۆمەڵگە دەکرێ،
هەرچەند خۆشبەختانە مامۆستایان توانیویانە ببنە سەرمەشقی ناڕەزایەتیەکان و جڵەوی جوڵەو ئاڕاستەی شەقام لەدەست بگرن و لەو پێناوەدا ئەنجومەنێکی چالاک و کارایان هەیە کە سەرپەرشتی خۆپیشاندان و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەکەن، بەڵام بەداخەوە لەناو فەرمانبەران و توێژەکانی تر ئەم جۆرە لەڕێکخستن و کۆدەنگی نییە و نەتوانراوە دەنگە ناڕازییەکان لەبەرەیەکی یەکگرتودا کۆبکرێنەوە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و کاریگەر ڕوەو بەدەستهێنانی ئامانجەکان ئاڕاستەبکرێن،
بۆیە دەکرێ خەمساردی دەسەڵات و ناڕێکخراوەیی تەواوی بەرەی ناڕازی هۆکاری سەرەکی بن بۆ وەدی نەهاتی ئامانجەکان.
بەداخەوە داواکاریەکان هەمان داواکاری بەدی نەهاتوی ساڵانی ڕابردون کەخۆیان دەبیننەوە لە:
٭دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەلایەن (حوکمەتی عێراق)ەوە…
٭کاراکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە..
٭دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ..
٭پێدانی موچە سی ڕۆژ جارێک..
٭چارەنوسی موچەکانی ئەمساڵ و موچە پاشەکەوتکراوەکان.
لەم پێناوەشدا هەوڵ و فشارەکان لەڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایی بەڕێگە مەدەنیەکان بەردەوامن و سەرەڕای بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانی ڕۆژانی یەک شەممە بڕیارە سبەی خۆپیشاندان ببرێتە بەغدای پایتەخت و سەرۆکی حوکمەت و ئەنجومەنی وەزیران بخرێنە بەر بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان، هاوکات بڕیارە لەڕێی کۆمەڵێک دیداری حوکمی و حزبی و پەڕلەمانیەوە لەڕێگەی فشار خستنە سەر حوکمەتی هەرێم کار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانمان بکرێت.