رۆڵی چینی کرێکار لە بزوتنەوەی دژی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیلیدا!…عەبدوڵا مەحمود

0

داگیرکاری و هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی قەومی و دینی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی فەلەستین و غەززە، بزوتنەوەیەکی فراوانی لە ئاستی دنیادا هیناوەتە سەر شەقام و ناوەندی زۆریك لە وڵاتەکانی دنیا، لە ئەمریکا و ئەوروپاوە بۆ وڵاتانی عەرەبی و تا ناو خودی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ئەم بزوتنەوەیە کە میژوویەکی دوورو درێژی هەیەو لەچەندین برگەدا مۆری خۆیداوە لە روداوەکان و پرسە جیهانی و ناوچەییەکان و گوشار و لەوەش زیاتر رۆڵی بووە لە یەکلاکردنەوەیاندا. بزوتنەوەی بەرگری لە کێشەی فەلەستین بەدریژایی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل، بزوتنەوەی وەستانەوە بەرووی ئاپارتایدی رەگەزی لە خواروی ئەفریقا، بزوتنەوەی وەستانەوەو شکست پێدانی ئەمریکا، لە فێتنام، بزوتنەوەی دژە داگیرکاری عیراق لەلایەن ئەمریکاوە، بزوتنەوەی بەرگری لە خۆراگری خەلکی کۆبانی لە دژی داعش و هێزەکانی پشتیوانیان… گۆشە بەگۆشەی شکۆداری بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانە، کە نەک فریوی بانگەشە و میدیای راست و دەوڵەتی و نێودەوڵەتی نەخواردووە، بەڵكو لە بەرامبەریدا نمایشی هێزی خۆی و لەوەش زیاتر ئاسۆی جیاوازی خۆی خستۆتە ڕوو.

لەهەموو ئەو بزوتنەوە رادیکاڵ و پێشکەتنخواز و ئینسانیەیدا، رۆڵی چینی کرێکار میحوەر و بەشی هەرە کاریگەری بووە. لە بزوتنەوەی دژی داگیرکاری ئیسرائیلدا جارێکی تر ریکخراوەو یەکێتییە کرێکارییەکان رۆژ بەرۆژ بەشداری و کاریگەریان زیاتر دەبێت و پشتیوانیان لە کێشەی چارەسەری فەلەستین بەرەو هەڵکشان، دەچێت. بزوتنەوەی نارەزایەتی لە جەرگەی شار و پایتەختی وڵاتەکاندا، چەند مایەی ئومێد و نیشانەی بێداری ئینسانیەتی وێڵ بەدوای ئاشتی و ئارامی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیەوەیە، هێندەش زیاتر مۆردانی لە واقعیەتی کۆمەلایەتی کۆمەڵگە لە ئاستی دنیادا و سەرکەوتنی لە گرەوی هاتنە مەیدانی چینی کریکار لە شوێنی کار و راگرتنی چەرخەکانی بەرهەم هێناندایە.

هاتنە مەیدان و پەیوەست بوونی ریکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان و مانگرتنی کریکاران لە بەشێک لە کارگەکانی چەکسازی و ئامادەنەبوونی بۆ بارکردن و ناردنی چەک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، هەر رەتکردنەوەی داگیرکاری و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکو لەهەمان کاتدا رەتکردنەوەی سیاسەتی وڵاتەکانیانە لە پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل و داگیرکاری و لەوانەش میحوەری تر، بەیان کردنی هاوپشتی و هاوکاری چینایەتی کرێکارانە لە بەرامبەر بە هاوکاری و دەست لەناو دەست نانی دەوڵەت و وڵاتەکان بۆ بەرگری لەداگیرکاری و بەدەستەوە گرتنی لۆژیک  و حەربەی جەنگ بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەو ئەو ئەزمە سیاسی و ئابوریانەی بەشێکی دانەبراوە لە سیستەمی سەرمایەداری.

هاتنە مەیدانی کرێکارانی بارهەڵگری بەندەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، کە رایان گەیاند چەک و کەرەسەی سەربازی بۆ ئیسرائیل بار ناکەن و داوایان لە کرێکارانی سەرجەم بەندەرەکانی تر کرد کە پێیانەوە پەیوەست بن. نەقابە کریکارییەکانی بەلجیکا و هاوکات لەگەڵ چەند سەندیکای تر کە کاریان گواستنەوەیە لە رێگەی ئاسمان و دەریاوە، راگرت، هەروەها کرێکارانی فرۆکەخانەی نێودەولەتی ئاتین لە یۆنان، جگە لەوەی دەستیان داوەتە نارەزایەتی لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ غەززە داوایان لەسەرجەم کرێکارانی بەندەرەکان کردووە کە بارکردن و گواستنەوەی چەک و وەسائیلی جەنگی رابگرن بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتانی ناتۆ و غەرب. کرێکارانی چەند بەندەری ئەمریکا لەچوارچیوەی نارەزایەتی بەداگیرکاری ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا، ریگەی ناردنی چەکیان گرتووە. هاوکات بەشێک لە کرێکاران بەشێوەی رێکخراو و لەسەر داوای پارتی سۆشیالیستە دیموکراتیەکانی ئەمریکا، بە ریزی دورو درێژ و پاڵکەوتن لەسەر زەوی تەواوی رێگای گواستنەوەی چەکیان لە بەردەم کۆمپانیای زەبەلاحی چەکی “بۆینگ سەنت چارلز”، گرت. هاوکات لە بەریتانیا، کالیفۆرنیا، دانیمارک و زۆر ولات و شاری تری دنیا، کرێکاران بەراگرتنی کار، ریگەگرتن لە گواستنەوەو بارکردنی چەک و کەرەسەی سەربازی بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی پشتیوانی و کۆبونەوە نارەزایەتی، بزوتنەوەی دژە داگیرکاری ئیسرائیل و ئەمریکاو غەربیان، تەکان پێداوە و تا دێتیش ئەم بزوتنەوە کرێکارییە فراوانترو ریکخراو تر دەبێت…

هاتنە مەیدانی چینی کرێکار وەکو هێزێکی کاریگەر و شادەماری بەرهەمهێنان بەدژی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا مۆبارەکە کردن لە دەوڵەتی دڕندەی ئیسرائیل بۆ کوشتار و کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرا، بەشێکە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتری چینایەتی بەرووی نیزامی سەرمایەدارییدا، کە دنیای خستۆتە سەر لێواری دۆزەخ و جەنگ و جەنگی نیابەتی کردۆتە بەشێکی دانەبڕاو بۆ پارێزگاری لە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری و ئارایشدانەوەی بەردەوامی بەش و دەستکەوتەکان لە دڵی ئاڵوگۆر و دنیا پێگرتنی دوبارەی قوتبەندییەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا.

کاریگەری بزوتنەوەی دژە داگیرکاری و جەنگ و هاتنە مەیدانی چینی کریکار وەکو میحوەر و لێدانی دڵی ئەم بزوتنەوەیە، لە ئاستی ئەوروپا و ئەمریکاو دنیادا، زۆر لە کاریگەری دەست لەناو دەست نانی وڵاتانی ئەمریکا و غەرب و چەکە مەرگچێن و میدیای نۆکەریان بەهێزترە. چینی کرێکار بەپێی پێگە هەستیار و گرنگەکەی لە مەیدانی ئابوری و بەرهەم هێناندا، دەتوانێ هێزی یەکلایی کەرەوە بێت. بەهێزتر بوون و ریکخراوتر بوون و سەراسەری و هاوئاهەنگی زیاتری کرێکارانی ولاتەکان، بەجیا لەوەی دەتوانێت کۆتایی بە جەنگخوازی و داگیرکاری ئیسرائیل بهێنێت و مۆری خۆی بدات لە چارەسەری پرسی فەلەستین، هاوکات ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی چینایەتی ئومید بەخشە لە دژی دەوڵەتەکانیان، لە پێناو ئایندەیەک و دنیایەکی باشتردا.

*****

Leave A Reply

Your email address will not be published.