دەمەتەقێیەک لەگەڵ ڕێبوار حەمە شەریف ئەکتەرو دەرهێنەر، دەرچووی زانکۆی بەغدا لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان، سەبارەت بە فیلمی ساڵی ١٩٨٨

0

کاوان قادر: هاوڕێ ڕێبوار فیلمی ١٩٨٨ کە ئێستا لە سینەماکاندا نمایش دەکرێت باس لە کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، چەند لە واقیعیەتی ڕوداوەکەوە نزیکە؟ ئەگەر هونەر ئەرکی گێڕانەوەی مێژوو بێت چەند ڕاستگۆیانە ئەو مێژووە دەگێڕێتەوە کە بۆچی  هەڵەبجە ڕوویدا؟ ڕونتر بڵێم ئایا سیناریۆی ئەم تراژیدیایە چەندە دەوڵەمەندە لە ڕاستگۆیی و گێڕانەوەی ڕوداوەکە؟پێتان وایە حزبی بەعس تەنها تاوانباری ئەو ڕوداوە بێت؟ ئایا ئەرکی هونەرمەندان لە گێڕاننەوەی جینۆسایدێکی لەو جۆرە ئەرکی تەنها گریانی خەڵکە؟ یان باشتر بڵێین کە پێویستە ئەم ڕوداوە بکرێتە وەرچەرخانێک کە ئەوانەی  ئەم مێژووەیان تۆمار کرد شەرمەزار بکرێن. ئاستی هونەری و دەرهێنان و نمایش کردن بۆ ڕوداوێکی لەو جۆرە چۆن دەبینیتەوە لە کاتێکدا سینەما شانۆیەکی لۆکاڵی نییە و جیهانییە، ئایا ئەم فیلمە توانیویەتی ئەو ئەمانەتە بۆ ناساندنی ئەم تراجیدیایە بە جیهان بگەیەنێت؟

ڕێبوار شەریف: دەکرێ سەرەتا ئەوە بپرسين، کە ئايا  فيلمێک لەو جۆرە و (تاوانێک) بەو گەورەیيە، دەبێت چ ناوێک و چ پێناسەيەک و بەر پرسياريەتییەک لە بەرابەر مێژوودا بەجێبهڵێت تاوەک ئەرکێکی مێژوویی بەزيندووی بمێنێتەوە . من لێرەوە دەپرسم، فيلمی ١٩٨٨ کە نمایشکراوە چ ماناو تێگەيشتنێکی هەيە لەڕووی ناو و ناونيشانی فيلم و ناوەڕۆکەوە .تا من بتوانم وەک ئەرکی مێژوو هەقی ئەوە بدەم بە ڕووداوەکە کە پەيوەستە بە مێژووی ئەو شارە و ڕۆژی ڕووداوەکە کە تاوانێکی گەورەی تێدا ئەنجام دراوە. مەبەستم ئەوەيە کە شازدەی سێ و ساڵی هەشتاو هەشت و کات و زەمەن تێدا وەستابوو .

وەڵامی پرسيارێکتان دەم هەژێنێت، لەکاتێکدا کە دەفەرموون فيلمی هەشتاو هەشت و لە کاتێکی تردا لێم دەپرسی کيمياباران، خۆ دەبێت ئەو کات و زەمەن و بەروارەم لێ ببپرسی لە کوێ و کەی ڕویداوە؟ پێم وايە وەڵامێکی لۆژيکی نابێت ئەگەر دان بەوەدا نەنێم کە تەنانەت تایتڵی فیلمەکەش هەڵەیە…

چونکە ئەرکی مێژوو نووس و سيناريست (scenarist)ئەوەيە کە مێژوو، کات و ڕووداو پێکەوە ببەستێتەوە، لە کاتێکدا گەر ويستی ڕووداوەکە واقيعیبێت و خەياڵی نەبێت، دەنا ناتوانين وەک مێژووەيەکی ڕاست پشتی پێ ببەستين بە تايبەت لە تاوانێکی مێژوویی لەو شێوەیەدا کە دەرهەق بە شارو مرۆڤ و گيانداران کراوە. کەواتە نەخێر ڕووداوەکە وەک خۆی نيیەو نە سيناريست توانيويەتی ئامانج بپێکێ و نە دەرهێنەر بە واقيع بەرگی کارئەکتەرەکان وەک خۆی پێناسە بکات.

بۆ نمونە :

یەکەم: عومەری خاوەرو مێژووی تەمەن و کارەکەی ..

(لە کاتێکدا تەمەن و ڕووداوی ئەو کارائەکتەرە زۆر زۆر دوورن لە يەکتری. لەکاتێکدا عومەری خاوەر کە کاراکتەر و پاڵەوانی فيلمەکەيە، پێچەوانەیە لەگەڵ مێژووی ئەو تاوانە کە ئەمە وەک خۆی گوزارشت نەکراوە..)

دووهەم: جێگەو شوێن

:ئەرکی مێژووين کە دەکرا وەک خۆی وێنای بۆ بکێشرايە.

سێهەم:زاراوە: فۆنەتيکی ناوچەکان و کۆی ئاداب و کۆمەڵايەتی ناوچەکە هچ یەکێک لەوانە ڕۆڵی تەواویان دیار نییە، لەکاتێکدا هەڵەبجە خاوەنی سێ فۆنەتيک بوو و کۆمەڵێک ئەديان و تێکەڵاوی پێکەوە ژيان وەک کاکەیی و ياستانی و ئیسلامی و غەیرە مەزهەبییەکان و چەپەکان کەواتە: ئەرکی نووسەربوو ئەودیاردانەی پشت گوێ نەخستبايە. هەرچەندە من پێم وايە ئەم نەخشەی فيلمە بێ سيناريست ئەنجام دراوە و وە ئەرکی مێژوویی نەگرتووە ئەستۆی خۆی، چونکە وا دەرئەکەوێت تەنها کارێکی بازرگانیيە و مەرامێکی سياسي لەپشتەوە بووبێت، دەنا خۆ ئێمە دەبێت بپرسين کوا دەوری قێزەونی ئەوانەی کە لەسەرەتای ڕوداوەکەداپێشلەشکریان دەکرد و ئەرکی خۆيان لەخزمەتی پێشلەشکری سوپای ئێراندا بەجێهێنا؟ ئەی چی ڕوويدا و کێ بەرپرس بوو؟  بۆچی بەعس ئەو شارەی بەودەردەبردو چی بووە هۆکاری کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە هەشتی هەشتی هەشتاو هەشتدا؟!

بەڕێزتان لەسەر  جينۆسايد پرسیار دەکەن و دەپرسن ئەرکی هونەرمەندا چی بووە؟

بەڕای من مەسەلەی جينۆسايد ئاسان نیيە و دەبێت وردتر و ڕوونتر باسی لێوە بکرێت، کە کردەو هۆکارەکان چی بوون؟ وەبۆچی خەڵکی مەزڵوم و بێدەسەڵات بوونە خۆراکی ئەو تاوانە؟ دەبێت ياسای مرۆڤايەتی لە و نێوەندەدا بەشداربێت و بە بەڵگەوە باسی لێوە بکرێت هەر چەندە هەڵەبجە و ڕۆژی تاوانەکە خۆی بۆخۆی ئاشکرايەو ديکۆمێنی زۆر هەيە کە بيسەلمێنێت کە چۆن ڕووی داوە، کە هەموو دەیزانین هۆکارەکەی زۆربەی لایەنە حزبییەکان بوو وە دەوريان هەبووە لە گرتنەوەی ئەو شارەداو پێشڕەوییان لەقەتڵ و عامی بەئەنقەست بەسەر خەڵکی داماودا.

پاشان دەپرسی هونەرمەند ئەرکی چی بووە؟ کام هونەرمەند و کام لەو کەسانە کە پێشترو بە ئێستاشەوە ئەرکی هونەری وە ئەخلاقی نيشتمانی و مێژوويان هەبووە، جگە لە کەسانێک بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوانيش دەنگيان کپکراوە .

دوا پرسيارتان ئەوە بوو کە ئايا ئەو فيلمە ئەرکی مێژوویی خۆی بە ئەنجام گەیاندووە وەک فیلمێک نمایش کرابێت.

لە وەڵامدا :پێم باشە لە ئايندەیەکی نزيکدا ئەو پرسیارە دووبارە بکەنەوە؟ کە ئایا فیلم و سيناريست و دەرهێنەر چۆن دەبێت فێری ئەوە بکرێن کە مێژووی هەر فلمێک و دەرهێنانی و بە ئەنجامگەياندنی بۆ شاشەی سينەماکان، ئەرکێکی قورسە و دەبێت بەلايەنی کەمەوە ئەم بەشە گرنگانە لە ڕووی ياسایی وە پيادە بکات.

١- سيناريست و نووسەرەکەی ڕوونبێت.

٢- ليژنەی پێدا چوونەوە و ڕەخنەگر

٣- زانستی  دەروناسی(سایکۆلۆژی )

٤- ئەندامانی پرۆفشناڵ لە ئەرکە بەشدارە کۆمەڵايەتيەکان.(وەک باحیثی ئیجتیماعی) کە دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگیرێ لەچی تەمەنێک بەرەو خوار نابێت ئەو فییلمە ببینێت…

٥-  مێژوونووس چەند ڕاستگۆیانە مێژووەکە دەگێڕێتەوە؟

٦- ياسای جنايەتی و دەرهاوێشتەکانی و ناساندنی تاوان و تاوانبارەکان پێناسەیی تاکە کەسيەکان.

٧- لوکەيشنـ جێگەو جوگرافياو شوێنی تاوانەکە، ڕۆژ، کات، وەرزو ساڵ و …هتد… گرینگە بخرێتە ڕوو .

٨- جل و بەرگ و هاوشێوەی پێکەوە ژيان و شوێن و زمانی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.

وە پاشان ئەتوانين باس لە فیلمێک بکرێت کە بڵێن ئەو ئەمانەتە مێژووییە بە ڕاستگۆییانە بگەیەندرێت و بکرێتە فیلمێکی دیکۆمێنتارییەتی تەواو کە وەک سەرچاوەیەک پشتی پێ ببەسترێ  ناچارم ئەم پرسيارانەی جەنابتان بە ئەکادميانە وەڵام بدەمەوە.

کاوان قادر: چاوەڕوانم بەڕێزتان لە دوا ڕوونکردنەوە و پرسياری تردا ئەوانە بوروژێنن کە گرنگن وەک ئەرکی فلمێک، نەک ئەرکێکی لۆکاڵێ ..چونکە وەک خۆتان دەڵێن ئەوە جيهانی سينەماو مێژووی گەلێکە دەرهەق بەخەڵکی سیڤیل کە تاوانی بەرامبەر کراوە، نەک وەک فيلمێک بۆمەرامی سیاسی و بازرگانی بێت و بە خەبات بە خەڵکی بفرۆشنەوە، لەڕێگەی سۆزی نەتەوەییەوە فرمێسک بەخەڵکی بڕێژن وەک برێخت دەڵێ کەمژەیەکیش دەتوانێت فرمێسک بەخەڵکی بڕێژێت ئامانج لە گێڕانەوەو بەفیلم دەرهێنانی ئەو کارەساتە ئەوە بێت تاوانبارانی ئەسڵی بە جیهان بناسێنێت تا لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە دووبارە نەبێتەوە. لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە بۆچی ئەم کارە یەکەمجار لە بەغداد نمایش کرا؟

ڕێبوار شەریف: من دەمەوێت خەڵکی ئەو پرسیارەبکەن کەئایا ئەو تاوانە مێژووییە لە هەڵەبجە ڕویدا یان لە بەغداد؟ با بەدوای هۆکارو  وپاڵنەرو مەبەستی تاوانەکەدا بگەڕێین بۆچی دوای ٣٥ ساڵ تازە بەخەبەر دێن کە شارێک کۆمەڵکوژی کراوە، ئەوەی دەبینرێ کە فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن دووبارەکردنەوەی تاوانەکەیە ئەگەر هەڵوێستێکی جدی بەرامبەر وەرنەگرن بەرانبەر بە بکەرانی ئەو تاوانە تەنانەت لەژێر گڵیشەوە بن.

کاوان قادر: دوایین پرسیار با ئەوە بێت بۆچی لەهەڵەبجە ڕووی دا؟

ڕێبوار شەریف: پێش ئەوەی ئەو وەڵامە بدەمەوە دەکرێ لەو سيناريست و دەرهێنەرانە بپرسن ئايا زانيوتانە بۆچی لە هەڵەبجە ڕوويداوە يان بۆ هەڵەبجە کراوەتە ئامانج؟ ياخود کێ بەرپرسياربووە لە کۆی هەموو تاوانەکە؟ يان کێ يەکەم هەنگاوی نا بۆ داگيرکردنی شارێک؟ کێ دەستی پاسدارانی گرت بۆ ناوشارەکان کە ئەوە ئەرکی نووسەری سيناريست و دەرهێنەرە پێش ئەوەی فيلمێک بێتە ئامادەکاری، دەبێت مەسئول بێت لە بەردەم ئەرکی مێژوویی خۆیدا و مێژوو وەک خۆی تۆمار بکات بۆ ئاينندە و ئاماژە بە تاوانباران بکات، هەست ئەکەم خۆدزینەوەیەکی نائەخلاقی دەبینێت لە کاتێکدا  ناچێتە سەر حەقیقەتی بابەتەکان کە بەڕای من دەست نەبەیت بۆ کارێک کە لە ئاست وبەرپرسیارێتی مێژوویی بەجێ ناگەیەنیت .

دەستخۆش هاوڕێ ڕێبوار سەرکەوتووبیت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.