گەورەترین خۆپیشاندان لە لەندەن بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە ئەنجامدرا!

0

1 ملیۆن ناڕازی بە شەڕی غەززە ڕۆژی شەممە ١١ی نۆڤەمبەر و لە یەکێک لە گەورەترین ڕێپێوانە سیاسییەکانی مێژووی بەریتانیا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و لەندەنیان شەرمەزار کرد.
خۆپیشاندەران، ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانەیان لە دژی بەردەوامبوونی بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، شەقامەکانیان پر کرد.
خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەت دەکرد داوای ئاگربەستی دەستبەجێ بکات، لەکاتێکدا هێزەکانی زەمینی ئیسرائیل گەورە و بچووک دەکوژن و گەورەترین نەخۆشخانەی غەززەش دادەخەن.
لە ئێستادا هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن لەدڕندەیی هێزەکانی ئیسرائیل، هاوکات هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل تەر و وشکیان نەهێشتووە و خاکی غەززەیان وێران کردووە، ئەمەش شتێکی دروست کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە “جەهەنەم لەسەر زەوی” وەسفی کردووە.
بن جەمال، بەڕێوەبەری “کەمپەینی هاوپشتی فەلەستین” کە یارمەتی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکەی دابوو، وتی: “بۆردومانی هەڕەمەکی ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار فەلەستینی کوشتووە، لەنێویاندا نزیکەی ٤ هەزار منداڵ کە ژمارەیەکی زۆری دیکەیان بێسەروشوێنن، کە پێدەچێت لە ژێر داروپەردووی ماڵەکانی خۆیاندا مردبن.  دەشڵێ، “ئەمە قبوڵ ناکرێت. ئەمانە تاوانی جەنگن.”

خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد “فەلەستینی ئازاد” و “ئاگربەست هەر ئێستا.”

ڕێپێوانەکە لە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە هاید پارکەوە دەستیپێکرد، کاتێک ناڕەزایەتییەکە گەیشتە باڵوێزخانەی ئەمریکا، هێشتا بە دریژایی ٣ میل خۆپیشاندەر مابوو بگاتە باڵوێزخانەکە.
هەروەها چەندین وێستگەی قیتاری ژێر زەوی لە سەرتاسەری شارەکەدا داخران بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆرەوە.
خۆپیشاندەرێک وتی، “بەرپرسیارێتی ئێمە وەک مرۆڤ ئەوەیە کە دژی ئەم دڕندەییە بوەستین کە ڕوودەدات.”  جەختیشی لەسەر کاریگەری خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەکرد و وتی: “دەنگی بەکۆمەڵمان پاڵ بە حکومەتەکان و سەرکردەکانی جیهانەوە دەبێت هەڵوێستیان بگۆڕن.” هەروەها،  “دەتانتوانی ببینن کە خەڵک زۆر تورە بوو لەوەی ئاو و کارەبا بۆ غەززە ڕاگیراوە بێ سزادانی ئیسرائیل.”  دەشیوت، بە ئاماژەدان بە ڕاپرسییەکی کۆمپانیای   YouGovلەسەدا ٧٦ی بەریتانییەکان پشتگیری لە ئاگربەست دەکەن، “سیاسەتمەدارەکانمان دەبێت وەڵامی دەنگی خەڵک بدەنەوە.”
خۆپیشاندانەکە لە “ڕۆژی ئاگربەستدا” ئەنجامدرا کە یادی ئەو سەربازانە دەکاتەوە کە لە جەنگی یەکەمدا گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام وەزیری ناوخۆی بەریتانیا یادەکەی بۆ هاندانی توندوتیژی بەکارهێنا.  وەزیری ناوخۆ خۆپیشاندان بۆ لایەنگری فەلەستین بە “رێپێوانی ڕق و کینە بەرانبەر ئیسرائیل” ناو برد، دەشیوت خۆپشاندانەکەی ڕۆژی شەممە “مەترسی لەسەر یادی ڕۆژی ئاگربەست دروست دەکات.”
لە هەمان کاتدا خۆپیشاندانێکی ڕاستڕەوەکان بەڕێوەدەچوو کە دەیانوت بۆ پاراستنی “پەیکەری سەربازی وونبوو” خۆپیشاندان دەکەین، لەگەڵ پۆلیسدا تێکهەڵچوون و بووە هۆی دەستگیرکردنی ٨٢ کەس.
یەکێک لە خۆپیشاندەرانی تەمەن ٥٤ ساڵ، خۆپیشاندان بۆ لایەنگری فەلەستینی بە “گەورە” وەسف کرد و وتی خەڵک “بە قووڵی ڕێزیان لە ‘ڕۆژی ئاگربەست’ گرت”. وتیشی: “بەڕاستی دڵخۆشم کە جەماوەرێکی زۆر هاتبوونە دەرەوە. سەرەڕای ئەو هەموو قسە تۆقێنەرانەی وەزیری ناوخۆ، سەرۆک وەزیران، وەزیرەکانی دیکە کردیان. “خەڵک هێشتا بۆ مومارەسەی مافە دیموکراسیەکانی خۆیان و پشتگیری فەلەستینییەکان هاتنە سەر شەقامەکان.”

لە کۆتایی ڕێپێوانەکە و لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریکا، جێرمی کۆربین سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاران بە خۆپیشاندەرانی وت: “ئەوان گوتیان نابێت لە ڕۆژی یادکردنەوەدا ڕێپێوان بکەین. باشە من بە سادەیی ئەمە دەڵێم، ئێمە بۆ یادی هەموو ئەو کەسانە ڕێپێوان دەکەین کە لە هەموو شەڕەکاندا، بەشەڕی غەززەشەوە، لە هەموو ململانێکاندا گیانیان لەدەستداوە.”

نووسینی: توانا حەمە نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.