پرسی رۆژ، بەرێز جیهاد حەمە کەریم، وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە…

0

پرسی رۆژ: ماوەی پتر مانگێکە فێرگەکانی سنووری زۆنی سەوز( شاروشارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمان، هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان وراپەڕین) مامۆستایانی جێگیر وگرێبەست مانیان گرتوووە وفێرگە حکومیەکان داخراون، وخوێندن بۆساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤  تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووە.

بەڕای بەڕێزتان نەکردنەوەی دەرگای فێرگەکان چ لێکەوتەیەکی زانستی وسایکۆلۆجی نزیک ماوە ودوورماوەی لێدەکەوێتەوە؟

بەڕێز جیهاد حەمەکەریم بەمشێوەیە وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە:

جیهاد حەمەکەریم: بە پێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی کوردستان، دەبوو لە ١٣ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە(٢٠٢٣) زەنگی کردەنەوەی دەرگای هەموو فێرگەکانی کوردستان لێ بدرایە. وەک هەر بەزم وڕەزمێکی تر وگاڵتەپێکردنی دەسەڵات بە خەڵکی کوردستان، بە نیوەناچڵی زەنگی کردنەوەی دەرگای فێرگەکان لە هەولێر و دهۆک لێدرا و لە سلێمانی وهەڵەبجە وگەرمیان وراپەڕین و قەزا و ناحیەکانی لێنەدرا. هەڵبەت هۆکاری ئەمەش بایکۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بوو.

مامۆستایانی سلێمانی و دەوروبەری ماوەی دوو مانگە بایکۆتیان ڕاگەیاندووە وبڕیاریان داوە، کە دەرگای فێرگەکان نەکەنەوە تا کێشەی مووچەی خۆیان و فەرمانبەر و کارمەندانی دامودەزگاکانی تر چارەسەر نەکرێت، مەرجیشیان ئەوەیە: کە دەبێت لانی کەم مووچەی دوو مانگ بەسەریەکەوە وەربگرن، ودڵنیایان بکەنەوە کە لەمەودوا لە کاتی خۆیدا مانگانە مووچەکانیان بدرێتێ.

کێشمەکێشی سیاسیی و حیزبیی و لووتبەرزیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وعێراق، ئاگرێکە بەربووەتە گیانی خەڵک بە گشتی وبە تایبەتی مووچەخۆران و مامۆستایان.

لە ساڵێ (٢٠١٤) وە تا ئێستا ٧١حەفاتا و یەکجار مامۆستایان خۆپیشاندانیان کردووە وڕژاونەتە سەر شەقامەکانی کوردستان، وداوای ڕزگاربوونیان دەکەن لەم نادادپەروەریی وبێمووچەیی ومووچە بڕین وبە دوومانگ جارێک مووچەدان بە نیوناچڵیی. لە ماوەی ئەم نۆساڵەدا بۆ یەکجاریش بە جددی دەسەڵاتە کەڕوڵالەکەی هەرێم و عێراق وەڵامێکی ئەرێنیان نەداوەتەوە، بە پێچەوانەوە زۆر جار بە لێدان و هەڕەشەکردن و پەلاماردان خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی پێ هێناوە!

ئەم بابەتە قێزەونەی دەسەڵات وخۆ کەڕوڵاڵکردن وگوێپێنەدان بەکردنەوەی فێرگەکان، باری دەروونی مامۆستا و دایک وبابی منداڵان وخودی منداڵانیشی تێکداوە.

مامۆستایان ئازیز دووجار باری دەروونیان بەدەست ئەم دۆخە ناهەموار ونامرۆییەییەوە، تێکچووە، چونکە مامۆستایان بە هیچ شێوەیەک بایکۆتکردنیان پێیان خۆش نییە، بەڵام لە ناچارییانەوە وەک فشارێک بۆ سەر دەسەڵات ئەم هەنگاوەیان ناوە. لەلایەکەوە لە خەمی قوڵی بژێوی منداڵ وخێزانەکانی خۆیاندان، لە لایەکی تریشەوە لە خەمی قوڵی نەکردنەوەی دەرگاری فێرگەکانیاندان. لەلایەکی ترەوە منداڵانی کوردستان وەک مامۆستاکان بە دوو شێوە لە بارێکی دەروونی خرپادان بە هۆی نەکردنەوەی دەرگاری فێرگەکانییان، جارێک لە خەمی قوڵی لەدەستدانی پەروەدە وخوێندنی خۆیاندان ولەلایەکی تریش هەست بەو نادادپەروەرییە چینایەتیە دەکەن! کە منداڵانی دەوڵەمەند وبەرپرسە حکومی وحزبیەکان لە فێرگە تایبەتەکاندا خوێندنیان لە کیس ناچێت ووەک ئەمان دواناکەون.

ئەم نادادپەروەریی وزەقکردنەوەی چینایەتیە، هەتا بڵێی باری دەروونی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانی تێکداوە.

چارەسەری ئەم کێشە و گرفتە گەورەیە، کە ئەنجامێکی زۆر خراپ لەسەر خەڵکی کوردستان دادەنێت، تەنها ئەوەیە کە دەسەڵاتداران واز لە سەرکێشیی وستەمکاریی خۆیان بهێنن وچارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان وهەموو مووچەخورانی کوردستان بکەن.

ئامادەکردنی گۆشە: ئاراس رەشید

Leave A Reply

Your email address will not be published.