یەکێتی و پارتی لەسەر هیچ ڕێکەوتن!

0

حەوتی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی پاش دابڕانێکی زۆر و گرژیی و ململانێیەکی توندی ریشە لە ئەزمەیەکی قوڵی دەسەڵاتدارێتی و رێگا جیاوازەکانیان بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە پیرمام و لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە.

دوا کۆبوونەوەکە راگەیاندنێکیان دەرکرد کە تیاییدا، بن بەستی کۆبونەوەکەیان لە گەیشتن بە نزیک بوونەوە لەگەڵ یەکتری لەسەر ئەو پرسانەی ناوەرۆکی کۆبونەوەکەی پێک دەهێنا، بەیان کرد.

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە رێکەوتن لەسەر هیچ کۆتاییهات و بریارە کۆبونەوەی تر بکەن تا دەریچەیەک بدۆزنەوە و لانی کەم بتوانن لەسەر چەند خاڵی وەکو هەڵبژاردنەکان و مامەڵەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا و ئابدەیتی پەیوەندیەکانیان و لەهەموو ئەوانەش گرنگتر بۆ بەرگرتن بە رەوتی دارمانی دەسەڵاتیان و بەرگریکردن لە دەسەڵاتیان لە قەوارەی هەرێمی کوردستاندا!!، بەجێگایەک بگەن.

کێشەی سەرەکی و نێوان پارتی و یەكیتی لە ئێستادا، وەکو کیشەی سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، دەرهێنانی زیاتری دەسەڵاتیانە بەسەر هەرێمی کوردستاندا. کەم کردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و هەوڵی هەر کام لە پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی مەقبولیەتی دەسەڵاتیان لای دەسەڵاتی بەغدا بقەبڵێنن، مەسەلەی میحوەرییە. تەنانەت پرسی هەڵبژاردن کە بەر دەرگای پێ گرتوون و ناچارن ملی پێبدەن و خاڵە ناکۆکیەکانیان کەم بکەنەوە، دوبارە بۆ ئەوەیە بەرگرییەکی پێشگریانە لە بەرامبەر بە هەژموونی بەغدا بەسەر دەسەڵاتیاندا بکەن. مانەوەی پارتی و یەکێتی و قەڵەمرەوی سیاسییان بەسەر هەرێمدا، بەندە بە بوونی هیزی چەکدار و ئەمنی و حزبیان و دەست بەسەراگرتنی داهات و خۆ شەتەک دان و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکە کە بۆتە قیبلەی پشتیوانی و مانەوەیان، بەڵام هەموو ئەمانە کەوتونەتە بەردەم هێرش. مەسەلەی یەکخستنی هیزی پیشمەرگە، داهات و پەیوەندیەکانیان و هەڵبژاردنەکان…تاد، خۆیان وابەستەو هۆکاری ئەو ئەزمەیەن کەدەستی ناوەتە بینەقاقایان.

نەپارتی و نە یەکێتی ئامادەنین دەستبەرداری هێزی چەکداری حزبیان ببن، چونکە پایەکی دەسەڵاتیان بەسەر هەریم و خەڵکی کوردستاندا بەندە بەو هێزە چەکدار و  ئەمنییە حزبییە. دوورخستنەوەی وەلائی هێزی چەکدار بۆ حزبەکانیان و بێ لایەن بوونیان، نەک دەستیان کورت دەکاتەوە، بەڵکو وەکو هەرەشەیەک تەماشای دەکەن. وە کاتیکیش خۆیان لەوە دەدزنەوە دەکەونە بەردەم گوشاری ئەمریکا و غەرب، کە ئەمە وەکو زەمانەتی مانەوەیان تەماشای دەکەن و کۆتاییهاتنی پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لێیان، گوشارێکی ترە. هەروەها گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم لە پەیوەند بە داهات و نەوت و غاز و لیستی موچەخۆران و بودجە و سەرژمێری، لایەنێکی ترە کە پارتی و یەکێتی سنوردار کردۆتەوە و دەکاتەوە. دەسەڵاتی ناوەندی نایەوێت و بودجە وەکو جاران بێ حساب و کتاب، رەوانەی دەسەڵاتی هەرێم بکات، بەڵکو دەیەوێت دەسەڵات لە پەیوەند بە پرسی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان، مل کەچی ڕیکەوتنامەکان و بەغدا بکات، ئەوەش دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ گرفتیکی خنکێنەر رووبەڕوو دەکاتەوە و ئاستی تاڵانی و دزی پارتی و یەکێتی سنوردار دەکات. لە جەرگەی ئەو واقعیەتەدا مەسەلەی پەیوەندیەکانیش، گۆرانی بەسەردا دێت. چ ئیران و چ تورکیا، بە لاواز بوونی دەسەڵاتی هەرێم و کورتکردنەوەی دەسەڵاتیان، مامەڵەیەکی تر لەگەڵ پارتی و یەکێتی و لەلایەکی تریشەوە، لەگەڵ بەغدا دەکەن. وە دەسەڵاتی ناوەندی وەکو میحوەر تەماشا دەکەن و ئاستی پشتیوانیان لە دەسەڵاتی هەرێم و پارتی و یەکێتی کەمتر دەبێتەوە. هەڵبژاردنەکانیش لەدڵی لاواز بوونی دەسەڵاتی هەرێمدا بەرامبەر بەبەغدا و لە ئاستی ناوچەکەدا، ئاڵوگۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا دەهێنێت و چاوی دنیای دەرەوە وەکو پێشوو لەسەر هەڵبژاردنەکان نابێت. بەتایبەتی کە مافی دەسەڵاتدارێتی و بریاری سیاسی لەدەستی هەرێمدا سنوردار بکرێتەوە خودی هەڵبژاردنیش، ئەو گرنگیەکی جارانی نامێنێت. ئەوە بەجیا لەوەی کە هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکومەت لە هەرێمدا جگە لە رتوشێک و فریوکارییەک بۆ رەسمیەت بەخشین بەدەسەڵاتی حزبۆکراتی شتێکی تر نییە. لەهەموو ئەوانەش واوەتر، نارەزایەتی خەڵکی کوردستان و بێمتمانەیی و زۆرتر لەوەش بایکۆت و بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، لایەنێکی هەر میحوەرییە کە ئەم مەیدانی فریوکارییەش لەقاو دەدات. پارتی و یەکێتی بەهۆی ئەم گرفتانەوە هەر کۆبونەوەیەک بکەن ناتوانن بگەنە ئامانجی دڵخوازیان و لە ئاست وەڵامدانەوە بەم کیشانەدا نین. دۆخی ئێستا لەوە تێپەیووە کە پارتی و یەکێتی بتوانن بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بن، تەنانەت دەگیری کێشەی ئیدارەدانی گرفت و قەیرانەکانیشن… هۆکاری ئەوەی پارتی و یەکێتی چەندین کۆبونەوە دەکەن، بەڵام چ ناو کۆبونەوەکانیان نائارامە و دوای کۆبونەوەکانیش ریکەوتنیان لەسەر هەر بەند و پرسێک کردبێت، بەشی ٢٤ سەعات ناکات و بەسەریەکدا دەڕمێت. کۆبونەوەی ئەم دوایەش، رەنگدانەوەی هەمان واقعیەتە، بۆیە تەنها لەسەر هیچ ڕیکەوتن.

     بۆپێشەوە

 *****

Leave A Reply

Your email address will not be published.