سەرکەوتنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، بەندە بە بەردەوامی و هاوئاهەنگی و رێکخراوبوون!… عەبدوڵا مەحمود

0

٢٢ و ٢٩ ی ئەم مانگە مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ و یەکگرتوانە خۆپیشاندانێکی فراوانی جەماوەریان لە زۆربەی شار وشارۆچکەکانی زۆنی سەوزدا ئەنجامدا. ئەم خۆپیشاندانە لەلایەکەوە لە درێژەی نارەزایەتی لە پێشتری مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ و لەلایەکی تریشەوە بەدوای بانگەوازی وەزیری پەروەردە هات، کە رای گەیاند “دەبێت” ٢٢ی مانگ، دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دەست پێ بکاتەوە.

ئەم دوو خۆپیشاندانە فراوان و جەماوەرییەی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ، نیشانیدا کە هیچ تەباییەک لە نێوان مامۆستایان و خواستەکانیان، لەگەڵ دەسەڵات و وەزیری پەروەردەی ئەو دەسەڵاتەدا بوونی نییەو هەردوو لا نوێنەرایەتی دوو بزوتنەوە و دوو ئاراستەی جیاواز و دژ بەیەک دەکەن. مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ داوای موچە و دامەزراندن وەکو مافی رەوای خۆیان دەکەن، مافێک کە ژیان و گوزەرانیان و هاوکات ئاییندەی پرۆسەی پەروەردەو فیرکردنی پێوە بەندە، لە بەرامبەردا دەسەڵات و وەزارەتێک هەیە، کە بێباکە لە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مافی زۆر سادەیان کە موچە و دامەزراندن و هاوکات بێ باکە بەرامبەر بە گرنگی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.

مێژووی نارەزایەتی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ، بە ئەندازەی تەمەنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، لەو کاتەوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەت” پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان” لەهەرێمدا دەسەلاتیان هەیە، لەو کاتەشەوە بێ بەشی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان لە کرێکاران و کارمەندان مامۆستایان، درێژەی هەیە و هاوکات ئەم جەماوەرە فراوانە لە دۆخێکی تابڵێی سەختدا ژیان و گوزەران دەکەن، لەو نێوەدا مامۆستایان ومامۆستایانی وانەبیژ بە ناچاری هەمیشە لە حاڵەتی نارەزایەتی دەربریندا بوون جا یان بە بایکۆت یان کۆبونەوە و خۆپیشاندان. دیارە ئەم دۆخە تەنها ئەوە نییە کە ژیان و گوزەرانی مامۆستانی خستۆتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، بەڵکو هاوکات، لەلایەکەوە شێوازی ژیانیانی گۆریووەو ناچار بەوەی کردووەن کە دەست بۆکاری تر ببەن تا درێژە بەژیانی مەمرەو مەژیان بدەن و لەلایەکی تریشەوە ئاستی خوێندن و پەروەردەی بەرەو داکشان پەلکیش کردووەو ژمارەیەکی زۆریشی لە خوێندکاران ناچار بەوە کردەوە لە پێناو ژیاندا واز لە خوێندن بهینن و یان رێگەی چوونە قوتابخانەیان بەهۆی نەبوونییەوە لێ ببەسترێت. خۆپیشاندانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ، لە بنەرەتدا بۆ رەتکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەیە.

لەپاڵ نارەزایەتی بەردەوامی مامۆستایاندا، تا هاتووە هاوسۆزی و پشتیوانی کۆمەڵگە لە داخوازییەکانیان، زیادی کردووە و نەفرەتیش لەدەسەڵات و بێ دەربەستیەکەی بەرەو هەڵکشان چووە. جیا لەوانەش مامۆستایان و رابەرانی بزوتنەوەکە خاراوتر بوون و ئەزموونیان دەوڵەمەندتر بووە. جیا لەوانە ناوەرۆکی رێکخراوە مامۆستایانەکانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن!! بەرۆشنی خۆی نیشانداوە کە دوور و نزیک چوارچێوەیەک نین بۆ بەرگری لەخواست و ویستی مامۆستایان، بەڵکو ئامرازن دەسەڵاتن بۆ دەستەمۆکردنی مامۆستایان و خواستەکانیان و بەلاڕیدا بردنیدا.

خۆپیشاندانی فراوانی ٢٢ و ٢٩، مانگ جارێکی تر راسانی حەقخوازانەی مامۆستایانی خستەوە ڕوو، ئەوەش کە تەنها لەزۆنی سەوزدا مایەوە نەپەڕیەوە زۆنی زەرد، ریشەی لە سەرکوت و توندوتیژی دەسەڵاتی زۆنەکەدایە و مامۆستایان و سەرجەم کارمەندانی ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی، نەک تەنها خواستی موچەو دامەزراندنیان هەیە، بەڵکو خواستی ئازادیشیان زۆترە و تێکۆشانیان بۆ تیکشکاندنی کۆتی سەرکوت لەسەر شانە، واتە ئەرکی خەڵکی ژێر سایەی زۆنی زەرد قورسترە، دەسەڵات لەو ناوچانە قوتبی ترە و رووبەڕووبونەوە پێویستی بە ئامادەیی زیاتر و نەخشەی تۆکمەتر و ئاستی ریکخرابوونی زۆترە.

دیارە بەپێچەوانەی راگەیاندن و لێدوانی کادرە حزبی و حکومییە!! کان و نووسەرانی و میدیا گەوجەکەیان بایکۆت و کۆبونەوەی مامۆستایان، بۆ خۆدزینەوە لەئەرکی پەروەردەیی و خوێندن و پەروەردەو راگرتنی پرۆسەی خوێندن نییە، بەڵکو بەشێکە لە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی حەقخوازانە لە پێناو موچە و دامەزراندن و هاوکات باشترکردنی پرۆسەی خوێندن و بەرەو پێشبردنی… ئەم دوو خۆپیشاندانەش جاریکی تر نیشانیدا کە تۆمەتبارکردنی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ بەوەی پرۆسەی خوێندنیان بۆ گرنگ نییە، تۆمەتێکی پوچی بێ کڕیارە. لەوەش زیاتر بە دەنگەوە نەهاتنی دەسەڵات بۆ وەڵامدانەوە خواستی سادەو رەوای مامۆستایان و درۆی ئەوەی کە بەغدا هۆکارە بۆ نەبوونی مووچە، دیسان نیشانیدا کە ئەم دەسەڵاتە لەلایەکەوە خۆی لە بەرپرسیاریەتی هاوڵاتیانی هەرێم دەدزێتەوەو دەیەوێت نارەزایەتی مامۆستیان و خەڵکی کوردستان ئاراستەی بەغدا بکات و لەلایەکی تریشەوە بێ باکی دەسەڵات بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نیشان دەدات.

مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ و سەرجەم فەرمانبەران، لە پێناو بەچۆکدادانی دەسەڵات ناچارن بەوەی کە درێژەی بە بزوتنەوەی نارەزایەتی خۆیان بدەن و فراوانترو بەرینتر و سەراسەری تر و هاوئاهەنگتری بکەن و  سەرجەم چین و توێژە بیبەشەکانی تریش تا دەگاتە کەس و کاری خوێندکاران ئەرکیانە زیاتر لەوەی تا ئێستا نیشانیانداوە، پشتیوانی لە داخوازی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ بکەن. جیا لەوانەش ناوەرۆکی راستەقینەی ریکخراوە مامۆستایەکانی حزبەکان بە باشترین شێوە خۆی نیشانداوە کە جگە لە گۆپاڵی دەستی دەسەڵات و ئامرازی دوبەرەکی نانەوەو و بەرگری لەدەسەڵات کارێکی تریان نییە، مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ بانگەواز دەکات بۆ دەستبردن بۆ پیکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان و بێ گویدانە ناسنامەی حزبی و بیروباوەر …تاد. بەردەوامی بزوتنەوەی نارەزایەتی و لەهەر نارەزایەتیەکیشدا دەرکەوتنی رابەران و خاراوتر بوونییان، زەمینەی دەستبردن بۆ ریكخراوبوون زیاتر دەرەخسێنێت و پیداویستی ئەو رێکخراوبوونە وەکو چوارچێوەو ئامڕازێکی خەبات بۆ بەرگری و دەست راگەیشتن بە داخوازییەکانیان و ڕیگای بەدەست هێنانیان، فەراهەم دەکات.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و دەسترۆشتوانی بنەماڵەیی ئەو دەسەڵاتە کە خۆیان لەسەر کێوێک لە داهات و سامان و لەوپەرێ خۆشگوزەرانیدان، باکیان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و کرێکاران و مامۆستایانی و سەرجەم توێژە بێبەشەکانیان نەک نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی هەژاری ونەبوونی و گرانی و بێمافی خودی دەسەڵاتە و بنەماڵەکەیانن کە پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و کۆمپانیاکان و سەرمایەداران بۆتە قیبلەنمایان و خۆ کەڕ کردن و خۆ کوێر کردن لەبەرامبەر بە داخوازی جەماوەری بێبەشی کوردستانیان کردۆتە نۆرمی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی و حزبۆکراتیان. تاکە رێگای روبەرووبونەوەی ئەم دەسەڵاتە بەردەوامی دانە بە نارەزایەتی و کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندان و فراوانکردن و سەراسەری کردنەوە و ریکخراوبوونە… هێزی ریکخراو و ئامانجدارانە، گوشاری زۆر زیاترە لەسەر دەسەڵات و پاشەپێکردن و شکست دانی سەختە. با لەدڵی نارەزایەتیەکانی ئێستادا، شێوازی خەباتکارانەی تر لەوانەش کاری راستەوخۆی جەماوەری و گرتنە دەستی بەرێوەبردنی خوێندن و پەروەردە بەدەستی خۆیان و داسەپاندنی ئیرادەی ریکخراوە. ئەم ئەو رێگایەیە دەتوانێت پرسی موچەو دواکەوتن و دابەشکردن و دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و چارەنووسی موچە پاشەکەوتکراوەکانی… یەکلایی بکاتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.