خەسرەو سایە: لەکوردستان قەیرانێکی حکومەتی لەئارادایە، ئەمەش بەمانای ئەوەی کەدەسەڵات لەلای خەڵک متمانەو مەقبولیەتی لەدەستداوە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ‌ هاوڕێ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم و ئایندەی سیاسی کوردستان” بەشی دووەم و کۆتایی

0

بۆپێشەوە: گرژی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و داهات بەردەوامە، ئایا گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەغدا، هۆکاری بەرینبوونەوەی قڵشتی نێوانیانە، یان نەتوانین و  ناتەبایی و ملنەدانی پارتی و یەکێتی بەداوای بەغداو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆکاری بەردەوامی ئەو گرژیانەیە؟

خەسرەوسایە: بەدڵنیایەوە ئەو هۆکارانەی ئێوە ئاماژەتان پێداوە کاریگەریان هەیە، تەنانەت بەجیا لەوەی کە ناکۆکیەکانی نێوان ئەم دووحیزبە مێژویەکی هەبێت، بەڵام ئەوەی بەئێستا و بەم دەورە دیاریکراوە دەگەڕیتەوە ڕیشەکەی دەگەرێتەوە بۆ هۆکاری سەرەکی، یەکەمیان: لەپرسیارەکانی پێشوتردا ئاماژەمان بۆ سەرهەڵدانی هاوکێشەیەکی تازە کرد کەبەدوای شەڕی داعشدا هاتۆتەکایەوە. لەم هاوکێشەیەدا حزبەکان چ لەئاستی کوردستان و چ لەئاستی عێراقدا لەسەر پاراستنی پێگەی خۆیان و دوبارە پێناسەکردنەوەی ئەم پێگە تازەیەیان  لەپەیوەند بەدەسەڵاتەوە، کەوتونەتە ململانێێ و ناکۆکیەوە و هەرلایەک لەهەوڵدایە پەیوەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی ئەم هاوکێشە تازەیەدا بباتە ئاستێک کەدڵخوازیەتی. بێگومان لەم نێوەشدا گەلێک لەحیزبەکان پێگەی خۆیان لەدەست دەدەن و لاواز دەبن تەنانەت دەچنە کەنارەوە و بەم پێیەش هاوپەیمانیەکانی پێشوو گۆرانکاریان بەسەردا دێ و ڕێکەوتنی تازە سەرهەڵدەدات. هەروەک بینیمان کەچۆن سەدریەکان کەپێشتر هێزی سەرەکی بوون ئێستا تەقریبەن کەنارکەوتون و ئەو ڕۆڵەی جارانیان نەماوە، تەنانەت هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەولەت کەپارتی لایەنێکی بوو نەماوەو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کە مالیكی هێزی سەرەکیەتی ڕۆڵی زیاتری بەدەستهێناوە. لەکوردستانیش یەکیتی پێگەی جارانی چ لەدەسەلاتداو چ لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتیدا نەماوەو هەموو هەوڵیک دەدات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیفتی بەفیفتی و ستراتیژیەک کە لەگەڵ پارتیدا هەیبوو. بەلام ئەوە پارتییە کەخۆی بەهێزی سەرەکی دەزانیێ و ئامادە نییە کەپێگەی جارانی یەکێتی قبوڵ بکات، بگرە لەهەوڵدایە یەکیتی بۆ ئاستی حیزبەکانی تر بچوک بکاتەوە، لێرەوەیە کەناکۆکی و کێشەی نیوان پارتی و یەکیەتی لەسەر هەر مەسەلەیەک سەر هەڵدەدات، لەوانە لەسەر داهاتەکان، پەیوەندییەکان بەدەرەوە، لەسەر هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق ولایەنە عیراقیەکاندا. دووەمیان: لەکوردستان قەیرانێکی حکومەتی لەئارادایە، ئەمەش بەمانای ئەوەی کەدەسەڵات لەلای خەڵک متمانەو مەقبولیەتی لەدەستداوە، ڕەنگدانەوەی فشارەکانی ئەم پێگەیەی خەڵک و ئەو نارەزایەتیانەی کەهەیانە لەسەر حیزبەکانی دەسەڵات و چۆنیەتی وەلامدانەوە پێی کاریگەری هەیەو لێرەشەوە ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکیەتی توندتر و فراوانترکردۆتەوە.

بۆپێشەوە: لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هەڵبژاردن وەکو ڕیگایەک بۆ دەرچوون لە دۆخی نەخوازراوی ئیستای کوردستان دەزانن، ئێوە لەوبارەیەوە دەڵێن چی؟

خەسرەوسایە: بەرای من هەڵبژاردن بۆ سەرجەم حزبەکانی کوردستان بەوانەی دەسەڵات و ئەوانەشی خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن، ڕێگایەکە بۆ شەرعیەتدانەوە بەپەرلەمان و حکومەتێک کە لەباری قانونیەوە پەکی کەوتوە و لەبنبەستدا دەست و پێ دەکوتێ. خودی شەرعیەت پێدانەوەش بەم دەزگایانە، گۆشەیەکە لەبردنەپێشەوەی هەولەکانی ئەمریکا و ئێران لەراستای ئیستقراری سیاسی بەدەولەتی عیراق. ئەوەی هەڵبژاردن ئەم ئامانجە بەدەست دێنی یان نا خۆی باسێکە و لێرەدا ناچمە سەری، بەلام بەهیچ جۆرێک هەڵبژاردن ناتوانێ کوردستان لەودۆخەو لەو گێژاوە سیاسی و ئابوری و ئەمنییە دەرکێشێت کەتێی کەوتووە. یەکەم مەسەلەی قەیرانی ئابوری و کێشە ئابورییەکانی کوردستان وەک ئەوەی بەشێکە لەقەیرنێکی فراوانتر کەپەیوەندی بەبازاڕی جیهانی و ناوچەکانی نفوزو بلۆک بەندییە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە هەیە، بەهەڵبژاردن چارەسەرنابێت. دووەم قەیرانێکی حکومەتی کە لەکوردستاندا هەیە، قەیرانێکی قانونی و شەرعیەت پێدانەوە نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیاسییە. ئەمەش بەومانایەی کە چ جۆرە حکومەتێک دەتوانێ مەقبولەیەتی خۆی لەکۆمەلگەدا بەدەست بهێنێ، لەکاتێکدا کە کەوتۆتە بەرامبەر نارەزایەتیەکی بەرفراوانی خەڵکەوە. بەتایبەتی کە هەڵبژاردن هەر ئەو حکومەت و سیستەمە بەرهەم دەهێنیتەوە، کە توانای وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵکی نییە و ناتوانێ موچەو خزمەتگوزارییەکان ولانی کەمی ئەمنیەتی کۆمەلایەتی بۆ هاوڵاتیانی ژێردەستی دابین بکات.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە ئەو نامەیەی مەسرور بارزانی کە بۆ جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکای نارد و داوای هاوکاری لێکرد، لەبەرامبەر بەو ئەزمە سیاسی و ئابوریەی یەخەگیریان بووە؟

خەسرەوسایە: ئەو نامەیەی ئێوە باسی دەکەن، بەر لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغداو گەیشتن بەڕیکەوتنێک لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران هاتووە، لێرەشەوە نامەکە جگە لەوەی لاوازی و لەدەستدانی پێگەی پارتی و دەسەڵاتەکەی لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ ئەمریکادا دەخاتە روو، هاوکات دوو راستی دەردەخەن، یەکەمیان دان نانە بەقەیرانێک کەلە نیوان پەیوەندیەکانی هەریم و بەغدادا بەزەرەری پارتی و حیزبەکانی نێو دەسەڵات و توندبوونەوەی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەولێر. بەڕادەیەک کە قەوارەی هەرێمی خستۆتە بەردەم لاوازی و بێدەسەڵاتیەوە، قەوارەیەک کە پارتی هێزی سەرەکی دەسەلاتەکەیەتی. دووەمیش، نیشانەیەکە لە هاتنەخوارەوەی گرنگی دان و ئەو پشتیوانیەی کە ئەمریکا لەپارتی و دەسەلاتەکەی لەرابردودا کردویەتی. خودی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەو ڕیکەوتنە نیوەناچڵەی کەمەسرور بەرزانی و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەی موچەی فەرمانبەران، کەخۆشحاڵی ئەمریکا بەڕیکەوتنەکە بەیان دەکات، بەبێ ئەوەی لایەنگری راستەوخۆ بۆ حکومەتی هەریم و سەرۆک وەزیرانەکەی دەرببڕی، هاوکات ڕینمایی بە هەردوو لا دەدات، بۆ ڕێکەوتن و هێورکردنەوەی دۆخی نیونایان.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان بەشێوەی گشتی دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمن و بەکردەوەش ئۆپۆزیسیۆنی بۆژوازی کورد، ئەڵتەرناتیفێکی باشتری دەسەڵات نییە و لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت جڵەوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بکات، خەڵکی کوردستان دەبێ چی بکات، تا لەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوشیوەکانی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ڕزگاری بێت؟ بەکورتی چ ڕێگاو ئەڵتەرناتیفێک بۆ باشبوونی ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسی کوردستان پێویستە؟

خەسرەو سایە: ئەگەر پڕسیارەکە وا وەربگرین کە ڕیگای دەربازبوون لەدۆخی ئێستای کوردستان بەوگێژاوە سیاسیەی کەتێی کەوتوە و بەو هەموو نەهامەتیانەی کەرووبەڕوی خەڵکەکی بۆتەوە.. چییە؟. تەنانەت ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێت کەلەچ ڕیگایەکەوە ژیان وگوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببرێت، ئەوا تەنها ڕێگا شۆڕش وبردنی کۆمەلگەی کوردستانە بەرەو ئاڵۆگۆڕێکی ڕیشەیی وشۆڕشگێرانە لەسیستەمی سیاسی و ئابوری ئێستادا، ئەم ڕیگایە… ئەگەرچی… سەخت و بێ بەربەست نییە، بەلام وەک ئەوەی ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی بۆرژوازی کورد لەمێژوی خۆیدا نیشانی داوە، کەئەم دەسەلات و سیستەمە ئابوریە کەپاڵی داوە بە بازاری ئازادی سەرمایە و کۆمپانیاکانەوە، جگەلە قوڵکردنەوەی جیاکارییە چینایەتیەکان و ستەم و تاڵانچێتی لەرادەبەدەری هێزی کارو داهاتی کۆمەلگە، بەو هەموو موسیبەتانەوە کە ڕووی لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کردوە، شتێکی تری لێ پەیدا نابێت. لەکوردستان سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردن و دەنگدان تاقی کراوەتەوە. هەروەها حکومەتی ناوچەیی و یەک حیزبی، حکومەتی بنکەفراوان و چەند حیزبی ئەزمونی خراپی خۆیان بەسەر ژیانی خەڵکدا شکاندۆتەوە، فیدرالیزمێک کەکوردستانی لەسەرو ئیرادەی خەلکەکەیەوە بەعیراقەوە لکاندەوە، بەفەشەل و بنبەستی خۆی گەیشتوە.. ئەمانە پێمان دەڵێن کەئەم دەسەڵات و سیستمەی لەکوردستان هەیە، نەچاکسازی هەلدەگرێ و نە لەئاستی تەوەقوعات و باش بژێوی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێشدایە، بۆیە دەبێ بڕوا ودەسەڵات و سیستەمێکی تر شوێنی بگرێتەوە کەکرێکاران و زەحمەتکێشان ئیرادەی بەڕێوەبردنی هەمو کایە کۆمەڵایەتیەکانیان لەدەستدا بێ و ئابوری و سیاسەت بخرێتە خزمەتی وەلامدانەوە بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە. ئەگەر وەک لەپرسیارەکەدا هاتوە کەخەڵکی کوردستان نارازین و دەیانەوێت لەدەسەلاتی یەکیەتی و پارتی ڕزاگاریان ببێت، دەبێ لەپێشدا، ئەوەیان لاڕۆشن بێت، کەهەمو هەوڵ وتێکۆشان ونارەزایەتیەکیان لەدژی دەسەڵات و بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵاتە ڕێچکە بگرێ، بەلام لابردنی پارتی و یەکیتی لەدەسەلاتدا دەبێ سەرەتایەک بێت بۆ بەدیهێنانی گۆرانکاریەکی ڕیشەیی لەتەواوی سیستەمی ئابوری و سیاسی ئێستادا و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕیکخراو لەشوراو ئەنجومەن و هەر ڕیکخراوەیەکی تری جەماوەری شوێنی بگرێتەوە، تا سیستەمێکی ئابوری دامەزرێنێ و داهات و سامانی کۆمەلگە بخاتە خزمەتی وەلامدانەوە بەخواستی خەڵک و باشکردنی ژیانی ئەوانەوە. ئەمەش لەپلەی یەکەمدا پێویستی بەجوڵانەوەیەکی سیاسی جەماوەری سەربەخۆ و شۆڕشگێرانە هەیە کەئەم گۆڕانکارییە وەک ئاسۆیەکی ڕۆشنی خۆی بەدەستەوە گرتبێت و بەم جۆرە لەئاسۆی سیاسی و کارنامەی حزبەکان، چ ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و چ ئەوانەشی ئیدعای ئۆپۆزسیۆن دەکەن، جیا بکاتەوە. لەڕووی عەمەلیشەوە، خەڵکی نارازی، بەتایبەتی هەڵسوراوان و ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەهەوڵی فراوانکردنەوەو سەراسەریکردنەوەی نارەزایەتیەکاندا بن و لەدەوری داخوازیەکان لەکۆڕو کۆمەڵ و دەستەکانی شوێنی کارو ڕشتەکاندا، خۆیان یەکگرتوو بکەن و هەوڵ بدەن بۆ سەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و رابەریەکی سەراسەری جێ بخەن. تەنانەت بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا ببێتە بزوتنەوەیەکی راستەوخۆی جەماوەری دەبێ لەهەوڵی بەڕێوەبەردنی ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاری و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا بن و بەدەستیەوە بگرن و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و بەکۆمەلگەی بناسێنن. سەرەنجام لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەست ببرێت بۆ هەموو ئەو تاکتیک و ڕەوشتانەی کەباڵانسی هێز لەنێوان خەڵکی نارازی و دەسەڵاتدا دەگۆڕێ.. لەچوارچێوەی خەباتێکی ئاوادا، قەیرانی ئێستا بەقەیرانێکی شؤڕشگێرانە دەگۆڕی وزەمینەکانی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵات و شوێن گرتنەوەی بەحاکمیەتی جەماوەری دێنیتە کایەوە.. بەرای من ئەمانە ئەو ئاسۆ و کارانەیە کەڕیگاچارەی دەربازبون لەدۆخی ئێستا لەڕوانگەی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشەوە مومکین دەکات و دەتوانی بەقازانجی باشکردنی بژێوی خەڵك دۆخەکە بشکێنێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.