بۆچی لە کوردستان هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؟!…. نووسینی: ئیدریس مستەفا

0

کاتێک ساڵی پارەکە هێرش کرایە سەر باڵەخانیەک لە هەولێر، لەلایەن نوسەر و پەیامنێرە عەرەبە شۆڤینیەکانەوە وا باس کرا کە ئەوە بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی بووە بۆیە ئێران بەر موشەکی داوە. عەبدولباری عەتوان، کە هەموان دەیناسین، لە بەرنامەکەی خۆیدا ئەمەی بە ئاشکرا گوت. منیش پرسیارێکم لێکرد و گوتم: بەڕێز عەبدولباری عەتوان خۆ گەورەترین بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا لە باکۆی پایتەختی ئازربایجانە، ئەی بۆ ئێران ئەوێ بەر موشەکی دوورهاوێژ نادات؟. پرسیارەکەی وەڵام نەدایەوە و بە ئاسایی وەرمگرت، چونکە ئەو وەڵامی پێ نییە، بەڵکو هەر دەیەوێ قسەیەک بکات لەسەر رووداوێک. بەڵام، ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە کوردستان هەدەفێکی ئاسانە و باجی لەسەر نییە بۆ هەر کەس و لایەن و دەوڵەتێک گەر هێرش بکەنە سەری.

جگە لە کوردستان، جار نا جارێ عێراقیش، لە هیچ شوێنێکی تری ناوچەکە هیرش ناکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها هیچ شوێنێکی ناوچەکەش هێندەی کوردستان هێرشی وڵاتانی ناوچەکەی ناکرێتە سەر بێ ئەوەی ئەو هەرێمە هیچ زەرەرێکی بۆیان هەبووبێ بگرە قازانجی لە سەداسەدی بۆیان هەبووە.

یەکێک لەو تێگەیشتنە هەڵانەی لە کوردستان باوە ئەوەیە گەر ئەمریکا بنکەی سەربازی هەبێ یاخود ئامادەیی هەبێ بە چەکەوە ئەوا ئیتر نیشانەی دڵخۆشیە لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، گوایە کوردستان دەپارێزێ لە وڵاتانی دەوروبەر، دووەمیشیان ئەوەیە کە پشتیوانیەکە بۆ هەنگاوی جیابوونەوە یان بەلایەنی کەمەوە سەربەخۆیی ئیدرای و ناوچەیی وەی ئەوەی لە رۆژاڤا و باشور دەیبینین.

سیاسەتی ستراتیجی دەرەوەی ئەمریکا کە لەسەر دەستی هنری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و هەردەم ستراتیجستی ئەمریکا ساغ بۆیەوە، لە کتێبی “دپلۆماسی”دا کە ساڵی ١٩٩٤ لە نوسینەوەی تەواو بوو، بە روونی دەڵێت لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە هیچ کێشەیەک بە تەواوی چارەسەر ببێت، بەڵکو ئەو کێشانە هەردەم دەبێ بە نیوەناچڵ بمێننەوە.

لەبەر مەبنای ئەم سیاسەتەوە سەیری هەموو ئەو جێگایانەی ئەمریکای لێیە، چ وەک وجودی سەربازی یاخود نفوزی سیاسی، نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک، بگرە هەموویان هەر بە هەڵواسراوی ماونەتەوە تەنانەت ئەوانەشی پەیماننامەی نێودەوڵەتی پێ مۆرکردوون وەک فەلەستین و ئیسرائیل ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان یاسر عەرەفات و ئیسحاق رابینی سەرۆک وەزیرانی ئەودەمی ئسیرائیل. ئەو پەیماننامەیە بە پەیماننامەی ئۆسڵۆ ناوی دەرکرد بۆ یەکەمین جار فەلەستینیەکان لەوێدا دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا وەک قەوارەیەکی یەهودی، هەروەها ئیسرائیلیەکانیش رازی بوون بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستنیەکان، بەڵام ئەوە سی ساڵی رەبەقە ئەو دەوڵەتە نەک هەر دروست نەبوو، بەڵکو بووە بە کاولەیەک کە ژیانی مرۆڤەکانی بۆ سەدان ساڵ گەڕاندۆتە دواوە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی.

باسی ئەفغانستان ناکەین کە چۆن بۆ تاڵیبانی بەجێهێشت دوای بیست ساڵ، با باسی تایوان بکەین. ساڵانە ئەمریکا ئەو هەموو چەکە بە تایوان دەفرۆشێ و ئەو هەموو ئامادەییە سەربازییەی هەیە کە لە جیهاندا بێ وێنەیە کەچی تایوان وەک بەشێک لە خاکی چینی دایک دادەنێ، ئەم دانپێدنانانە لە سیاسەتی ستراتیجی ئەمریکادا جەسپێنراوە. لە هەمان کاتدا دەڵی دژی هەر هێرشێکی سەربازی چین دەوەستینەوە گەر بیەوێ بە تۆبزی تایوان بلکێنێتەوە بە چینەوە.

بۆ کوردستان هەر هیچ باسێک نییە لەو بارەیەوە. زیاتر لە سێ دەیەیە باشوری کوردستان لە ژێر چەتری سیاسەتەکانی ئەمریکادا سەربەخۆیە کەچی ئیستاش و دوای ئەو هەموو ریسوای و تەشقەڵانەی لە جنوب پێی دەکرێ و پێی کراوە کەچی بەغداد بە سیمای رەسمی عێراق دادەنێت و دەڵێ بۆ هەموو شتێک دەبێ بچنەوە بەغداد.

بۆ رۆژاڤاش هەر وایە… ئەوە دەیەیەکە لە سوریایە و بە کردەیی رۆژاڤا بووە بە هەرێمێکی سەربەخۆی ئیداری و جوگرافی و سیاسی کەچی هیچ رێکەوتن و پابەندییەکی سیاسی لەگەڵدا مۆر نەکردووە، بەڵکو تەنها چەکیان پێ دەدات گەر باریان بکەوێتە لێژی ئەویش بۆ گیان داعش ئەگینا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێ دەنگی هەڵبژاردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆیەوە کە ئەمریکا بە نیازە سیستەمی موشەکی بەرگری ئاسمانی بداتە هاوپەیمانەکانی وەک سعودیە و ئیسرائیل و لەوانەش کوردستان. دیارە قورسە ئەو هەوالە بۆ کوردستان راست بێ، بەڵام گەر واشبێ ئەوا جگە لە قەباعەتێکی تر هیچی تری لی سەوز نابێ بۆ ئەو وڵاتە چونکە ئاسانترین شتێک ببارێ لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا موشەک و بوردوومانەکانی وڵاتانی دەوروبەرە و تا ئیستاش دەیان و سەدان جار روویداوە بێ ئەوەی ئەمریکا هیچ فزەیەکی لێوە بێ ئەوە باسی هەڵوێست هەر مەکە.

هۆکاری هەموو ئەمانەش دوو شتە:

یەکەم، ئەمریکا کوردستان بە کۆگایەکی سەربازی دادەنێ نەک نێشتمانێک کە ملیۆنان مرۆڤ خەونیان ئەوە بوو رۆژگارێک ئەمریکا بێت و وەک ئیسرائیل پشتیوانی قەوارەیەکی سیاسی دەوڵەتیان بۆ دابمەزرینێ. وجودی سەربازی ئەمریکا لە باشور و رۆژاڤا جگە لەوەی وڵاتەکە وەک کۆگایەکی سەربازی بەکاردەهێنێ هیچی تر نییە؛ ئەگەرنا، سی ساڵ لە باشور و دە ساڵ لە رۆژاڤا ئەمریکا یەک پیتی لەسەر کاغەز دانەناوە بۆ پشتیوانیەکی سیاسی لە کورد.

دووەم، لەو روانگەیەوەی ئەمریکا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و هەموویان بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە وای کردووە وڵاتانی دەوروبەر بە کەماڵی خۆیان چۆنیان بوێ ئاوها مانۆڕی سەربازی تیدا دەکەن یاخود موشەک وەک باران دەبارێ بەسەر ئەو وڵاتەدا. ئەم وڵاتە بووە بە کۆگایەکی سەربازی و هەموان چەکی خۆیانی تیدا تاقی دەکەنەوە.

ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە بیڵێم ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە کوردییەی باشور لە بەرامبەر ئەو بە کۆگایی بوونەدا هیچ دید و سیاسەت و قسەیەکی نییە جگە لەوەی تەماشەکەرێک بێ گەر بەشداریکەرێکی جدی ئەو دۆخە نەبێت. ئەم تەماشاکردنەیە کە دەستی هەموانی واڵاکردووە هەر لە ئەمریکاوە تادەگات بە هەر دەوڵەتێکی ناوچەکە نیشتمانەکە وەک کۆگایەکی سەربازی ببینین!

وێنەکان: باڵەخانەکەی پارەکەی هەولێر و فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەولێرە..

Leave A Reply

Your email address will not be published.