تەنها بەپرسانێک نین، هەموو دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان، دەسەڵاتێکی مافیای و تاڵانچی و دژی هاوڵاتیان و ئازادیییە، دەبێ وەلابنرێت.
تەنها بەپرسانێک نین، هەموو دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان، دەسەڵاتێکی مافیای و تاڵانچی و دژی هاوڵاتیان و ئازادیییە، دەبێ وەلابنرێت.
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
قوباد تاڵەبانی، لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ لیژنەی دەستپاکی وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا بە ئاشکرا ئاماژەیدا بە بوونی بەرپرسانێک کە بوونەتە فیرعەون، بوونە بکوژ و قاچاخچی، خەڵک و رۆژنامەنووس دەکوژن، زەوی داگیر دەکەن، پارەو سەرانە لەدوکاندار دەسەنن، خەڵک تەهدید دەکەن… تاد.
تاڵەبانی کوڕ راست دەکات، بەڵام ئەمانە تەنها بەرپرسانێک نین کە لە حزبەکەی خۆیدان و ناکۆکی لەگەڵیان هەیە، بەڵکو هەموو دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان، دەسەڵاتێکی مافیایی و فیرعەونی و دیکتاتۆرە، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، داهاتی کوردستان تاڵان و هەرزان فرۆش دەکەن، رۆژنامەنووسان و تیرۆر دەکەن و ئازادییەکان پێشێل دەکەن، کەسانی نەیار بە دەسەڵاتیان دەترسێن و دەیان رفێنن و تیرۆریان دەکەن. هیچ شارێکی کوردستان نییە کەسانی سیاسی نەیاری دەسەڵاتی تیادا راو نەنرابێت، یان نانبراو و لەکاردەرنەکرابێت، یان تیرۆر و سەنگوم نەکرابێت… هیچ شارێکی کوردستان نییە رۆژنامەنووسان تیایدا توشی هەرەشەو لێدان نەبووبێتنەوە یان یان تیرۆر نەکرابن… سۆران مامە حەمە و عبدلستار تاهیر لە کەرکوک، کاوە گەرمیانی لە گەرمیان و سەردەشت عوسمان لە هەولێر و ویداد لە دهۆک، لیستی تیرۆرە سیاسیەکانیش هێندە درێژە نەک هەڵسوراوان و نەیارانی دەسەڵات لە کوردستان، بەڵکو دەیان کەس لە کادرو هەڵسوراوانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ئیرانی و تورکی و سوریش، تیرۆرکروان… قاچاخچێتی بەشێکە لە پیشەی دەسەڵاتیان و تەنانەت لەگەڵ داعشی خوێنخۆری ئینساندا، ئەنجامیان دەدا. بازرگانیکردن نەک تەنها بە داو دەرمان و خۆراکی هاوڵاتیانەوە، نەک هەر بەو چەک و تەقەمەنیانەوە کە وەکو هاوکاری وەریان گرتووە، یان لە شەرەکاندا دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵکو بازرگانی بە کارەساتە دڵتەزێنەکانی وەکو بۆمباباران و کیمیایی و ئەنفال و جینوسایدی یەزیدیەکان وبارزانیەکان و… دەکەن. تاڵانی بێ سنورەو نەک تەنها زەوی و باغ و ئاو، بەڵكو هەموو سەرچاوەکانی داهاتیان لەدەستی خۆیان و کەسانی نزیکی خۆیاندا مۆڵ کردووە، هەموو سەرچاوەکانی بازرگانی و پیشەسازییان کۆنترۆڵی خۆیان و کەسانی سەربەخۆیان کردووە، لە بازرگانی داو و دەرمانەوە بۆ جگەرەو مواسەلات و هاتوچۆ تا دەگاتە بیناسازی و رێگاوبان. نەتەنها نەوتی و سامانی سروشتی ئێستای کوردستان تاڵان و هەرزان فرۆش دەکەن، بەڵکو بەشی چەندین نەوەی داهاتوی خەڵکی کوردستانیان لە نەوت و غازو سامانی سروشتی تر، پێشفرۆش کردووە. نەک پارە لە دوکاندار، یان کەسانێک کە پرۆژەیەک دەکەنەوە، بەڵکو هیچ تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە نییە، بەرێگای جۆراوجۆر گیرفانی دانەتەکێنرێت… باج و سەرانەیان لەسەر هەموو شتێک داناوەو لەوەش درندانەتر موچەی کرێکاران و کارمەندانیان کردۆتە نیوەو چارەکە موچە و مانگیان لە ٣٠ رۆژەوە درێژ کردۆتەوە بۆ ٩٠ رۆژو زیاتریش… نەک تەنها هەرەشە لە تاک و تەرای خەڵک، بەڵکو زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان روبەرووی هەرەشە بۆتەوە هەرەشەی لێدەکرێت، هیچ خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەری لە کوردستاندا بەدژی دەسەڵات ئەنجامدرابێت، تەنانەت بۆ مافە زۆر سەرەتایەکانییش بووبیت، بە ترساندن و سەرکوت و چەک وەڵامی پێدراوەتەوە.
خوڵقاندنی ژیانی شاهانەو فیرعەونی بۆ خۆیان و دەوربەریان و دامەزراندنی جەهەنەمێکی واقعی بۆ زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەو کرێکاران و زەحمەتکێشان بەتایبەتی… وە لیستی تاوان و تاڵانیەکان، تا دەگاتە تۆماری نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە…. لیستی تیرۆری سیاسییەکان بۆ رۆژنامەنووسان و ئۆپۆزیسێۆنی وڵاتانی ناوچەکە… لەگەڵ بازرگانی و قاچاخچیتی و دەست بەسەراگرتنی هەموو سامان و داهاتێکی کۆمەڵگەی کوردستان… وە گوێ خەواندن و شانخاڵی کردنەوە بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی وەکو ئاو کارەبا و سوتەمەنی… تا دەگاتە وێرانکردنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە، داروخاندنی تەندروستی، ژینگە سازکردن بۆ کۆنەپەرستی دینی و داعشی، پەرەدان بە پیاوسالاری و قەسابیکردنی ژنان، وێرانکردنی و خنکاندنی ویست و خواستەکانی لاوان، لاباک بوون بەرامبەر بە خانەنشینان و فرێدانیان بۆ سەر جادە، لەگەڵ گرانی و بێکاری و بێ مافی هەمەلایەنی سیاسی و پیشیلکردنی مافە فەردی و مەدەنیەکان… دەریایەک لە تاوانن کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکە قوباد تاڵەبانی و لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیان، لە چارەکە سەدەی رابردوودا ئەنجامیان داوە… بە جیا لەهەموو ئەمانە ئایندەی سیاسی کوردستانیان، بەرەو چارەنوسێکی نادیار و تەماوی کردۆتەوە، کۆمەڵگەیان لە باری فەرهەنگییەوە چەند قات بردۆتە دواوە… کەشی بێئومیدیان زاڵ کردووە، نۆکەرایەتی و خۆبەستنەوەیان بە وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکانی دنیا کردۆتە نەریتێکی جێگر…
ئەو دانپیانانەی قوباد تاڵەبانی، لەسەر چەند بەرپرسێک… دانپیانانە بە دۆسیەی کارنامەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەگشتی. ئەگەر ئەحزابی سیاسی هەمەرەنگی بۆرژوازی لە دنیادا نوێنەرایەتی چینە داراکان دەکەن، بۆ بەرگری لە سیستەمی ئابوری و چینایەتی و کۆمپانیاکانی کەڵەکەی سەرمایە، دروست بوون، ئەوا لە کوردستاندا حزبە سیاسیەکان بۆرژوازی کورد، هەم کۆمپانیای تاڵانین و هەم دەسەڵاتی سیاسی… بۆیە بۆ بەرگری لەخۆیان و بەرژەوەندیەکانیان، ئامادەی هەموو تاوانکاریەکن. ئەو بەرپرسانەی تاڵەبانی کوڕ باسیان دەکات… یەکێک و دوان نین، بەڵکو تەواوی سیستەمی سیاسی و بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە لە حزب و حکومەتدا… تاڵانچێ و مافیاو سەرکوتگەرو سیاسی نەیار کوژ و رۆژنامەکوژ و ژیان کوژن…
خەڵکی نارازی و تورەی کوردستان، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، چارەنووسی ئیستاو ئایندەیان کراوەتە دەستمایەی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی کوردستان، ئەگەر تا دوێنی ژمارەیەک رۆژنامەنووس یان نەیارانی سیاسی دەسەڵات، فایل و دۆسیەی کوشتار و تاڵانی دەسەڵات و سەرکوتی دەسەڵات و بەرپرسانیان دەخستە روو، وە لەسەر ئەم کارەیان نان براو دەکران و روبەروی هەرەشە دەبوونەوە یان تیرۆر دەکران… ئەمرۆ لەسەری سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتەوە دان دەنێن بە سەرکوتگەری و تاڵانچیتی و کوشتاری خەڵکی بێتاوان و رۆژنامە نووساندا… ئەمەش بەیانی شکست و فەشەلی دەسەڵاتە لەلایەن سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە.
خەڵکی کوردستان و بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگە، ئەرکیانە لەبەرامبەر دانپیانانی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە تاوانەکانیان، بێنە دەنگ و ئیرادەی شۆرشگێڕانەیان نمایش بکەن و نەبەردەکانی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە ئینسانکوژ و تاڵانچی و ژیانکوژە، دەست پێبکەن… بۆ ئەم مەبەستە رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون، پیکهێنانی دەستەو کۆمیتەکانی راپەرین، ئامادەسازی جەماوەری و چەکداری رێکخراو، رابەری بەرچاو رۆشن و تەشخیس دانی هەنگاوەکان بۆ راماڵینی ئەو دەسەڵاتەو بە سزا گەیاندنی تۆمەتباران و گێرانەوەی داهاتی دزراوی کوردستان بۆ دەستی خودی خەڵکی کوردستان، ئەو ئەرک و ئامادەکاریانەن کە دواخستن هەڵناگرن. پێداگری لەسەر ئەو راستیەی کە ئەم دەسەڵاتە لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە یان بە شێوازی خەباتی مەدەنی بەتەنها، ناتوانن ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە پێکبهێنن، بۆتە ئەزمونێکی چەسپاو. رێگای شۆرشگێرانەو جەماوەری پشت بەستو بە هێزی چەکداری رێکخراو پێویستە… دەبێ بۆ ئەو نەبەردە ئامادەبین…