وڵاتانی ڕۆژئاوا و خاپورکردنی غەززە… نووسینی: بنار مستەفا

0

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر خاپورکردنی غەززە و کوشتاری هەزاران کەسی مەدەنی ئەو شارە، نەک بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون، بە شێوەی ئاشکرا لە پشتی ئیسڕائیل ڕاوەستاون و حەق بەو تاوانە فراوانانە دەدەن. هەندێک جار لە پاڵ مەحکوم کردنی حەماس و دانی ماف بە ئیسڕائیل بۆ “بەرگری لە خۆی”، دەیانەوێت قسەیەکیش بکەن لەسەر خەڵکی مەدەنی غەززە و گەیشتنی یارمەتی مرۆیی پێیان، بەڵام ناتوانن بیشارنەوە، کە چەندە بێ ئەرزشانە تەماشای ژیانی خەڵکی ئەو شارە دەکەن.

دەنگدان لەسەر بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بە دانیشتوانانی غەززە، ٤٥ وڵات، لە نێویاندا وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا وەک سوید، دانیمارک، ئەلمانیا و هۆڵندا دەنگیان پێ نەدا. هەوڵیان دا هەڵوێستی پڕ لە شەرمیان بە “نەهاتنی مەحکومکردنی حەماس” پاساو بدەن، بەڵام ئەم دەربڕینە پووچە ئەو ڕاستییە حەشار نادات، کە لە بەرانبەر خواستی ڕاگرتنی جەنگ وەستانەوە و ئاشکرا ڕەوایەتیان دا بە خاپورکردنی غەززە.

کاتێک بەرپرسانی سەرانی ڕۆژئاوا لەسەر غەززە دەدوێن، ناتوانن قسەیەک بکەن بێ ئاماژەدان بە هێرشەکانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمدا. وەک بڵێی کێشەی فەڵەستین تەنها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستی پێکرد. لە بێ ئاگاییان نییە، بەڵکو دەیانەوێت بۆردومان و هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی حەماس پەردەپۆش بکەن. درک بەوە دەکەن، کە ئیسڕائیل تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات و هەر وەک حەماس ژیانی خەڵکی بۆ گرنگ نییە و پشتیوانی لێی مایەی شەرمەزارییە. بۆیە هێندە دەگەڕێنەوە بۆ حەماس، تا هەوڵ بدەن ئاستی ئەو شەرمە دابەزێنن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر گرنگیان دەدا بە “بەها ڕۆژئاواییەکان”، ساڵ بە ساڵ و لە پەیوەند بە ڕووداوە جیاوازەکانەوە دەردەکەوێت، کە ئەم بەهایانە چەندە پووچن و لە پاراستنی بەرژەوەندی بۆرژوازی ‌هیچی تر نییە. لە جەنگی ئوکرانیادا وڵاتانی ڕۆژئاوا یەک دەستە لە پاڵ ئوکرانیا ڕاوەستان و بە مافێکی گرنگیان زانی، کە ئوکرانیا لە بەرانبەر هێرشی ڕوسیا بەرگری لە خۆی بکات. کۆمەکی بەردەوامی چەک و تەقەمەنی بە بەهای ملیاردەها دۆلاریان دەبەخشییە ئوکرانیا و گەمارۆیان خستە سەر ڕووسیا و لە کاروباری نێونەتەوەیی دووریان خستەوە. تەنانەت ڕەزامەند نەبوون وەرزشوانانی ڕووسیا لە ژێر ئاڵای بێلایەنی وەک ئۆڵومپیات بەشداری پێشبڕکێکان بکەن. لە کاتێکدا تاوانەکانی ئیسڕائیل، تەنها بە پێی زانیاری دەزگا ڕاگەیاندنەکانی خۆیان، چەند بەرانبەر بەوەی ئوکرانیایە، بەڵام نەک کاولکاری و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە ڕاینەچڵەکانن و داوای ڕاگرتنی جەنگ ناکەن، بەڵکو بەردەوام حەقانیەت بە هێرشەکانی ئیسڕائیل دەدەن.

سەمەرە ئەوەیە، کە جەنەڕاڵ و قسەکەرانی ئیسڕائیل زۆر توند دەدوێن و بۆ نمونە باس لە درێژەکێشانی جەنگ بۆ چەند مانگ دەکەن. باس دەکەن لەوەی بە شێوەیەک غەززە بۆردومان دەکەن و دەگۆڕن، کە هیچ کات پێشتر بەخۆوە نەدیبێت، ئاشکرا ڕێگە نادەن خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی بگاتە دانیشتوانان و کارەبا و هێڵەکانی پەیوەندیان لە خەڵکی دەبڕن. داوا لە دانێشتوانانی غەززە دەکەن ماڵ و شوێنی ژیانیان چۆڵ بکەن، تا بۆردومانی بکەن… بەجیا لەوەش، کە بەکردەوە دەستی لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە. وێڕای هەموو ئەم ڕاستیانە، کە ئیسڕائیل خۆی باسیان لێوە دەکات، هیشتا سەرانی ڕۆژئاوا باس لە “مافی بەرگری لە خۆێی” بۆ ئیسڕائیل دەهۆننەوە.

خۆشبەختانە لە دەرەوەی کاربەدەستان و سەرانی وڵاتان، خەڵکی ئازادیخوازانی وڵاتان هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ئەم ملهوڕییەی ئیسڕائیل مەحکوم دەکەن. حکومەتەکانیان شەرمەزارکردووە لە بەرانبەر هەڵوێستی نابەجێ و دەنگنەدانیان لە دانیشتنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕاگرتنی جەنگ. هەوڵی گوشارهێنان بۆ حکومەتی وڵاتانیان، تا هەڵوێستێکی تریان هەبێت لە بەرانبەر کوشتاری خەڵکی غەززە. هەر ئەم هێرشە دەتوانێت سنوورێک بۆ ئیسڕائیل و پشتیوانی سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دابنێت و کاریگەری دابنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کوشتاری خەڵکی غەززە.

 

کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.