بارانی گڕ!!… هۆنراوە: بەندی عەلی
ژیان بارمتەی دەهرێکە بێ گیان
سیمورغی مێژوو لەسەر بەردێ کڕ
لەبەختی کێوی سەختی دڵی من
لە هەوری ئازار گـڕ دەبارێ، گـڕ
سەیلی لێ دەڕژێ لەجیاتی تنۆك
لێواری بەرزی جامی سەبری پڕ
لەبەختی کێوی سەختی دڵی من
لە هەوری ئازار گڕ دەبارێ، گڕ
دەمی گڕکانە دەربیجەی هاوار
کێوی بێدەنگی بەژن بەرزو سڕ
لەبەختی کێوی سەختی دڵی من
لە هەوری ئازار گڕ دەبارێ، گڕ
بێزارە هەنگاو، مینڕێژە بەخار
پێدەشتی هەوار بێ خێرو قاقڕ
لەبەختی کێوی سەختی دڵی من
لە هەوری ئازار گڕ دەبارێ، گڕ
ناچێ بەڕێوە بەم چەشنە کاروان
سەرقەتاری خێڵ، میرانی ملهوڕ
لەبەختی کێوی سەختی دڵی من
لە هەوری ئازار گڕ دەبارێ، گڕ