پرسی ڕۆژ/ پرسی مووچەی فەرمانبەران وبایکۆتی مامۆستایان. مامۆستا کامەران لەتیف؛ مامۆستای خوێندنگەی بڵێسەی بنەڕەتی و بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە…

0

پرسی مووچەی فەرمانبەران بەپاشەکەوتکردن، و لێبڕینی جیاجیا تادەگاتە دواکەوتن ونەدانی مووچە بۆپتر لەمانگێک، ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، و بۆتە پرسێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی وماڵی وچۆتە ناو ماڵی هەمووتاکێکی کۆمەڵگەی کوردستان. گەیشتۆتە رادەی پەکخستنی ئابووری وڵات ونانەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی ودەروونی وفەرهەنگی بۆکۆمەڵگە. سەرچاوەکەشی بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کەماوەی پتر لە٣٠ساڵە دووحزبی سەرەکی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە وئەودۆخەیان پێچارەسەرنەکراوە!

دوایین ناڕەزایەتی لەلایەن مامۆستایانی ناوچەی زۆنی سەوزەوە دەستیپێکردەوە لەبایکۆتکردنی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ە. بەڕای بەڕێزتان وەڵامنەدانەوە وچارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆ نارێکخراوی فەرنامبەران بەگشتی لەداواکردنی مافەکانیان؟ یان بێباکی دەسەڵاتداران لەهەرێم لەبەرامبەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بەگشتی؟ هەروەها دوای تەجروبەیەکی زۆر لەدەربڕینی ناڕەزایەتی بەشێوەی جۆراوجۆر؛ رێگەچارە چییە؟

مامۆستا کامەران لەتیف؛ مامۆستای خوێندنگەی بڵێسەی بنەڕەتی و بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.

دیارە خەڵکی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕیووە، بە شێوەی جۆراوجۆر هەر لە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییەکان؛ تا دەگات بە نەبوونی ئازادی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان. ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان داناوە، بە تایبەتی چین و توێژی مووچەخۆر لە چەند ساڵی ڕابردوودا مووچەکانیان پاشەکەوت کراوە یان نیوە موچە و لێبڕین بووە. دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ کات باکیان بە ژیانی خەڵکی کوردستان نییە وبەردەوامن لەسەر برسیکردن و تێکشاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە دەستبردن بۆ ژیان و قوتی فەرمانبەران و مامۆستایان کە ئەویش مووچەکەیەتی، لە بەرامبەر بەمە هەمیشە مووچەخۆران بە تایبەتی مامۆستایان بە شێوەی جۆراوجۆر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. ئەمساڵیش لە دەستپێکی خوێندنەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند لە ناوچەکەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وڕاپەڕین وشار و شارۆچکەکان، کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار مناڵ تاکوو ئێستا بێبەشن لە خوێندن، وە زیاتر لە چل ڕۆژە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن کراوە. ئەوەی شایەنی وتنە؛ دەسەڵات هیچ وەڵامێکی داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نەداوەتەوە بەهۆی لاوازی ناڕەزایەتییەکان کە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:

 یەکەم: بایکۆت و خۆپیشاندانەکان تاکوو ئێستا سەرتاسەری نەبووە، تەنها زیاتر لە ناوچەی سەوز بووە. ئەمەش خاڵێکی لاوازی ناڕەزایەتییەکانە.

دووەم: چین و توێژەکانی مووچەخۆر، ڕێکخراوێکی واقیعی سەرتاسەری نەبووە. بۆیە دەسەڵات هەمیشە سوودی لە قڵشت و جیاوازی و ناکۆکییەکان وەرگرتووە.

سێیەم: لە ئێستادا زیاتر مامۆستایان ڕۆڵی ناڕەزایەتییەکان دەبینن، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تر بەردەوامن لە دەوامکردن، ئەمەش بۆتە خاڵێکی تری لاوازی ناڕەزایەتییەکان.

 چوارەم: ئەو خوێندنگانەی سەربە کەرتی تایبەتن؛ بەردەوامن لە خوێندن وهیچ کێشەیان نییە، چونکە سەر بە بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتین.

 بۆیە دەکرێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر و کاریگەر و یەکگرتوو بکرێت. هەروەها زیاتر فشار لەسەر دەسەڵات دروستبکرێت تاکوو وەڵام بە داخوازییە بەرحەقەکانی بداتەوە. هەروەها دەبێت خەڵکی کوردستان بە تایبەتی مووچەخۆران وفەرمانبەران ڕیزی ڕێکخراوبوونی خۆیان جیابکەنەوە لە دەسەڵات و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن …ئەمە لایەنی کەم زامنی مافە خوراوەکانی مووچەخۆران دەکات…

Leave A Reply

Your email address will not be published.