بزوتنەوەی دژە شەر، بە وێنەی هێزێکی بەرینی وێڵ بەدوای ئارامی و ئاشتیدا، پەرەدەستێنێ!

0

لەگەڵ هەڵکشانی هێرشە ئینسان کوژییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستینیەکان و غەزە و وێرانکارییەکی بێ وینەو کوشتارێکی دەستی ئەنقەست، بە پشتیوانی ئاشکرای دنیای دیموکراسی ئەمریکاو غەرب، بزوتنەوەی دژە شەڕ تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت. پروپاگەندەی جەنگی ئەمریکاو غەرب بەوەی کە جەنگی ئێستا دژی حەماس و تیرۆرە تا دەگات بەوەی کە دەڵێن” ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە”، و تەنانەت سەرباری ریگری و هەرەشەکانی وڵاتانی ئەمریکاو غەرب بۆ بەرگرتن بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی بە پاساوی بەرگری لە حەماسی دەست پەروەردەکراویان، نەیان توانیووە راستی هیرشی داگیرکەرانەی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی فەلەستین و وەکو سەچاوەری پێ گرتنی گروپە ئیسلامیەکان، بشارنەوە. بۆیە خەڵکی ئازادیخوازی دنیا، چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئینسان دۆستەکان…وەکو هێزیكی گەورە هاتوونەتە مەیدان و رۆژ بەرۆژیش ئەم بزوتنەوەیە وەکو بزوتنەوەی دژە شەر بەرینتر و فراوانتر دەبێتەوە.

بزوتنەوەی دژە شەر چ لە ناوخۆی ئەمریکادا و ئیسرائیل و چ لە وڵاتانی ئەوروپا و دنیای عەرەبدا، لە پەرەسەندندایە. دڕندەیی دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتی دەستی راستی نەتانیاهۆ، و پشتیوانی ئاشکراو بی روپۆشی ئەمریکا و غەرب لە هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و فەلەستینیەکان، بە ناچار بزوتنەوەیەکی فراوانی هێناوەتە مەیدان، کە نەک تەنها دژی داگیرکاری و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیلە، بەڵکو دژی سیاسەتی دەستئاوەلاکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ کوشتارو ویرانکاری لەلایەن ئەمریکاو غەرب و میلیتاریزەکردنی ناوچەکەو وەستانەوەیە بە خەواندنی چارەسەری کیشەی فەلەستین لە ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

برینی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و خۆراک و ئابلۆقەیەکی بی سنور، لەپاڵ بۆردومان و هێرشی بەردەوام و فراواندا بۆسەر فەلەستینیەکان، ریگری کردن و گوشار هێنان بۆ خەڵکی دنیای دژە شەر و داگیرکاری لەناو خۆی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپادا، بۆ ئەوەی نەیەنە مەیدان و زۆنی کامیراکانی توڕەیەکەیان بشارێتەوە و دنیا تەنها رووی فریوکاری و هێرشی تاک لایەنەی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لێی بە پاساوی جەنگ لە دژی حەماس، نمایش بکات، شکستی خوارد. ئەم شکستە لە ئاستی دنیا و لەناو جەرگەی پایتەختەکانی ئەوروپادا، گوزیکی کەمەر شکێنە بۆسەر درندەیی دیموکراسی و هیچ سەرکەوتنیكی سەربازی و لۆژیکی براوەی هێز ناتوانێت، پشتی لەژیر بزوتنەوەی دژە شەردا راست بکاتەوە.

بزوتنەوەی دژە شەر، هێزێکی بەرینی وێلە بەدوای ئارامی و ئاشتیدا، هێزێکە بەدوای ئازادی و عەدالەتدا، هێزیکە کە ئەوانەی دەیجوڵینن، هێزە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکانن… هێز گەلێکن کە دەستەمۆی سیاسەتی زاڵ و دیدی زلهێزەکان نابن و لەناو جەرگەی ئەزمە و جەنگ و ململانێی هیزە بەرژەوەندیخوازەکان، پشت بەستن بە ئیرادەو توانایی جەماوەری مەبنایە. سەرباری ئەوەی ئەم هێز گەلە خاوەن ئاسۆیەکی رۆشن هاوئاهەنگ و نین و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی جوڵانەوە سیاسی جیاجیا دەکەن، هێزی کاریگەرن، بەڵام یەکلاکەرەوە نین. هێشتا نەبوونەتە بلۆکێک کە ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە بریار بەدەستەکانی دنیا مل کەچی بن و وەکو هێزیک بەفەرمی بناسن و مامەڵەی فەرمی لەگەڵ بکەن. بەڵام گوشارەکانی واقعین و حاشا لە گوشارەکانی و هاوکات لە تواناییەکەی ناکرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو تواناییە فراوانتر و هەماهەنگتر و ئامانجدار تر و خاوەنی پلاتفۆرمی هاوبەشی خۆی بێت و هەنگاو بەهەنگاو پێشرەویەکانی لە بێژەنگ بدات و بەسەر لاوازییەکانی خۆیدا زاڵ بێت. ئەم جوڵانەوەیە زۆتر لە کەشی گشتیی و شەقامدایە و یەکانگیر لەگەڵ ناوەندەکانی ئابوری و بەرهەم هێناندا نییە. مانگرتنی فراوانی کریکاری و کارگەو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەگرتۆتەوە و شادەماری ئابوری نەبەستووە. ریکخراو یەکێتییە کرێکارییەکان لەناو بزوتنەوەی دژی شەردا ئامادەییان واقعیەتیکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام تا ئێستا لە شوینی کاریاندا دەستیان بۆ کار راگرتن و لەجوڵە خستنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان نەبردووە، ئەمەش توانایی ئەم بزوتنەوەیە سنوردار دەکات. گۆرێنی هاوسەنگی هێزی بزوتنەوەی دژی شەر، لە گرەوی ئەوەدایە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و شادەماری سەرمایە، لە جوڵە بخرێت، ئەوە دەتوانێت، ببێتە هێزێک کە جەنگ رابگرێت و گەروی دەسەڵاتی سەرمایەو سیاسەتی جەنگی خوازی و میلیتاریزم و لۆژیکی هیز بەکارهێنان لە ململانێکاندا کەنار بخات. پێویستە هیزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەو راستایەدا کارایی زۆتر و نەخشی بەرجەستە بگێرن و ئەم بزوتنەوە دژە شەرەی لە ئارادایە و تادیت فراوانتر دەبێتەوە لە هێزێکی گوشارەوە بکاتە هێزیکی بریاردەرو یەکلایی کەرەوە.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.