رفاندن وتیرۆرکردن لەسایەى سیستەمى چەوسێنەردا
رفاندن وتیرۆرکردن لەسایەى سیستەمى چەوسێنەردا
نووسینی: عبدالرحمن رسول
سیستەمێک بەدرێژایى ٢٦ساڵ دەسەڵاتدارێتى بەرهەمەکەى فڕاندن وتیرۆرکردن و بزرکردن و ونکردن ودزى وتاڵانى وگەندەڵى وفەسادى وئاوارەیى وهەژارى وبێکارى ونابەرابەرى وشەڕوکوشتن بێت ئەى چۆن سیستەمێکى چەوسێنەر نییە؟!! لەبەرئەوەى دەسەڵاتێکى کوردییە ناکرێ ونابێ وجوان نییە پێى بگوترێت سیستەمێکى چەوسێنەروسەرکوت؟! ئەکرێ بڵێى کەموکوڕى هەیە ئەویش ووردەوردە وهەنگاوبەهەنگاو چاک دەبێت! کورد دوژمنى زۆرەولەقەیراندایە، پێویستە ڕەچاوى ئەم بارودۆخەى ئێستاى باشوورى کوردستان بکرێت، با ئەم ئەزموونەمان لەناونەچێت! ئەبێت سەبرمان هەبێت ئەم بارودۆخەش دەڕوات! هەرچى بچێتە سەر دەسەڵات هەروەک یەکێتى وپارتى دزوگەندەڵ دەبێت! ئیسلامییەکان وبزوتنەوەى گۆرانیش لەیەکێتى وپارتى خراپترن کەدەسەڵاتیان هەبێت! شیوعى وکۆمۆنیست وچەپەکانیش هیشتا کەمن و هیچیان پێناکرێت! لەبەرئەوەى کافرو بێ دینن لەگەڵ کۆمەڵگەی باشوورى کوردستان نایەنەوە، باب وباپیرانى ئێمە هەموویان موسڵمانن! کەواتە چى بکەین وچارەسەر چییە؟چارەسەرئەوەیە دەبێت سەبرمان هەبێت هەنگاو بە هەنگاو سەرکردایەتى کوردوحکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى دەکات لەبەرئەوەى ئێستا هەموو حیزبەکانى تێدان هەر لەیەکێتى نیشتیمانى کوردستان وپارتى دیموکراتى کوردستان ویەکگرتوویى ئیسلامى وکۆمەڵى ئیسلامى وبزوتنەوەى گۆڕان وشیوعى وسۆسیالیست وحیزبە سێبەرەکانى پارتى ویەکێتى تێدا بەشدارن وهەنگاو بەهەنگاو باشتر دەبێت!! ئەمانەى سەرەوە هەمووى قسەونووسینەکانى لایەنگران وهەوادارانى دەسەڵات وسیستەمى چەوسێنەرى خێڵاتى وبنەماڵەیى وحیزبایەتى ئێستایی سەرکردایەتى حیزبەکانى بەشدار لەحکومەت وپەڕلەمانى باشوورى کوردستانە لەبەرئەوەى خۆیان لەناوحکومەت وپەرلەماندان بۆیەپاساوبۆقسەبریقەدارو فرێودەرەکانیان دەهێنەوە.
ئەیانەوێت خەڵک بەم قسەو نووسینانە کەبەرگرى لەسیستەمێکى نەگۆڕى پاش ٢٦ساڵە بکەن، هەربەهەمان جۆر لەناوەرۆکدا درێژەى پێبدەن ڕێگرى لەهەر ئاڵوگۆڕێک بکەن کە خەڵکى هەژارو نەدارو ناڕازى بەم سیستەمە چەوسێنەرو سەرکوتە دەیانەوێت بیکەن، بەڵام قسەونووسیەنەکانیان هیچ بڕناکات وکەمترین کاریگەرى نابێت بەسەر خەڵکى ناڕازى وئازادیخوازو یەکسانیخوازە تێکۆشەرەکانى کۆمەڵگە بەگشتى وگەنجان ولاوانى باشوورى کوردستان بەتایبەتى. ڕۆژ لەدوایى ڕۆژ خەڵکى ناڕازى دەروونیان هەڵدەچێت لەدژى ئەم نابەرابەرى وسەرکوت ودزى و تاڵانى وگەندەڵییە. هەربۆیەش لەترسى تەقینەوەى بورکانى گەنجان و لاوانە هەموو ڕۆژێ وهەموو هەفتەو هەموو مانگێک گوێبیستى هەواڵى دڵتەزێنى فڕاندن وبزرکردن و ونکردن وتیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووسێک وچالاکوانى مەدەنى و ڕەخنەگرێکى سیاسى و خاوەن بڵاوکردنەوەى وێنەو بابەتێکى فەیسبووک وڕۆژنامەو ماڵپەڕو بڵاوکراوەکان نەبین. لەبەرئەوەى پارێزەرانى ئەم جۆرە سیستەمە کە دەزانن ڕۆژێک دادێت تەواوى سیستەمى چەوسێنەرو سەرکوتى باشوورى کوردستان هەروەک تەقانەوەى بورکانى لێدێت لە دژیاندا بەشۆڕش وڕاپەرینى گەنجان ولاوان و ئازادیخوازو یەکسانیخوازانى باشوورى کوردستان.
ئەم کەلتوورو سونەتە کۆنەپەرست و دژەمرۆڤایەتییەى کە خەڵک شوین بزردەکەن یاخود بەنادیارى تیرۆری دەکەن بەدرێژایی ٢٦ ساڵە گەشەى پێدەدرێت لەژێرسایەى دەسەڵات وسیستەمى خێڵایەتى وحیزبایەتى کوردى دا. ئەگەرئەم دەسەڵات و سیستمە بەرپرس نەبێت لەدۆزینەوەى تاوانباران وبەسزاگەیاندنیان ئەى کێ بەرپرسە؟
لەساڵى ١٩٩١ لەگەل ڕاپەرینى خەڵکى باشوورى کوردستان حیزبەکانى بەرەى کوردستانى کەئێستاش بەشدارى حکومەت وپەرلەمانن لەژێرسایەى ئەوبەرەى کوردستانییەدا تاڵانى نەخۆشخانەو خوێندنگاو زانکۆ و بەنداوەکان وکارگە حکومییەکان دەستى پێکرد. بەرپرسەکان خۆیان کەرەستە گرانبەهاکانیان ئەودیوى ئێران وتورکیا و ئەوروپا دەکرد، دەسەڵات لێرەوە بەفەسادى ودزى وگەندەڵى هەنگاوى نا کە هەتا ئێستا بەردەوامە.
لەساڵى ١٩٩١بزوتنەوەیەکى جەماوەرى پەیامى مرۆڤدۆستى وئازادى و یەکسانى و بەرابەرى هەڵگرتبوو ووردە ووردە لەگەشەکردن دابوو بەبێ ئەوەى دزى تاڵانى وگەندەڵى بکات، بەڵکو دەیویست بەکردارو نەک تەنها قسەو نوسین حیزبەکان وتەواوى کۆمەڵگا فێرى بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى شورایى بکات کە دەسەڵاتى خودى خەڵکە لەگەڕەک وگوندو شارو شارۆچەکاندا. هەنگاو بەهەنگاو زۆر بەجوانى بەپشت بەستن بەخودى خەڵک خۆیى ئێدارەی کۆمەڵگە بکات، بەبێ دزى وتاڵانى وهەموو خەڵک بەشداربێت لەدەسەڵات وپاشان چەسپاندنى ئازادى وبەرابەرى بەکردار هەنگاوى بۆدەندرا لەلایەن خودى خەڵکەوە کە بزوتنەوەى شوراکان بوون، بەڵام بەرەى کوردستانى بەسەرکردایەتى یەکێتى وپارتى و حیزبەکانى بەشدار هێرشێکى زۆر دڕندانە کرایە سەربنکەو ناوەندەکانى شوراکان لەشارو شارۆچکەکان کە بەزەبرى هێزى چەکدار سەرجەم بنکەو بارەگاکانیان داخستن و تەنانەت چەندین هەڵسوڕاوى ڕابەرى بزوتنەوەى شورایی زیندانى دەکران وئەشکەنجەو ئازاردەدران ویاخود هەڕەشەى کوشتنیان لێ دەکرا، پاشان تیرۆر دەکران لێرەوە دەسەڵات وسیستەمى حیزبى خێڵایەتى وبنەماڵەیی باشوورى کوردستان هەنگاوى نا بەرەوداخستنى دەرگاکانى گەشەى ئازادى و شارستانیەت، بەپێچەوانەوەشەوە دەرگاکانى گەشەى جەهالەت وخورافیات وتوندڕەوى و دژە مرۆڤ بوون و کۆنەپەرستى کرانەوە.
بەدرێژایى ئەم ٢٦ ساڵە لەژێر سایەى ئەم جۆرە سیستەمەدا بەچەندەها کەسایەتى سیاسى بەتواناو ڕۆژنامەنووسى بەتوانا وچالاکوانى مەدەنى ورۆشنبیرى بەتوانا ڕفێندران و شوێن بزرکران وتیرۆرکران وئەشکەنجەو ئازاردران لەزیندانە نادیارەکانى ئەم سیستەمەدا. ئەگەر تائێستا سەرجەمیان زیندووبونایەو لەژیاندامابانایە، ئازادبوونایە لەناوکۆمەڵگەدا باشترین وجوانترین بەرهەمیان بەدڵنییایەوە دەبوو، لەبەرئەوەى هیچیان دزو گەندەڵ نەبوون. بەپێچەوانەوە بەهۆى ڕەخنەکانیان وئاشکراکردنى گەندەڵى و دزى و بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕە مرۆڤایەتییەکانیانەوە تیرۆرکراون. هەربۆیە دانە دانەیان بەبێ جیاوازى هەتاهەتایە لەناو لاپەڕەکانى مێژووی تێکۆشانى خەڵکى باشوورى کوردستاندا کە تێکۆشانیان کردووە بۆ بەدەستهێنانى ئازادى وبەرابەرى بەزیندوویی وگەشاوەیی دەمێننەوە خۆیان و بیروڕا جوانەکانیان.
نەکەم ئەقڵ و نەمنداڵە بەڵکو ڕۆژنامەنووسێکى دیارى ناوچەى بیتوێن وپشدەر لەشارى هەولێر کەپایتەختى دەسەڵات وسیستەمى حیزبى خێڵایەتى باشوورى کوردستانە شوێن بزردەکرێت بۆماوەى (١٠)ساڵە کەس نازانێت چى لێ بەسەرهاتووە!! لەسالى ٢٠٠٧ ڕۆژنامەنووس(محمد حسن)ئەشکەنەیى ناسراوبە(محمدسیاسى) خەڵکى شارى ڕانیە، لەشارى هەولێر شوێن بزرکراوە تائێستا کە ناوەڕاستى مانگى(کانوونى یەکەم)(١٢)ى ٢٠١٧ بێسەروشوێنە خانەوادەو کەسوکارى نازانن لەکوێیەو چارەنووسى (محمدسیاسى) چى لێ بەسەرهاتووە!! بەچەندین جار سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستانیان کردووە هیچیان بۆنەکردوون کەهەواڵێکى دروستیان پێ بدەن.
پاریس خهلیل بارزانی، كچه روژنامهنووس وبێژهری پێشوو له كهناڵی NRT زیاتر له دوو ساڵه شوێن بزره.
له دوای دهستبهرداربوونی له كهناڵی ئێن ئارتی به هۆی گواستنهوهی ماڵیان له سڵیمانیهوه بو ههولێر، به گوتهی براكهی پاریس بارزانی له ماڵهكهیاندا له ئیسكان لەهەولێر له لایهن ئوتومبێلێكی لاندکروزهوه بەئاشکرا رفێنراوه و تا ئێستا سوراخی نیه. کەلەماڵپەڕى هاوپشتى دا لە٣ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
لەڕابردوودا لەبەردەم زانکۆ لەشارى هەولێر ڕۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان)نیان ڕفاند دوایى چەندڕۆژێک تەرمەکەیان بۆهێنانەوە تائێستا تاونباران سزا نەدراون.
لە (٣ى دیسەمبەرى ٢٠١٧) چالاک وانى مەدەنى ئەسعد شاورى نیشتەجێى شارى رانیە لەشارى سلێمانى شوێن بزردەکرێت دوایی چەندڕۆژێک بەپێى لێدوانى خانەوادەکەى کەلەماڵپەڕى ١٧ى شوباتدا بڵاوکراوەتەوە کە دژە تیرۆرى یەکێتى نیشتمانى کوردستان پەیوەندى پێوە کردوون کەژیانى ناوبراو لەلاى ئەوان پارێزراوە.
لە٦-١٢-٢٠١٧چالاکوانى مەدەنى تاکو زەردەشتى لەماڵەکەى خۆیدا لەلایەن ئاسایشى شارى دهۆکەوە دەستگیرکراوە تائێستا ئازاد نەکراوە. ئەگەر بێن باسى بزرکردن و و ونکردن وڕفاندنەکان و تیرۆرەکان وزیندانەکان و ئەشکەنجەدراوان بکەین بەسەدەها کەسن. ئەبێت هەموو ڕۆژەکانى ساڵ یادى دەستگیرکردن وزیندانیکردن وبزرکردن وڕفاندن وتیرۆرکراون بکەینەوە لەباشوورى کوردستان.
ڕفاندن وشوێن بزرکردن و تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووسان و چالاوانانى مەدەنى و سیاسى بەشێکە لەتیرۆرى سیاسیى وتیرۆرى ئازادییە. مرۆڤێک کە تاوانبارە یاخود سەرپێچى یاساکانى سیستەمى دەسەڵات دەکات پێویستە و یاساییە کە بانگهێشتنامەى دادگایى لەرێگاى پۆلیسەوە بۆبنێردرێت بۆئەوەى سەردانى بنکەى پۆلیس بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەرى، بەڵام ناڕەوایەو ناگونجێت لەگەڵ هیچ سیستەم ویاسایەکى مەدەنى وشارستانى دا کەناڕاستەخۆ یاخود ڕاستەخۆ لەلایەن هێزێکى چەکدارەوە بڕفێندرێت لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت وپاش چەندڕۆژێک تەرمەکەى لەقەراغ جادەو شارەکان فڕێ بدرێت و سیناریۆ و چیرۆکێکى ئەفسانەیی لەسەرى بڵاوبکەنەوە بۆ داپۆشینى گەورەیى تاوانەکە.
پرسیارەکە لێرەدایە ئایا پاش٢٦ساڵ لەدەسەڵات و سیستەمى بەڕێوەبردن لەباشوورى کوردستان ئەمە بەرهەمەکەیەتى؟ ئایا ئەى ڕۆڵ وکارى دادگاکانى هەرێمى کوردستان چییە؟ ئەى داواکاریى گشتى کاری چى یە؟ ئەگەر ئیش لەسەر ئەم دۆسییە نایاسایانە نەکات کە بەدرێژایى ٢٦ساڵە گەنجان ولاوان وسیاسى وڕۆژنامەنووس بە نادیارى دەڕفێندرێن وون دەکرێن وتیرۆر دەکرێن ئەى کەوایە بۆچى هەن؟! ئەم جۆرە سیستەمە لەسیستەمێکى خێڵایەتى سەدەکانى ناوەڕاست دەچێت کە کێ هێزو سوپایی چەکدارى هەیە ئەو خاوەنى هەمووشتێکە لەکۆمەڵگەدا.
لەژێرسایەى دەسەڵات وسیستەمى سیکۆلارو ئازاد و شارستانیدا هەموومرۆڤەکان ئازادن بەبێ جیاوازى.
دەسەڵات ئەو کاتە بۆی هەیە دەست بخاتە نێو ئازادی مرۆڤ، کەکاتێك ئەو مرۆڤە دەیەوێت زیان بە مرۆڤ بوونى مرۆڤێکى تر بگەیەنێت واتە ماف وئازادی کەسێکی ترپێشێل بکات، لێرەدا بەپێى یاسا شارستانى ومەدەنییەکان دەسەڵات ئەو کاتە مافی ئەوەی هەیە دەست لە ئازادی تاکە کەس وەربدات بەبێ ویستی ئەومرۆڤە، ئەمەش لەکاتێكدا کە ئازارو ئەشکەنجەى مرۆڤەکانى تر دەدات، بەمانایەکى تر ئەم کارەى دەسەڵات بۆ قەدەغەکردنی ئازارو ئەشکەنجەدانى مرۆڤەکانى ترە لەلایەن مرۆڤەکەوە تەنیا ئەوکاتە بەپێى یاسا دەکرێت سنووری ئازادی تاك ببەزێندرێت. جگە لەمە بەهیچ جۆرێک هیچ کەس و هیچ لایەنێک بۆى نییە تەدەخول بکات لەژیان وگوزەرانى ئازادى مرۆڤەکان بەبێ جیاوازى.