نابێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا قەبوڵ بکرێن!… عوسمانی حاجی مارف
دەستپێکردنەوەی هەڵەشەیی هێرشەکانی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، بەبیانوی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کەفڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی پیادەی بەکارهێناوەو زیانێکی گیانی زۆری لیکەوتۆتەوە، دۆخێکی تەواو نائاسایشی لە ناوچەکەدا خولقاندوە، دەبێت دەست بەجێ مەحکوم بکرێت بەری پێبگیرێت.
بەڵام ئەوەی جێگا سەرنجە دەبینین لەهەمانکاتدا مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەر لە دەستپێکردنی ئەم هێرشە، لە ئانکەرە بوە و لەگەڵ ئەردوغان و هاکان فیدان کۆبۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی رۆشن دەربارەی ئەو کۆبونەوەیە راگەیەنن. دواتریش وەک دیمان کارەساتەکانی ئەو هێرشە بارزانییەکانی نەجوڵاند. هەروەها لەم بارەیەوە ئەوەی شایانی باسەو جێگای سەرنجی جدییە سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوە، سوپاسێک بەمانای سەلماندنی دڵسۆزی بارزانی بۆ حکومەتی تورکیا، کە ئامادەیە تەواوی خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا.
تورکیاش بەرلەوەی هێرشەکانی دەست پێ بکات، بۆردومانەکانی بۆسەر چیای مەتینا بەردەوام بوون. لەولاشەوە بەبێدەنگی کۆبوونەوەکانیشیان بەسادەیی تێپەراندووە.
ئامانجی تورکیا لەم هێرشە درندانەیەیدا دەستبەسەرداگرتنی پێگەیەکی ستراتیژییە لەناو هەرێمی کوردستاندا. لەهەمانکاتدا ئەگەری ئەوەش زۆرە کە تورکیا بۆ تێکدانی زیاتری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و قوڵکردنەوەی زیاتری قەیرانەکان، ئەم هێرشانە دەکات، تا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا زیاتر بخاتە ژێر هەژمۆنی ئایندەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، جا حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێت یان دەمێنێتەوە، حکومەتی تورکیا لە هەر حاڵەتێکدا بێت، دەبێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزیت. یان بەمشێوەیە لە هەوڵی ئاسانکاری زیاترە بۆ دەخالەتی زیاتر لە ناوچەکەدا، تا دەستکەوتەکانی لەو ئالوگۆرانەی پێشبینی دەکرێن، دابین بکات، هەروەها بارزانییەکانیش خۆیان رادەستی واقعیەتی هەلومەرجێکی وەها کردووە، کە نازانن لەم کێشمەکیشەدا ئایندەیان چی بەسەردێت. ئەمەش جۆرێکە لە هەرەسهێنان، کە خۆیان خزاندۆتە ناو جۆلانەی گەمەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، کە لەئێستاوە قوربانییەکانی دەبینرێت.
لەپێش ئەم هێرشەشدا، تورکیا دەستی گرتووە بەسەر زۆر شوێن و لەچەند ناوچەیەکیشدا بنکەی سەربازیی خۆی داناوە. لەسەر بنەمای خودی ڕاگەیەندراوەکانی تورکیا، زیاتر لە ٣٥ بنکەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دامەزراندوە. ئەمە ئامادەکارییەکی سادە نییە، بەڵکو چاوەروانی و دەخالەتێکە بۆ خۆ گونجاندن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زیاتر لە هەر ئاڵوگۆرێک کە بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستە دەبێتەوە.
لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانیانە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم، هەڵەیە ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات لە بۆردومان و کوشتن و کاولکاری و ئاوارەیی تەنها بە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لێکبدرێتەوە. ئامانجە سیاسیەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا زۆر لە لێدانی پەکەکە فراوانترو هەستیارترە. هەر لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی و پاراستنی پێگەیەکی بەرز لە ناوچەکەدا، پرسی کوردیان کردۆتە پرسێکی ئاڵۆز و دڕکاوی، بەناوی لیدان لە پەکەکەش بە هەمولایەکدا پەل دەهاوێژن. بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە، هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ناوچەکەیان داگیرکردووەو بە ئارەزوی خۆیان مانۆری سەربازی دەکەن و پێگەو تواناییەکانی تورکیا نمایش دەکەن و بەدوای سەرکەوتن و ئەو دەستکەوتانەن کە رێرەوی سیاسی لە ناوچەکەدا پێیان دەسپێرێت..
لە کوردستانی سوریا، دەوڵەتی تورکیا عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی داگیر دەکات. ئێستا ژێرخانی ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون. ئامانج لێی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لە هێزە کوردییەکان، لە پشتی ئەمەشەوە ئامانجی ئەوەیە گۆڕانێکی دیمۆگرافیای ڕیشەیی بهێنێتە ئاراوە بە زیانی هێزە کوردییەکان.
هەڵبەتە حکومەتی تورکیا پێویستی بە بیانوو نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزو گروپە سیاسیە کوردیەکان و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان. هەمیشە لە نێو باقی وڵاتانی تردا پلەی یەکەمی هێناوە کە لە شەڕکردن و ڕاوەدونانی هێزە کوردییەکان، بگرە سەرکوتکردن و چەوسانەوەی خەڵکی کورد زمان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ناوخۆی تورکیا و لە دەرەویدا، لەمێژوی رۆڵی ناسیۆنالستی تورکدا زۆرترین زیانیان بە کوردەکان گەیاندوەو دەگەیەنێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەکدار بێت یان مەدەنی.
ئەم بەربەریەتەی تورکیا لە ناوچەکەداو بە تایبەتی کە لە کوردستاندا پیادەی دەکات، شێوازی هەمان بەربەریەتە کە ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی فەلەستین ئەنجامی ئەدات. کارێکە مەحکومە و پێویستە بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخواز بێدەنگ نەبن و بەری پێبگرن. لەهەمانکاتدا ئەو هیزانەش بەرژەوەندی سیاسی هیزەکەیان لەم درندەبونەی دەوڵەتی تورکیا دەبیننەوەو پشتیوانی دەکەن، پێویستە ریسوا بکرێن و لەسەر شانۆی سیاسی بکرێنە دەرەوە.