زەنگ!!… هۆنراوە: بەندی عەلی

0

(زەنگ)

جیهان لەسەر

بۆمبێکی کاتی خەوتووەو

جەنگ دەچرپێنێ بە گوێیدا ؛

بەیانیت باش !

………………………

(جیاوازی)

جەنگ کورتترین

ڕێیە بەرەو شاری دۆزەخ ..

بەهەشتێکیش چێدەکا بۆ

ئیماندارەکانی تەقوای

دونیای سەر و ماڵی فانی !

………………………

(فریودان)

جەنگ کۆنترین

درۆی چاوزەقی واعیزە کوێرەکانە

بۆ ژیانی بێ کۆتایی ئەودیو مردن !

……………………

(ئەنجام)

جەنگ دوو جۆرە لە پڕکردن ،

گۆڕەکان ، بە جەستەی سڕی

سەربازە بێ ناوەکان و

گیرفانی جامبازە بێ ناسنامەکانیش

بە شاباشی بارانی خوێن !!

………………………………

( شۆڤێنیزم )

ئەوەی لەجەنگ جێدەمێنێ

ڕقێکی ڕەقترە لەبەرد ..

 

ڕێژنەبارانی سەدەیەك ،

کونێکی گچکەلەی تێدا هەڵناکۆڵێ !

Leave A Reply

Your email address will not be published.