خواستی موچە لە گەمەو ململانێی ناوخۆیی و لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندییدا…

0

خواستی موچە و دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا، بۆتە خواستی سەرجەم موچەخۆرانی کوردستان و لەوەش زیاتر ئەم مەسەلەیە بۆتە هۆی دوبارەهێنانەوەی بزوتنەوەکە بۆ سەرشەقام لەرێگای کۆبونەوە، بایکۆت و لە هەندێک جێگاش مانگرتن. هەروەها ئەم کێشەیە بۆتە گوشاریش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، بەڵام چەند بۆتە گوشار لەسەر دەسەڵات، هێندە زیاتریش بۆتە کایەیەک بۆ ململانێی سیاسی لەلایەک لە ئاستی ناوخۆی هەرێم لەناو حزب و هیزە سیاسەکاندا و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و بەغدا.

لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا زوربەی حزب و لایەنە سیاسیەکان بەوانەشەوە کە بەشێک لەدەسەڵاتی هەرێمن و لە حکومەتی هەرێمدا!! بەشدارن، لەبەرامبەر بە پارتیدا بلۆکی رانەگەیەنراویان دروستکردووە داوا لە بەغدا دەکەن بەراستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات و لە بەرامبەردا پارتی ئەوە بە کارێکی نایاسایی و  هاوکات بە بچووکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم دەزانێت و لە دژیەتی. دیارە لەو نێوەدا پرسی لیستی موچەخۆرانیش کێشەیەکە، چونکە ئەگەر بەغدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات، ئەوا نزیک بە نیوەی لیستی موچە، بێ بەش دەبن و بەغدا تەنها دان بە موچەی نیوە کەمێک زیاتردا دەنێت… ئەو لەشکرەی تر بە کردەوە یان “بن دیوارن” و یانیش کادری حزب و لایەنە سیاسیەکانن.

پارتی مل بەو داوایەی نادات و زۆریش پێی قەڵسە و نایەوێت پرسی موچەی موچەخۆرانی لەدەست دەربچێت، بەتایبەتی کە دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی و فرۆشتنی لەدەست دەرهاتووەو لەوەش زیاتر بەغدا بەپێی یاسا دەتوانێت دەستێوردان لە دۆخی هەرێم و پرسی داهاتە نانەوتیەکان و داوای داهاتی خاڵە سنوریەکانیش دەکات، هەروەها لەژێر ناوی پاراستنی سنورەکاندا خەریکە سوپا و هێز دێنێتەوە سەر سنورەکان… ئەمەش بەکردەوە جیگا بە وەزارەتی دارایی و دەسەڵاتی هەرێم بەسەر سنورەکاندا شل دەکات و دام و دەزگاکانی هەرێم وەکو وەزارەتی دارایی بی کار دەبێت و توانای جوڵەی هیزەکانیش لەسنورەکان رادەگیرێت. ئەمە هێندەی تر دەسەڵاتی سیاسی هەریم، کە زۆتر قەڵەمرەوییە سیاسیەکەی بەدەست پارتیەوەیە دەخاتە مەنگەنەوە.

لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بەجیا لەپارتی کەداوای دابەشکردنی راستەوخۆی موچە لە بەغدا دەکەن، بەدوای چەند ئامانجێکەوەن. لەوانە دەیانەوێت شانی خۆی لە بەرپرسیاریەتی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم خاڵی بکەنەوە و پارتی بکەنە سەرچاوەو هۆکاری بێ موچەیی. هەروەها ئاراستەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەسەر خۆیان لاببەن و بەرەو ڕووی پارتی بکەنەوە. هاوکات وەکو کەمپەینێکی پێش وەختەی هەڵبژاردن و بەدەستیەوە بگرن و بیکەنە گوشارێکیش بۆسەر پارتی و تا جێگاو رێگاو بەشیان لە داهات و بەشداری لەدەسەڵات و حکومەتدا بە جدی وەربگرێت.

ئەوەی لەو نێوەدا قوربانییە، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن کە بەجیا لەوەی موچەکانیان دوادەکەوێت و کراونەتە زەخیرەی ململانێیەکی سیاسی چ لەناوخۆ هەرێم و چ لەسەر ئاستی عێراقدا… بۆ دەسەڵاتی عێراقیش چەندە ریزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد شەق بێت، بەهرەبەرداری سیاسی خۆی لێ دەکات و ئاسانتر دەتوانێت هەنگاوەکانی بۆ بچوککردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم، کەڵک لێ وەربگرێت.

موچەخۆرانی هەرێم مافی خۆیانەو دەسەڵاتی هەرێم و هەموو ئەوانەی لەهەرێمدا دەسەڵاتیان بەدەستەو داهاتی ناوخۆی نانەوتی لەوانە خاڵی گومرگی سنورەکان باج و زەریبەو داهاتی دام و دەزگاکان دەبەن، ناچار بکەن موچەیان لەکاتی خۆیدا پێ بدەن و پاشەکەوتی موچەیان بۆ بگێرنەوە. تەنانەت ئەگەر بەغداش راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، دیسان موچەخۆران مافی خۆیانە ئەو موچەیە وەربگرن و کەمێک لە سەختی ژیان و گوزەرانیان کەم بێتەوە. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەتایبەتی پارتی نابێ بەپاساوی ململانێ لەگەڵ بەغدا شانی خۆی لەدابینکردنی موچە خاڵی بکاتەوە یان رێگری لە موچەخۆران بکات رێگای روو بەبەغدا بۆ موچەکانیان بە خیانەت!!، تەماشا بکات. پرسی موچە، پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و بازارەوە هەیە و نابێ رێگەبدرێت بە سیاسی بکرێت و بەسیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، یان موچە خۆران ببنە قوربانی ململانێی سیاسی نیوان دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بەغدا و ململانێی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد.

بەردەوامیدان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی لە پێناو موچەو خزمەتگوزارییەکاندا بەدژی سەرجەم دەسەڵاتی هەرێم، یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە پێوستە موچەخۆران پەرەی پێبدەن، سەراسەری و هاوئاهەنگی بکەن، لەوەش زیاتر دەست ببەن بۆ کاری رێکخراو پێکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەری و پیشەیی خۆیان و فریوی هات و هاواری ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی بۆرژوازی کورد نەخۆن.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.