ڕێکخراوبوون مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرییە!

0

جارێکی تر و لە درێژەی بزوتنەوەی بەردەوامی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا لە پێناو داخوازی موچەدا، بەشێکی بەرین لە مامۆستایان، مامۆستایانی وانەبێژ، کرێکارو کارمەندانی تەندروستی، کرێکارانی شارەوانی، خوێندکارانی زانکۆکان… لە کۆبونەوە و بایکۆت و نارەزایەتی دەربریندان. دیارە چ بایکۆت و چ کۆبونەوەی نارەزایەتی لە شوێنی کار و ناوەندەکانی کاردا، هەنگاوێکی گرنگ و سەرەتایەکیشە بۆ هەنگاوی دواتر و مەیدانێکیشە بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون و خاراوبوونی هەڵسوڕاوان و رابەرانی و لێكهەڵپێکرانی نارەزایەتییەکان، بەڵام هێشتا ئەوە بە بێ رێکخراوبوون ناتوانێت دەستکەوت و سەرکەوتنی پێویست دەستەبەر بکات. مێژووی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بەتایبەتیش بایکۆت لە کوردستاندا، مێژوویەکی درێژە. چەندین ساڵە مامۆستایان یان کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی و یان شارەوانیەکان و قوتابیانی زانکۆ، دەستیان بردووە بۆ کۆبونەوە و بایکۆت، لەگەڵ ئەوەدا ئەوە بۆتە گوشار لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و هاوکات سەرنجی بەشێک لەخەڵک و کۆمەڵگەی بۆخۆی راکێشاوە، بەڵام نەیتوانیووە خواستەکانی دابسەپێنێت، هۆکارەکەی بەسادەیی و ئەوە بووە، کە بایکۆت و کۆبونەوە بەبێ رێکخرابوون و بەبێ بوونی رێکخراوەی پیشەیی و جەماوەری سەربەخۆ و ئامانجدارانە، بەوێنەی ئامرازو چوارچێوەیەکی خەباتکارانە، ناتوانێت ئامانجەکانی وەدی بێنێت یان لەو راستایەدا پێشرەوی بەرجەستە بکات.

بۆرژوازی و کۆمپانیا و دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە کەڵکی لە نارێکخراوبوونی نارەزایەتیەکان وەرگرتووە و لەوەش زیاتر توانای بزوتنەوە نارەزایەتییەکان بە بێ رێکخرابوون سنوردار و هاوکات زەمینەی زوو پاشەکشە پێکردن و دوبەرکی نانەوە لەناویدا زۆرترە. بەپێچەوانەشەوە رێکخرابوون لە بنەرەتدا ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر دووبەرەکی و لەوەش زیاتر نمایشی توانایی هێز و ئیرادەی یەکگرتووی دەکات و باوەڕبەخۆ بوون بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی داخوازییەکان دەباتە سەرەوە.

بزوتنەوەی نارەزایەتی ئەم دەورەیە کە بۆ موچە و دەرماڵەو دامەزراندن، دەستی پێکردۆتەوە، پێویستی بەوەیە کەڵک لە ئەزموونەکانی پێشووی خۆی وەربگرێت و بەسەر لاوازییەکانیدا زاڵ بێت. کە یەکێک لەو لاوازییە سەرەکیانە نارێکخراوبوونە.

پێکهێنانی دەستەی سەرپەرشتی نارەزایەتیەکانی هەر کام لەو بەشانە، دەستبردن بۆپێکهێنانی رێکخراوەی پیشەیی و جەماوەری و لەناو جەرگەی ئەو نارەزایەتیانەدا، پێوستە دەستی بۆ بببرێت، دیارە ئەوە ئەرکی رابەران و هەڵسوڕاوانی ناو ئەو بزوتنەوانەیە دەست پێشخەری بکەن و دەست بۆ رێکخراوبوون و رێکخستنی نارەزایەتیەکان ببەن. هەر رێکخراوەیەکی جەماوەری کە لە کۆبونەوەی نارەزایەتیەکاندا یان لە ناوەند و شوێنەکانی کاردا پێک دێت، دەتوانێت ببێتە سەکۆ و جێگایەک بۆ پرس و ڕا بەیەککردن و گۆڕینەوەی بیرورا و بەدەستەوە گرتنی بریار و خستنەرووی داخوازی ئامانجدارانەی بەکۆمەڵ. بریاردان لەسەر کۆبونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان و لە چوارچێوەی بریاری بەکۆمەڵی ریكخراودا، ڕیگە لە پلان و نەخشەی کارفەرماو کۆمپانیا و دەسەڵات دەگرێت، لەوەش زۆتر هێزی ڕیکخراو بەجیا لە توانایەکەی، پاشەکشەپێکردنی بێ دەسکەوت سەخت و دووبەرەکی خستنە ناو ریزەکانیەوە قورس و بێگومان دەستکەوتیشی زیاترە، جیا لەوانە هەماهەنگی لەنێوان ڕیکخراوەکانی بەشەکانی کرێکاران و کارمەند و مامۆستایاندا، و بریاری بەکۆمەڵیان دەتوانێت ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی فراوانتردا یەک بخات و لێک هەڵبپێکێت.

بۆ پێشرەوی و سەرکەوتن و بەدەستهێنانی داخوازییەکان و لەوەش زیاتر لەو جێگایانەی هاوسەنگی ‌هێز رێگا دەدات دەستبردن بۆ کاری راستەوخۆ جەماوەری، یانی خۆ بەخاوەنکردنی ئەو ناوەند و شوێنی کارانەو بەدەستەوەگرتنی لەلایەن خودی کرێکاران و کارمەندانی ئەو شوێنانە، دەتوانێت زامنی موچە و پێداویستیەکانی خۆی بەهێزی رێکخراوی خۆی بکات و لەو جێگایانە کۆتایی بە بزوتنەوەی داخوازی و داواکارییەکان بهێنیت و بگۆرێت بە هێزی وەگەرخستن و خۆ بەڕێوەبەری ئازادانە. دەبێ لەو رێگایەدا هەنگاوەکان دەست پی بکەن.

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.