کام ڕێگا چارە بۆ دۆخی سیاسی کوردستان؟… عەبدوڵا مەحمود

0

دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی، هەریمی کوردستان لە لێواری دارمانێکی بەرجەستەدایە. لە باری ئابورییەوە زوربەی هەرەزۆری هاوڵاتیانی هەرێم لە ژێر مەنگەنەی هەژاریدان و بێ موچەیی و بێکاری لەگەل گرانی بازار، هەژدیهایەکی مەگهێنەرەو هەموو رۆژە ئامبازی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت. لە رووی سیاسیەوە هەرێمی کوردستان لەژێر دوو گوشاری سەرەکیدایە. لەلایەکەوە دەسەڵاتی بۆژوازی عێراقی هەر رۆژە نەخشەو پلانی بچوککردنەوە، ئیرادە وردکردن، لکاندنەوەی بەزۆری بە عێراقی ئیسلامی تایفییەوە، بێ گوێدان بە ئیرادەو بڕیاری خەڵکی کوردستان، دەباتە پیشەوەو لەلایەکی تریشەوە لەژێر رەحمەتی دەسەڵاتی زاڵمانەی بۆژوازی کوردا دەناڵێنێت…

بۆرژوازی عێراقی لەچوارچێوەی سازدانەوەی دەسەڵات و دابەشکردنەوەی دوبارەی دەسەڵات لە هەلومەرجی تازەدا، تا دێت مەوداو قەبارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بچوک دەکاتەوە، تا لەو رێگایەوە بەشی بۆرژوازی کورد کە بەهۆی جەنگی کەنداو کشانەوەی دەسەلاتی بەعس بەدوای راپەرینی خەڵکی کوردستان و بەپشتیوانی ئەمریکاو غەرب توانی دەسەڵاتی دابسەپێنێت. کەمترو کەمتر بکاتەوە و فیدرالیزمی قەومیش وەکو چوارچێوەیەکی ناچاری بۆ دابەشکردنی دەسەلات، دوبارە بخاتەوە بەردەم چاو پیاخشاندنەوە. دیارە فیدرالیزمی قەومی لە بنەرەتدا بۆ سنوردارکردن و لغاوکردنی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد لەچوارچیوەی عێراقدا بوو، تا بیر لەهیچ رەهەندێکی تر بۆ داهاتووی سیاسی کوردستان نەکاتەوە پابەند بوونی خۆی بە یەکپارچەیی و پاراستنی سەروەری عێراق، بەپێی یاساو دەستور مۆر بکات. ئەوەش نەک هەنگاوێک بۆ چارەسەری پرسی سیاسی کورد و لەوەش زیاتر بە سودی بۆرژوازی کورد نەبوو، بەڵکو وەشاندنی گورزی بۆژوازی عێراقی بوو هەم لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و هەم بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان. بۆرژوازی عێراقی سەرباری ناڵاندنی بەدەست نەخۆشییە کوشندەکانی وەکو ناتەبایی ناوخۆیی رێزەکانی و هەژموونی ئیتیمانی دینی و مەزهەبی و قەومی و تایفی بەسەر ئینتیمای نیشتیمانی!! و مافی هاوڵاتی!! و دەسەڵاتێیکی یەکپارچەی سەراسەرییەوە، بەڵام لەبەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاییندەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا تا ڕادەیەکی زۆر یەک دەست و خاوەن کۆ روئیایە. نەخشەی لەبەین بردنی پەیتا پەیتای بەشە دەسەڵاتی لەرزۆکی بۆرژوازی کورد کە لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسدا و لە هاوسەنگی دیاریکراوی ئەوکاتەدا بەرێکەتووە، سنوردارتر بکات و مل کەچی تەواوی داخوازییەکانی خۆی بکات، کە لەدوا ئاکامدا، بە موچەخۆرکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە و هێشتنەوەیەتی وەکو نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ناوەند لە هەرێمدا و لێ سەندنەوەی هەموو دەسەڵاتەکانیەتی لە قەڵەمرەوی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و یاساییدا… ئەم رەوەندە دەستێ پێكردووەو سەرباری هەر بەرگری و کارادانەوەیەکی لێرەو لەوێ و دوبارە دەستدرێژکردنەوە بۆ دۆسیە کۆن و مێژووییەکان، بەردەوامی هەیە.

بۆرژوازی کوردیش لە عێراقدا وەکو ئەژدیهایەکی تر روو بەخەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی، هەرچی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەهەی دەسەڵاتیدا لە هەگبەکەیدا بووە، لەدژی خەڵک و ئیرادە سیاسیەکەی و لەدژی چارەسەری کارسازو دروستی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان، نەک درێغی نەکردووە، بەڵکو بۆتە تەواوکاری نەخشەو پلانەکانی بۆرژازی عێراقی، تەنها بە نرخی ئەوەی لە داهات و پۆستەکانی عێراقدا بەشدار بێت و دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بۆ بەفەرمی بناسرێت.

برسی کردن و بێئیرادەکردنی چینی کرێکار و کارمەند و موچەخۆرانی هەرێم وەکو بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان یەکێک لە سیاستەکانی بووە… بێ موچەیی و موچەی کەم، نەبوونی هەلی کار و بێکاری، و نەبوونی بیمەی بیکاری. گرانی بازاڕ و داسەپاندنی هەژاری، وێرانکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و نابوتکردنی کەرتەکانی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی، و کردنی زوربەی ڕێگاو بانەکان بە ڕێگای مەرگ، بێئاویی و بێ کارەبایی نەبوونی سوتەمەنی، دزی و تاڵانی ئاشکراو نهێنی، نایاسایی و بە یاسایی کراو، بەحزبیکردنی هەموو پیشەو کارو بەرپرسیاریەتیکی ئیداری و حکومی، شەقکردنی هەرێم بۆ دوو زۆن، خۆشخزمەتی و هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە، سەرکوتی هەموو پەراوێزەکانی ئازادی کە بەرهەمی ناجێگری دۆخی هەرێم و قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵات و فەزای نیمچەکراوەی کوردستان بوو، نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی لە گەندەڵکاران و تاڵانچیان و بکوژی ژنان و سەرکوت و لەخوێنهەلكێشانی خۆپیشاندانەکان و زیندانی کردنی دەنگە ئازادەکان و بێدەنگە کردن یان هاوکاری دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتەکان بۆ تیرۆری کادر و ئەندام و لایەنگران و چالاکوانەکانیان، ڕیگریکردن لە پیادەکردنی سەرەتاییترین مافە فەردی و مەدەنیەکان و بەدۆزەخکردنی ژیانی ژنان و مافەکانیان و وێرانکردنی خەونی سادەی لاوان و بەسواڵکەر کردنی خانەنشینان، کە هەموو تەمەنی جوانی و لاوێتی خۆیان بۆ چەرخاندنی کۆمەڵگە لەئەستۆ بووە. بەبنەماڵەیی کردنی حزب و  دەسەڵات و بێ بەهاکردنی سیاسەت و کاری حزبایەتی، پەرەدان بە کۆنەپەرستی و داوکەتوویی… گۆشە بەگۆشەی کارنامەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی خۆوەڵاتی، بووە.

ئەم دۆخە کە دەسەڵاتی بۆژوازی کورد بۆ خەڵکی کوردستانی خوڵقاندووە، تەواوکاری سیاسەتی شۆڤینیزمی عەرەبییە بۆ ئاییندەی سیاسی کوردستان… دەسەڵاتی هەرێم لە بەرامبەر دەسەڵاتی مەرکەزیدا داماوەو ئاینندەی قەوارەی هەرێم روو لە داڕمانی یەکجاری و ئاییندەی سیاسی خەڵکی کوردستانیش لەبەردەم شەپۆلی شۆڤینیزمی عەرەبیدایە و ئەگەری دوبارە بوونەوەی سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر خەڵکی کوردستاندا لە ئێستاوە لە ناوچە کێشە بۆ دروستکراوەکان و کەرکوکدا بەرجەستەو لە دژی تەواوی خەڵکی کوردستانیش پێشبیینی کراوە…

خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بەو دۆخەدا دەستەوەستان نەبوون و میژوویی دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعس، میژووی بەرامبەرکێیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لەنیوان جەماوەری بێبەشی کوردستان و دەسەلاتی بۆرژوازی کوردا بووە. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ساتێک چییە خامۆش نەبووە. خواستی نان و موچەو خزمەتگوازرییەکان، ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و نەمانی هەرەشە لەسەر ئاینندەی سیاسی کوردستان، بەکورتی خواستی” نان، ئازادی، چارەسەری پرسی کورد” هەمەگیرترین و سەرەکیترین خواستی سەرجەم جەماوەری بێبەشی خەڵکی کوردستانی پێکهێناوە.

ئەم بزوتنەوەیە لە بزوتنەوەی داواکارییەکانەوە گۆڕاوە بە بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵات. لە خۆشباوەریەوە گۆراوە بە رەوینەوەی خۆشباوەری، لە بێ ئیرادەیی و بی ئاسۆیەوە گۆراوە بە نیشاندانی توانایی و وێل بوون بەدوات ئاسۆی تردا. هێزی بۆرژازی تر هاتن و بەدروشمی قەبەو بریقەدارەوە ویستیان بزوتنەوەی نارەزایەتی لەدژی دەسەڵات بدزن، کەچی زوو مایە پوچ بوون و خەڵکی خۆشباوەری بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش نەما…

لە هەلومەرجی ئێستادا کە لایەکەوە دەسەڵاتی بۆرژازی کورد و لەوپەرێ دۆخی خراپ و لەبەردەم نەفرەتی جەماوەریدایە، وە دەسەڵاتی ناوەندی هێشتا نا هاوئاهەنگ و پڕ کێشە و هاوکات ڕێگاچارەیەکی کارساز و تەندروستی نەک بۆ پرسی سیاسی کورستان نییە، بەجیا لە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر بۆرژوازی کورد و کەنارخستنی دەسەڵاتی، هاوکات بە بارمتەگرتنی قوت و موچەی خەڵکی کوردستان دەیەوێت ئیرادەی سیاسی خەڵکی  تێکبشکێنێت و دەسەڵاتی خۆی زاڵ بکاتەوە. ئەم دۆخە زەمینەی بۆ بزوتنەوەو هێزی سیاسی تر سازکردووە کە هەم لەبەرامبەر بەغداو هەم لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا ئەسپی خۆی تاو بدات. ئەم بزوتنەوەو هێزە… بزوتنەوەی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش و هێزەکەشی چەپ و کۆمۆنیزمە. ئێستا ئیتر ژینگە بۆ کاری چەپ و کۆمۆنیزم، لە هەمیشە ئامادەترە.

هێزی چینی کریکار و چەپ و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئامادەیی خۆی بباتە سەرەوە و ببێتە نوێنەری خواستە سەرەکی و هەمەگیرەکانی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان لەوانە “نان و موچەو خزمەتگوازریییەکان، ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان، هەڵگری ڕیگاچارەی کارسازی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان” دەتوانێت، زۆر زوتر کۆتایی بەدەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد بهێنێت و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردیش مایەپوچ بکات و کارتی هەژموونی و باڵادەستی بۆرژوازی عێراقیش بسوتێنی و ئیرادەی سیاسی بۆ جەماوەری کوردستان بگێرێتەوە. ئەوە رۆشنە ئەگەر باڵادەستی بۆرژوازی عێراقی بەسەر هەرێمی کوردستاندا، لەسەر دەستی بۆرژوازی عێراقی بەسەمەر بگات، بەسودی جەماوەری بێبەشی خەڵکی کوردستان نییە. لەململانێی ناوەند و هەرێمدا، تەنها هێزیکی سەربەخۆی چینایەتی شۆرشگێر دەبێ ئاڵای رزگاری لەستەم و هەڵاواردن و سەرکوت و بێمافی بەرز رابگرێت و خەباتی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان لەگەڵ خەبات و تیکۆشانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی عێراقدا لێک گرێبدات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.