ئەنوەر حسێن (بازگر) : ئەو خۆشباوەڕييەى خەڵك بەبەغدا تووشى بوە دەرئەنجامى ئەو نەهامەتييەيە؛ كە چەشتوويەتى لە ڕابردوو لە هەرێمى كوردستان… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ‌ بەڕێز ئەنوەر حسێن (بازگر)، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ، سەبارەت بە گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم و ئایندەی سیاسی کوردستان”

0

بەشی دووەم و کۆتایی

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە خۆشباوەری بەشێک لە خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتی بەغدا، بۆ باش بوونی موچە و خزمەتگوزاری و سوتەمەنی…تاد؟

ئەنوەر حسێن: ئەو خۆشباوەڕييەى كە خەڵك تووشى بوە دەرئەنجامى ئەو نەهامەتييەيە؛ كە چەشتوويەتى لە ڕابردوو لە هەرێمى كوردستان.

بۆنموونە جارێك بەناوى پاشەكەوتى مووچە جارێك بەناوى سەرى بەرز بۆ مووچە نەوى ناكەين، جارێك بەناوى لێبڕينەوە مووچەكەى پێنادات، بۆيە حكومەتى هەرێمى كوردستان شەفاف نييە لەگەڵ خەڵك پێيان ناڵێت، بۆچى (22) مليار دۆلار قەرزارە، بە خەڵك ناڵێت بۆچى پاشەكەوتى مووچە ناداتەوە؟ خەڵك دەزانێت ئەو پاساوانەى دەيهێنێتەوە واقيعى نيين، لەبەرئەوەى بە فاكت و بەڵگە ناخرێتە بەردەم خەڵك، خاڵێكى تر ئەوەيە؛ خەڵكى كوردستان هەست بە نادادپەروەرى دەكات، بۆنموونە ئەوەى بۆ خەڵك نييە بۆ منداڵەكانى خۆيان بەردەستە.

خەڵكى عێراق حكومەتى عێراقى باش ناناسن، گەر پێيان وابێت غەز عەلى، سەدر، مالكى، عەبادى و سودانى… لە فڵان باشترن ئەوە بۆچوونێكى زۆر ناواقيعييە، ئێمە ئەزموونێكى زۆرمان لەگەڵ ئەم دەوڵەتە يەك لەدوا يەكانەى عێراق و توركيا و ئێران هەيە، بەهيچ شێوەيەك ئامادە نيين مافى كورد دابين بكەن، بەڵام ئەگەر دەوڵەتێكى مەركەزى عێراقى بەهێز هەبێت ديموكراسييەتى قبوڵ بێت ئاساييە هەرێمى كوردستان لەسەر ناوەند بێت و تێكەڵ بێت و ئيدارەى بدات وەكو سويسرا، ئەڵمانيا، هيندستان و زۆر وڵاتى تر، ئێمە دەمانەوێت لە دەوڵەتێكدا بژين كەرامەتمان پارێزراو بێت و مافە سەرەتاييەكانمان پارێزراو بێت و وەكو ئينسان سەيرمان بكەن، ئيتر گرنگ نييە كورد يان عەرەب بم و لە چ لەژێر سايەى چ سيستەمێك دام، بەڵام ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە لە دەوڵەتێكدا بين ڕێز و كەرامەتى ئينسان بگيرێت مافەكانى خەڵكى زەحمەتكێش، كرێكار و خەڵكى هەژار دابين بكرێت و خەڵك نەچەوسێنرێتەوە لەژێر هيچ بيانوويەكى ئيتنكى، ڕەگەزى، تايفى و دينى و مەزهەبى، قسەكە ئەوەيە حكومەتى عێراقى تەواو حكومەتێكى دينى و مەزهەبييە هەموو بڕيارەكانى لە تاران، ئەنكەرە و ڕيازەوە بۆ دێت، يان ئەمريكا دەيسەپێنێت بەسەريدا، خۆى هيچ توانايەكى نييە، هەربۆيە ئەم دەوڵەتەى كە ئێستا هەيە بانگەشەى ئەو هەموو شتە دەكات چەند ساڵێكى تر فەشەل دەهێنێت.

عێراق لەبەردەم تەقينەوە و كێشەى زۆردايە، لەبەردەم شەڕى شيعە و سووننەدايە.

بەو ڕەخنانەشەوە كە لە هەرێمى كوردستان دەگيرێت، دەسەڵات و بەڕێوەبردنى دەوڵەتان و سياسەت و حكومەت لە خۆرهەڵات لەلايەن شيعەوە شكستى هێناوە، لە لوبنان، سوريا، يەمەن و عێراق، شيعە نەيتوانييەوە حكومدارييەكى باش بكات، چونكە تێڕوانينێكى تەواو مەزهەبى هەيە و تەواو گرێدراوە بە تارانەوە، هەميشە بير لە تۆڵە دەكاتەوە.

بەدواى شەڕى داعش بە سەدان هەزار سوننى لەو سنورانە كوژراوە، هەموو ناوچەكانيان تەخت كراوە بۆئەوەى نەيەنەوە بۆ ئەو ناوچانە. بۆچى داعش پەلامارى موسڵ دەدات؟ لەكاتێكدا ناوچەيەكى سوننە نشينە؟ بەشێكى زۆريان قەتڵ و عام كران، بۆچى حكومەتى عێراقى هێزەكانى لەوێدا پاشەكشەى پێكردن؟ لەبەرئەوە شيعە مەترسيدارن لەسەر داهاتووى عێراق و ناوچەكەش و لە حاكميەتى خۆشياندا فەشەليان هێناوە.

بەڵام ديسان قسەكە ئەوەيە ئەو ناڕەزايەتييەى خەڵك يان بە جۆرێك پشتگيريكردنى ناوەند گلەييەكە ڕووبە هەرێمى كوردستانە، هەرێمى كوردستان ڕاستە هەنگاوى ناوە، ڕاستە كارى كردوە، ڕاستە ڕەنگە هەرێمى كوردستان لە عێراق ئاوەدانتر بێت، بەڵام دەيتوانى زۆر باشتر بێت و ئەو نادادپەروەرييەى هەيە نەمێنێت.

بۆپێشەوە: لێکەوتە سیاسیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خەڵکی کوردستان و پرسی چارەسەرنەبووی نەتەوایەتی چۆن دەبینيت؟ لاتان وایە جارێکی تر ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان دووبارە دەبێتەوە؟

ئەنوەر حسێن: هەموو ئەوانەى ڕابردوو بە ئەنفاليشەوە ئەگەرى دووبارەبوونەوەى هەيە، پێموايە ئينسان ناتوانێت پشت بەم دەوڵەتە ببەستێت ئەوەى كە لێى دەيخوێنيتەوە.

بابەتى ميللى و نەتەوەييبوونى خەڵك باسێك نييە پەيوەندى بە يەكێتى و پارتى و ئەحزابى كوردييەوە هەبێت، بابەتێكى مێژووييە؛ گەلێك لەسەر ئەم خاكە دەژيت ناوى كوردە و داواى مافە نەتەوەيى، مافە سەرەتاييەكان، مافى كرێكاران و زەحمەتكێشان، مافى خەڵك. هەموو ئەوانە داوا دەكات.

بۆيە پێموانييە تا كۆتايى لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقدا و عێراق بەم حاڵەى ئێستاوە بێت و هيچ كات ناتوانێت كێشەى ميللى كورد چارەسەر بكرێت نە ئێران، توركيا و سوريا چارەسەريان نەكردوە و نيەتيشيان نييە چارەسەرى بكەن.

بۆنموونە ئەگەر باسى حكومەتى هەرێمى كوردستان بكەين ئەمە دەرئەنجامى بارودۆخێكى سياسى و بابەتى دواى ڕووخانى ديوارى بەرلين، ڕووخانى يەكێتى سۆڤيەت هەرێمى كوردستان دروست بوو، بەتايبەتى دواتريش دواى ڕووخانى بەعس، ڕۆژئاواى كوردستانيش دواى ڕووداوەكانى بەهارى عەرەبى بوو، ئەم دوو هەرێمەى كە هەيە دەرئەنجامى ڕووداوى سياسى ناوچەيى و جيهانى بوون، نەك ئەوەى حكومەتى عێراقى بە ڕەزامەندى خۆى ئەو كارەى كردبێت، يان حكومەتى سوريا.

بۆيە بابەتى ميللى و نەتەوەيى و مافەكانى خەڵكى كوردستان و مافى چارەى خۆنووسينى خەڵكى كوردستان و بەڕەسمى ناسينى بوونى دەوڵەتى كوردى كارێكە كە هەموو خەڵك لە پێناويدا كاردەكات و خەبات دەكات، بەڵام دەوڵەتێك بێت مافەكانى خەڵكى تێدا پارێرزراو بێت، ژنان مافەكانيان پارێزراو بێت، دەوڵەتێكى مەزهەبى نەبێت و سيكۆلار بێت، دەوڵەتێك بێت يەكسانى و دادپەروەرى تێدا بەرقەرار بێت، بۆئەوەى بتوانێت مافەكانى خەڵكى زەحمەتكێش، خەڵكى كرێكار و جوتيار دابين بكات و بتوانێت دەوڵەتێكى خۆشگوزەران بێت. دەوڵەتێك بێت خەڵك هەست بە ئاسايش بكات و هەست بەوە بكات كە كەرامەتى پارێزراوە.

بۆيە لە ناوچەكەدا ئەگەرى نييە بەم نزيكانە هيچ كام لەو دەوڵەتانەى كوردى تێدايە بابەتى ميللى و مافى چارەى خۆنووسين بۆ خەڵكى كوردستان بەڕەسمى بناسێنن، بەڵام گرفتەكە ئەوەيە ئەحزابى سياسى ئەم پارچانەى كوردستانيش نەيانتوانيوە ئەو تەختييە باش بكەن و بيدەن بە خەڵك و سەرنجيان بۆ پشتيوانيكردن لەم داوايانەى خۆيان ڕابكێشن، زۆرجار خەڵك ئينتيماى نەماوە بێ هيوا بوە و بەدبەخت بوە، باوەڕى بەوەش نەماوە دەڵێت؛ ئەوەشم ناوێت ئەگەر حاكميەتييەكەى وەكو ئێستا بێت ئەو دەوڵەتەشم ناوێت، بێگومان ئەوە بۆچوونێكى هەڵەيە خەڵك دەبێت بۆ بەدەستهێنانى مافە نەتەوەيى و نيشتيمانى و چينايەتييەكانى و بۆ دەستەبەركردنى ژيانێكى باشتر بەردەوام هەوڵ بدات و خەون بەوەوە ببينێت نابێت هيچ شتێك لەمە ساردى بكاتەوە.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان بەشێوەی گشتی دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمن و بەکردەوەش ئۆپۆزیسیۆنی بۆژوازی کورد، ئەڵتەرناتیفێکی باشتری دەسەڵات نییە و لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت سواری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان ببێت، خەڵکی کوردستان دەبێ چی بکات، تا لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوشێوەکانی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ڕزگاری بێت؟ بەکورتی چ ڕێگا و ئەڵتەرناتیڤێک بۆ باش بوونی ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسی کوردستان پێویستە؟

ئەنوەر حسێن: لە ڕاستيدا خەڵك بە ڕێژە گلەيى لە ئەحزابى سياسى كوردستان هەيە نەك بە گشتى ئەوە ڕوونە، چونكە هێشتا خەڵك دەنگ دەدات، هێشتا هێزى پێشمەرگە و فەرمانبەرى هەيە، بەڵام ڕاستە بە ڕێژە خەڵك نيگەرانە لەم دەسەڵات و ئەحزابى سياسى كوردى، تەنانەت هەندێك هەيە نيگەرانە لە هەموو ئەحزابى سياسى كوردى، بەشێكى هۆكارەكەى ئەوەيە؛ كە لە پێشتر ئاماژەم پێدا؛ نادادپەروەرى، گەندەڵى، نا شەفافيەت، كوشتنى ڕۆژنامەنووسان و لێدانيان، كوشتنى ژنان، پەيوەندييە هەرێمايەتييەكان،… لەكاتێكدا هەموو ئەوانە مافى ڕەواى خەڵكى كوردستانە.

ئەڵتەرناتيڤێك لە هەرێمى كوردستان بە بڕواى من ئامادەيى نييە جگە لە خەڵك، لە ڕابردووشدا ئێمە ئەڵتەرناتيڤەكانمان تاقى كردوەتەوە، بۆنموونە ئەو ئەحزابى سياسى بۆرژوازييەى تاقيمان كردنەوە نەيانتوانى لە ئاست و داخوازييەكانى خەڵك بن، سەرەڕاى ئەوەى هێزى سياسى گەورە بوون ئەوانەى خۆيان وەكو ئەڵتەرناتيڤ نيشاندەدا، ئێمە شاهيدى ئەوەين چەند جار هاوپەيمانى كراوە لەنێوان چوار حيزبى سياسى ناسيۆناليست و وردە بۆرژوا و ئيسلامييەكان، كە وەكو ئەڵتەرناتيف خۆيان نيشان دەدا، بەڵام دواجار خەڵك بۆيان دەردەكەوت ئەم هێزانە نەك ئەڵتەرناتيڤ نيين، بەڵكو ناتوانن ئەڵتەرناتيڤ بن و بەشێكن لەو هێزە سياسييانەى كە ئێستا حاكميەتى كوردستان دەكەن: بەو دەليلەى يەكەم؛ لە حكومەت و پەرلەمان هاوبەشن، دوەم؛ بە نهێنى پارەيان لێوەردەگرن، سێيەم؛ هەركام لەم هێزە سياسييانە پەيوەنديان بە وڵاتێكەوە لە ناوچەكەوە هەيە، كە هاتوون ليستێك و گوتارێكى هاوبەشيان دروستكردوە بۆ خاترى خەڵكى كوردستان نەبوە و بۆ بەرژەوەندييە حيزبييەكانى خۆيان بوە ئەوە قۆناغێك.

قۆناغێكى تر هەبوە كە بزوتنەوەى گۆڕان دروستبوە وەكو بزوتنەوەيەكى سياسى، بەڵام ئەوەى دەنگێكى زۆرى كۆكردوەتەوە و خەڵك وەكو ئەڵتەرناتيڤ سەيرى دەكرد، بەڵام دەركەوت يەكەم؛ نەيتوانى ئەڵتەرناتيڤ بێت و مەبەستى نەبوو، دوەم؛ لە واقيعدا هيچى نەكرد، دواتريش دەركەوت و بەشێك لە خەڵكى كوردستان دەڵێن؛ “خۆزگە بە يەكێتى و پارتى”.

ئەم ئەڵتەرناتيڤانە كە خۆيان نيشاندا لە هەرێمى كوردستاندا وەكو سياسى، خۆپيشاندان، حكومەت و ئەڵتەرناتيڤ… نەك هەر نەيانتوانى ئەڵتەرناتيڤ بن و دڵى خەڵك خۆش بكەن، بەڵكو ئەو حەماسەت و ناڕەزايەتييەى خەڵك هەيبو لەباريان برد خەڵكيان بێ هيوا كرد لەوەى بتوانن دەنگى ناڕەزايى بگەيەنن و بێنە سەر شەقام.

بۆيە ئەم بزوتنەوە ناڕەزايەتيانەى دروست بوون خەونى ناڕەزايەتى و مانگرتن و هاتنە سەر شەقامى خەڵك و بوون بە ئەڵتەرناتيڤى ئەم هێزە سياسييانەشيان لە باربرد.

ئێستا هەندێك هێزى پۆپۆليست هەيە، كە خۆيان وەكو ئەڵتەرناتيڤ نيشاندەدەن، ئەو خەڵكانەشى كە پشتگيرى ئەو هێزە پۆپۆليستانە دەكەن سور دەزانن كە ناتوانێت ئەڵتەرناتيڤ بێت و شتێك لە چارەنووس و نەهامەتييەكانى ئەوان ناگۆڕێت، بەڵام ديارە وەكو ئينعكاسات دەنگ دەدەن بەم هێزە، بەڵام بەشێك لەم هێزانە بەنهێنى لەگەڵ يەكێتى و پارتین و سياسەتەكانى ئەوان بەڕێوە دەبەن.

ئەگەر بپرسين ئايا هێزى كۆمۆنيست وەكو ئەڵتەرناتيڤ خۆى نيشانداوە؟ ئەوەش پێموايە نەيتوانيوە بەڕەسمى هێزێكى چەپ و كۆمۆنيست بێتە مەيدان.

ئەڵتەرناتيڤ ئەوەيە؛ دەبێت ئەم ناڕەزايەتييەى خەڵك بەردەوام بێت و باش لەوە تێبگات كە پێويستى بە ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتە، پێويستى بە ئاڵوگۆڕى سيستمى سياسييە لە ڕێگاى سندوقەكانى دەنگدانەوە و لە ڕێگاى ديموكراسييەوە، لە ڕێگاى هاتنە سەر شەقام و لە ڕێگاى ميدياوە.

بەبڕواى من ئەم هێزانە پێويستى بە گوتارێكى يەكگرتوو هەيە، لانى كەم دەتوانێت بەشێك لەم دۆخەى ئێستا بگۆڕێت.

ئەڵتەرناتيڤى جددى بۆ بارودۆخى كوردستان پێموايە خەڵكە، ئێستا هێزێكى سياسى بەوجۆرە نابينم و خۆى نيشان نەداوە، كە بتوانێت ئەڵتەرناتيڤى ئەحزابى سياسى كوردى ئێستا بێت يان حكومەت بێت، بۆيە ئەوەى ئەڵتەرناتيڤە خەڵكە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ پێك بهێنێت و پشتگيرى هێزى باشتر بكات و بارودۆخەكە بگۆڕێت.

لەهەر حاڵدا ئەڵتەرناتيڤێكى جددى لە ئێستادا نابينم، بەڵام هەرێمى كوردستان بەم بارودۆخەى ئێستاوە ناتوانێت بەردەوام بێت.

 بۆپێشەوە: گرژی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و داهات بەردەوامە، ئایا گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەغدا، هۆکاری بەرینبوونەوەی قڵشتی نێوانیانە، یان ناتەبایی پارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکی نیگەرانی ناوەندە فەرمی و نێودەوڵەتیەکانە؟

ئەنوەر حسێن: وڵاتانى نێودەوڵەتى، بەتايبەتى وڵاتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و يەكێتى ئەورووپا هەوڵيانداوە ئەو كێشانە چارەسەر بێت و هێزى پێشمەرگە يەكبخرێن و لە شەڕى داعش پشتيوانيان كردوون، هەرچەندە ناڵێم ئەوانە فريشتە و فرياد ڕەسن، بەڵام ئەوان بە ئەنجام گەيشتوون كە يەكێتى و پارتى ناتوانن ڕێكبن بە يەكەوە و هێزى پێشمەرگە يەكبخەن، بۆيە پێموايە كێشەكان ڕەگ و ڕيشە مێژووى هەيە و پەيوەندى ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتەوە هەيە، بەڵام پێشتر بارودۆخەكە باشتر بوو، كابينە لەدواى كابينە پەيوەندييەكان خراپتر بوو، پارتى كە وەكو حيزبى ئەكسەريەت خۆى نيشاندەدات زۆر نايەوێت هاوبەشى بكات بۆيە، يەكێتى نيشتيمانى كوردستان نيگەرانى خۆى لەوبارەيەوە دەربڕيوە.

بەهەرحاڵ پێموايە كێشەكانى يەكێتى و پارتى بەم زوانە چارەسەر نابن، هيواداريشم نەگاتە ئەوەى ئەم كێشانە زيانى زۆرتر لە خەڵكى كوردستان بدات، لانى كەم دەتوانن بە خاترى خەڵكى كوردستان و بە خاترى بەرژەوەندييە سياسييەكانيان پێكەوە يەكگرتوو بن، چونكە مەترسى گەورە لەسەر هەرێمى كوردستان هەيە و ئەجێنداى گەورە لە ناوچەكەدا جێ بەجێ دەبێت، وەكو وتيشم ئەمريكا نيگەرانە لە هەرێمى كوردستان، بۆيە پێموايە دەبێت بير لە ڕێگا چارە بكرێتەوە، ئەگەر نا هەرچييەك بەرامبەر بە هەرێمى كوردستان ڕوودەدات ئەو هێزە سياسييانە بەرپرسيارن لە داهاتوودا.

هيوادارم خەڵكى كوردستان لەمە زياتر قوربانى نەدات و تووشى نەهامەتى و بەدبەختى نەبێتەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.