سەبارەت بە شەڕی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل!… نووسینی: توانا حەمەنوری
هێرشی لە ناکاو و کتوپڕی هێزەکانی حەماس لە بەرەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوشتن و برینداربوونی سەدان سەرباز و هەزاران کەسی بێتاوانی ئیسرائیل، پاڵینا بە حکومەتی ڕاستڕەوی نەتانیاهوەوە هێرش بکاتە سەر کەرتی غەزە. دواتر لە ئەنجامی ئەم شەڕە تیرۆریستییە، لە هەردوولا سەدان کەس کوژران و هەزاران کەسیش کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و بێ بەرگرین، بریندار بوون.
قوتبێکی ئەم شەڕە دەیان ساڵەیە حکومەتی تیرۆریست و ڕاستڕەوی نەتانیاهۆیە و قوتبەکەی تریشی هێزە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکانە لە حەماسەوە تا جیهادی ئیسلامی. ڕژێمی نەتانیاهو ساڵانێکە بە داگیرکاری و هێرشی ئاسمانی و زەمینی دڕەندە و عەشوائی، دانیشتوانی کەرتی غەزە لەناو دەبات و ڕۆژانە ژمارەیەک کەسی بێ بەرگری دەکوژێت.
حکومەتی توندڕەوی ئیسرائیل بە فراوانکردنی مەودای ئەم شەڕە تیرۆریستییە دەیەوێ دوو ئامانج بپێکێت. لە لایەکەوە دەیەوێت پرسی فەڵەستین بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە و ئەمەش ستراتیژی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، لەوانەش ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناوچەییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی نەتانیاهو زۆرترین سوود لە درێژەی ئەم شەڕە تیرۆریستییە وەردەگرێت بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەکانی ئەم دواییانە دژی حکومەتەکەی.
لە غیابی هێز و بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، ئەو هێزە ئیسلامیانەی لە سەرەوە باسکرا، کە هەریەکەیان لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە لەلایەن دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە پشتیوانی دەکرێن، بە ڕژێمی ئێران و لیبیا و عێراقەوە و تا دەگات بە شێخەکانی کەنداو، ئاسوودەیی و ئاسایشیان لە هەموو هاووڵاتیانی ناوچەکە تێکداوە.
ئەم شەڕە کۆنەپەرستە پەیوەندی بە خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستینەوە نییە، بەڵکو خزمەت بە بەرژەوەندی دوو جەمسەری تیرۆریستی لە جیهاندا دەکات. لەلایەک ئەم شەڕە ناوچەییە چونکە لە لایەن وڵاتانی ناوچەیی و ئیسلامی پشتیوانی دەکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە جیهانییە و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاڕاستەی دەکەن و سەرکردایەتی دەکەن.
خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ ئەوەی زیاتر نەبنە قوربانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستە، ڕێگەی تریان نییە جگە لەوەی هاووڵاتیانی هەردوو دیوی ئەم خاکە لە کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش یەکبگرن و خەباتیان دژی دەسەڵاتداران و هێزە میلیشیا و کۆنەپەرستەکانی هەردولا بەیەکەوە گرێبدەن. بە یەکڕیزی و تەبایی گەلی فەلەستین و ئیسرائیل دەتوانن هاوسەنگی هێز بگۆڕن، کۆتایی بە شەڕی فاشیستەکان بهێنین، بۆ هەمیشە لەم دوو کامپە تیرۆریستیە ڕزگاریان بێت وە هەروەها بەبێ هیچ جیاکارییەک بەیەکەوە بژین.