مەودای خەیاڵ لە هاتن و نەهاتنی نوسینی شیعردا… نووسینی/ جەمال نوری

0

ئەم  دەقە  شیعرەی  مەحمود  قەرەداخی  شاعیر  یەکێکە لەو دەقە نوێیانەی وەرزی  نوسینی  شیعر، لەگەڵ  ئەوەی  قەرەداخی  یەکێکە لەو شاعیرانەی  ناوەڕاست و کۆتایی   هەشتاکانی  دەیەی   ڕابردوو، لەگەڵ  جیلی  حەمە عومەرو  دلاوەرو  هیواو  چەندانی تری  ئەو قۆناغە دژوارەی  ئەدەب  هاتۆتە  ناو  دنیای  شیعرو  ئەدەب  کەخاوەن زمان و  ڕیتم و دنیا بینی تایبەت بەخۆی   هەیە، قەرەداخی  یەکێکە لەو دەنگە  شیعریانەی  کە  هەرگیز  حەزی  بە  خۆدەرخستن و خۆ بردنە  پێشەوە  نەبووە، بەڵکو ئەو بڕوای  وایە شاعیر گەر توانی لەڕێگای   شیعرەکانیەوە خزمەتێ  بە کتێبخانەی  کوردی  و خوێنەرانی  کورد  بکات، ئەوا  ئیدی پێویستی بە نمایش و ئارایشت  نییە  بۆ  جوانکردنی، مەحمود لەو  شاعیرانەیە بەبڕوایەکی تەواو بەخۆی و بەو بیئەو گەشەکردن و کارتێکردن و کاریگەریە  ئەرێنی و نەرێنی  کۆمەڵگەوە ڕۆژێ نەسڵەمیوەتەوە، بەڵکو بە ورەو ئیرادەوە  گوزارشتی   لە بوون و کەینونەی خۆی کردوە، ئەوەی  نوسیونی زادەی بیرو ئەندێشەی  ئەو ڕۆژگارو  ژیانەیە  کە قەرەداخی   بەرخوردی کردوە لەگەڵیدا، ئەوەی  هەستمپێکردوە قەرەداخی تائێستا و لەسەرەتاشەوە  نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری  شاعیرانی پێش خۆی، واتە  بۆ  ساتێکیش  حەزی بە  جوینەوەو  وەرگرتن نەکردوە. هەرچەند وەرگرتن ئەگەر بۆ جوانکردن و داهێنانی ئەدەبی بێ  ئەوا  ئاساییەو زۆرێک لە شاعیرانی دنیا ئەمەیان تاقیکردۆتەوە. مەحمود  قەرەداخی ڕاستگۆیانە  دەنوسێ و ئەوەی دەشینوسێ زادەی  ئازارو ژانەکانی خۆیەتی، ئەو لەگەڵ ئەوەی   شاعیرێکە لەهەمان کاتدا  ڕۆژانە  ئەو ئازارو ئارەقەو ماندووبونانەی کرێکارانی هاوڕێی  دەبینێ بەیانیان  دەستەکانی  دەخاتە  ناو  دەستە زبرو شەقار کراوەکانی کرێکارەوەو تەوقەو سڵاویان  لێ  دەکات  بە  حوکمی  کاری ڕۆژانەو  بژێویەوە. بگەڕێنەوە سەر  ئەم تێکستە شیعرە  جوانەی  شاعیر  هەست  بە  نوێگەری و وەرزێکی  تازەی زمانی شیعری مەحمود قەرەداخی دەکەم بەشێوەیەکی ئێستاتیکا گوزارشت لە دنیای  خەیاڵی نوسینی شیعر  دەکاتەوە… بیرکردنەوە  لە خەیاڵ  لە پانتای  نوسینی  شیعردا  بەسەر زۆربەی شاعیراندا  هاتوە بەحوکمی ئەو ئەندێشەو بیرکردنەوانەی شاعیر کە بۆ شیعر هەیەتی، واتە شیعر بەبێ خەیاڵ  لەڕیزکردنی وشە نەبێ لە هیچی تر ناچێ، ئەمە جگە لە زمانی  نوسینی شاعیر کە بۆ خۆی ئەو فەنتازیایە دەخولقێنێ کە پێی دەوترێ  شیعر، لێرەدا قەرەداخی  ئاماژە  بۆ ئەو خەیاڵە  شیعریەی  خۆی دەکات  و دەڵێ:

دیدارێکم، بەڕوت ببمەوە…

چ لەوپەرستنە؟

پڕبێت لەنەشئەی خەیاڵ،

ببێتە پەیکەرێك

تالەبەردەمیا سوجدەیەکی پەرستن

نەشئەکەم بڕژێ وبەتاڵ..

چ تاڵییەکە لەو ڕشتنە؟

تاخەیاڵێک ببمەوە،

پڕلەوتەڕییەی نێوانمان

یادگارییەکانمان بەڕۆمانێك

لەجوانییەکانمان بنووسمەوە..!

کاتێک شاعیر بەر دنیای خەیاڵی دەکەوێ زۆر وردو لەسەرخۆ  مامەڵەی لەتەکدا دەکات نەبادا ئەو چێژو خۆشی و نەشئەیەی لەڕێگای  بونیادی خەیاڵیەوە پێی گەیشتوە،  لەپڕێکا بەربێ و بڕژێ و لەدەستی بچێ، چون ئەو هێشتا پێویستی بەو نەشئە خەیاڵە هەیە کە تەڕو پاراو لەنێوانیاندا کە پڕاو پڕی جوانیەکانیان بە یادگاریەکانی ناویەوە  بنوسێتەوە، هێشتا ئەو پێویستی پێی هەیە، ئەم دێڕە شیعرە  تەواو  پێچەوانەی دێڕە شیعرێکی مامۆستا گۆرانی   شاعیرە بۆ خەیاڵ ئاوا دەنوسێ…

هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم

بۆم ناخرێتە ناوچوارچێوەی هەڵەبەستم

لێکدانەوەی دەروون قسەی زبانم

بۆچی وەها دوورن لەیەک نازانم 

گۆران… لێرەدا دەیەوێ  بگا بە خەیاڵێک بۆ  وێناکردنی ئەو جوانیەی   بینیویەتی و وێنای بکات بەشیعر  لەڕێگای  زمان و خەیاڵەوە، بەڵام لێرەدا لای گۆران ئەوەی غایبە ونایەتە بەردەمی نابێتە هەوێنێ بۆ نوسین یان تەواوکردنی  شیعرەکەی (خەیاڵە)، تەنها زمان حزوری  هەیە لەویانەدا، بۆیە  گۆران ئەو جوانیەی  بینیویەتی هێجگار تایبەتەو گومانی هەیە تەنها زمان بتوانێ پەی پێبەرێ، لەبەر ئەمەیە دەیەوێ مەودای خەیاڵی فراوانتر بێ،  تاوەکو بەزمان و خەیاڵ بتوانێ ئەوەی لەدڵ و دەروون و روئیای  گۆراندا هەبووە بە شیعر تەوزیفی بکات.!

Leave A Reply

Your email address will not be published.