ئەوان هەر گوێ لە تەفسیری ون و وێڵی خەون دەگرن… بەندی عەلی

0

ئەوان هەر گوێ لە تەفسیری

ون و وێڵی خەون دەگرن  ..

ئێمە ، مەجبورین خەونەکان بێنینە دی !

ئەوان بۆ کردنەوەی گرێی

گوریسی بەخـت دیسان هەر گوێ

لە قاوەگرەوەکان دەگرن ..

ئێمە ، دەبێ عەرش و تاج و تەخت بگرین !

ئەم هاوکێشەیە بە چیلکەی

دەستی فاڵچی چارە نابێ ..

ئەم گرێیە ، کوێرە دیدەی ..

بە پەنجەو ددانی خۆزگەی

خەواڵوەکان ناکرێتەوە .

بۆ ئەوەی سبەی شکۆفەی

بەیانێکی نوێ بپشکوێ ،

بجمێ چونکە کاری دەوێ ،

درەختی خەون پیرە دارە

دەشتی دێمی ئەم هەوارە

هەم قریشکەی گەرووی هەورو

هەم ڕەوی ڕووباری دەوێ

Leave A Reply

Your email address will not be published.