گەمەی ئاینەکان لە کێشەی ئەرمینیا-ئازەربایجاندا… نووسینی: ئیدریس مستەفا
هەر لە ئاینەکانی مەسیحی و ئیسلامەوە بە هەردوو مەزهەبەکەیەوە تا دەگات بە جوداییزم (ئاینی جوو) و هندۆسی.
لەوە ئاشکراتر نییە کە ئاین هەمیشە دەسکەلای دەستی دەسەڵاتداران و دەوڵەتان بووە بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسیەکانی خۆیان، دیارە کرۆکی ئەو مەرامە سیاسیانە بەرژەوەندییە ئابورییەکانە وەک مەسەلەی وزە و بازرگانی کاڵاکان؛ بەڵام کەمجار بووە بەو گەمەیەی کە ئێستا دەبینین لە کێشەی ئەرمینیا-ئازەربایجاندا.
ئاینی گشتی وڵاتی ئەرمینیا مەسیحیە و ئاینی وڵاتی ئازەربایجانیش ئیسلامە، بەڵام شیعە مەزهەب. وڵاتانی دەوروبەری هەر دوولا بە ئاراستەی پێچەوانەی ئاینەکانی خۆیانەوە ململانێکانیان دەبەنە پێشەوە. گەر بە پێوەرە روحی و بەهاکانی ئاینەکیان بێت ئەوا گوناهی گەورە دەکەن، بەڵام مادام بۆ گەمە سیاسیەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن ئەوا نە پیاوە ئاینیەکان هەن بە کافر و زەندەق ناویان ببات و نە خەڵکیش ئەو هۆشیاریە سیاسیەیان هەیە پێیان بڵێن بۆ گەمە بە ئاینەکانمانەوە دەکەن.
ئێوە سەیری ئەم گۆڕەپانە بکەن کە چۆن گەمە بە ئاین دەکەن:
ئێران وڵاتێکی ئیسلامی شیعە مەزهەبە پشتیوانی ئەرمینیای مەسیحی دەکات لە بەرامبەر ئازەریایجانی ئیسلامی شیعە مەزهەب. تورکیای ئیسلامی سوننی مەزهەب پشت و پەنای ئازەریبایجانی ئیسلامی شیعە مەزهەبە لە کاتێکدا پڕ کینەترین و پڕ خوێناویترین مێژووی مەزهەبەکان ئەو دوو مەزهەیە. خاڵی گومرگی زەنگەزوور ئەو رێڕەوەیە کە ئێران نایەوێ تەنها ئازەربایجان یاخود تورکیا زاڵ بن بەسەریدا هەروەها هندستانیش چاوی لەم رێڕەوەیە کە رێگەیەکی کورتەبڕە بۆ هاتوچۆی بازرگانی و گواستنەوەی وزە لە ئاسیای ناوەڕاست و تەنانەت هندستانیشەوە بۆ ئەورپا.
روسیا وڵاتی مەسیحی کۆمەکی ئەرمینیا مەسیحی نەکرد، بەڵکو پشتیوانی ئازەربایجانی کرد بۆ دەست بەسەرا گرتنی ناگۆرنی-قەرەباخ. لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل وەک وڵاتێکی ئاین جوو پەیوەندیەکی ستراتیجی لەگەڵ ئازاربایجاندا هەیە بەوەی ئیسرائیل زیاتر لە سەدا چلی وزەی وڵاتەکەی لە ئازەربایجان دەکڕێ. هەروەها گەورەترین بنکەی موسادی ئیسرائیلی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجانە و هەر ئەم خاڵەش بە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی ئێران دادەنرێت لەگەڵ ئازەربایجاندا.
بوونی نیزیک بە پانزە ملیۆن ئازەری شیعە مەزهەب لە ئێران ترسێکی گەورەی تارانە گەر بێتوو پشتێنەی پانتورکیزمی تورکیا و ئازەربایجان درێژ ببێتەوە بۆ وڵاتانی تورکی ئاخەوەری سەنتەری ئاسیا وەک قرگیزستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان (بە ئیزافەی تورکمانیستان و باکوری قوبرسیش کە ئەندامی ئەم ریکخراوە نین، بەڵام سەر بەو پشتێنەیەن). بەهەرحاڵ، ئەم پێنچ وڵاتی تورک زوبان ساڵی ٢٠٠٩ لە ئازەربایجان ریکخراوێکی تایبەتیان دامەزراند بە ناوی رێکخراوی وڵاتانی تورک زوبان یاخود ئەنجومەنی وڵاتانی تورک زوبان کە ئۆفیسە سەرەکیەکەیان ئیستا لە ئیستانبوڵە و ئەندامە هەمێشەییەکانیشی تورکیا و ئازەربایجان و ئۆزبەکستان و کازاخستان و قرگیزستانە. کۆی دانیشتوانی ئەم پێنچ وڵاتە زیاتر لە ١٥٧ ملیۆن دەبێ. گەر رۆژگارێک ئازەری ئێرانیش پێیانەوە پەیوەست ببن ئەوا ژمارەکە خۆی دەدات لە نزیک ١٧٥ ملیۆن کە نەک هەر ئێران دەکەوێتە خەتەریاتەوە، بەڵکو ژمارەی فارس زوبان بۆ کەمتر لە یەک لەسەر سێی ئەم ژمارەیە کەم دەبێتەوە کە هەرگیز نەتوانێ بەرامبەرکێی ئەم سیاسەتە پانتورکیزمە بکات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە هاتنە ناوەوەی هندستانە بە هندۆسیەکەیەوە. هندستان پەیوەندی باش بووە لەگەڵ ئەرمینیا و یەکێک لە بازارەکانی چەک فرۆشی بۆ هندستان ئەرمینیا بووە. هندۆسی بە جەمسەرێکی بەهێزەوە هاتۆتە ناو ئەم ململانێیەوە و دەیەوێ قسەی هەبێ لە ئەرمینیا لەبەر دوو هۆ: یەکێکیان پەیوەندی و نزیکبوونەوەی سێ قۆڵێ تورکیا و ئازەربایجان و پاکستانە؛ دوومیشیان، تاکو زامنی ئەرمینیا وەک یەکێک لە خاڵەکانی رێڕەوە ئابوریەکەی کە بازاڕی هندستان بە بازاڕەکانی ئەوروپاوە ببەستێتەوە بەتایبەت لە رێڕەوی گومرگی زەنگەزووردا.
لە هەندێ حاڵەتدا، ئەگەری نەمانی هەندێ وڵات هەیە و ئەم حاڵەتانەش لە مێژوودا بە غەدری جوگرافیا تۆمارکراون. نەمانی وڵاتان تەنانەت میللەتەکانێش چ لە ئەنجامی هەڵایسانی جەنگە گەورەکاندا یاخود لە ئەنجامی سیاسەتە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان روودەدەن. بۆ ئەرمینیا خەتەری ئەو پشتێنە پانتورکیزمەیە کە ئەملاولای گرتووە. هەر وەک چۆن کۆماری کوردستانی سور (١٩٢٣-١٩٢٩) کە لە هەمان جێگەی ئێستای ناگۆرنی قەرەباغ بوو، نەک هەر تیاچوو بەڵکو هیچ ئەسەرێکیشی نەما ئەوا ئەرمینیاش بە هەمان دەرد دەچێ. ژمارەی کەمی دانیشتوانەکەی و لاوازبوونی بەرەبەرەی لۆبی ئەرمینی لە دەرەوەی وڵاتان و سیاسەتی ملهوڕی حکومەتی ئەرمینیا بە پشت کردنە روسیا و ئامێز گرتنەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەرمینیا وەک وڵات بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەچێت. روسیا تەنها زامنی مانەوەی ئەرمینیایە بەڵام پەیوەندیەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ئاماژە بە تێکچوونی ترسناکی ئەو پەیوەندیە دەکەن و ئەمەش بۆ ئەرمینیا گەلێک خراپە.