داگیرکردنی زانکۆکان شێوەیەکی تر لە ناڕەزایەتی خوێندکارانی فینلاند… بنار مستەفا

0

پێکهێنانی ڕاستڕەوترین حکومەت لە مێژووی فینلاند و بەیانکردنی نەخشە و بەرنامەی حکومەتەکەیان، کە کەمکردنەوەی بەرچاوی بودجەی خزمەتگوزاری و بیمە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازکردنی مافەکان لە خۆ دەگرێت، ناڕەزایەتی و کاردانەوەی فراوان و جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. بەردەوام خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەکان لە شەقامەکان دەبینرێت و بانگەوازی بۆ دەکرێت. یەکێتییە کرێکارییەکان بە چەندین شێوە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و شێوەی تریش تا ئاستی مانگرتنی گشتی، لە دەستوور کاردایە، گەر حکومەت پاشەکشە نەکات لەسەر ئەو بەرنامەیەی دایناوە جێبەجێی بکات.

خوێندکاران بەشێکی تری بەرچاون، لەوانەی دەبنە قوربانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕە فراوانەکانی حکومەتی نوێ. کەمکردنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران و گەڕاندنەوەی بەرپرسیارێتی زیاتر بۆ خوێندکاران لە ئەستۆگرتنی ژیانیان، بە مانای دژواری زیاتر و هەڕەشە لەسەرنەکەوتنی خوێندنیان دەێت، بۆیە زوو خوێندکارانی بەخەبەر هاتن و دەنگیان هەڵبڕی. هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەی لایەنەکانی حکومەت بۆ داڕشتنی بەرنامەکەیان، خوێندکاران بۆ چەندین شەو و ڕۆژ لە بەردەم بینای کۆبوونەوەکان چادریان هەڵدا و تێیدا مانەوە و دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردەوە و بەم شێوەیە هەڵمەتێکی گەورە دەستیپێکرد.

لەگەڵ بەیانکردنی بەرنامەی حکومەت و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، خوێندکارانی زانکۆکان بە بەرنامە دەستیان گرت بەسەر زانکۆکاندا و بە لافیتەی گەورە نووسیان “دەستی بەسەردا گیراوە”. تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە، بۆ نۆهەم ڕۆژە کە خوێندکاران شوێنی گشتی زانکۆکانیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و شەوان تێیدا دەمێننەوە و داوای پاشەکشە لە بڕیارکانی حکومەت دەکەن. خوێندکاران بە بەرنامە و کاری هەرەوەزی و پشتیوانییەک کە دەکرێن، شەو و ڕۆژ لە زانکۆکاندا دەمێننەوە، بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان قسە دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە، کە ئامادە نین دەست لە ناڕەزایەتی هەڵگرن، تا حکومەت پاشگەز نەبێتەوە لە بڕیارەکانی. بەجیا لە زانکۆکان ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتییە خوێندگا ئامادەییەکانیشی گرتەوە و دەیان ئامادەیی لە لایەن خوێندکارانەوە داگیرکران.

ڕۆژی ٢٨ی مانگ لە یەکێک لە هۆڵەکانی زانکۆی هێلسینکی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەرگری وڵات بەڕیوەدەچوو بە بەشداری سەرکۆماری. وێڕای هەڕەشە لە خوێندکاران بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانیان و گەڕاندنەوەی زانکۆکان، بەڵام خوێندکاران ملیان نەدا. ڕێگەیان دا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام لە دەرگای هاتنە ژوورەوەی زانکۆ تا ژووری کۆبوونەوەکە لە هەردوو بەری ڕێگاکەکە خوێنداکران ڕیزیان گرتبوو و دروشمیان دەوتەوە. سەرئەنجام سەرکۆماریش ناچار بوو بێتە دەنگ و هاوخەمی لەگەڵ خوێندکاران دەربڕێت.

ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتییە نیشانی دەدات، کە ملکەچبوون بە بڕیارەکانی حکومەت پێویست نییە، ئەگەر تەنانەت بە ناوی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکیشەوە تۆمار بکرێت. هەروەها دەریدەخات، کە شێوەی ناڕەزایەتی فراوانن و دەکرێت دەست بۆ چەندین شێوەی جۆراوجۆر ببرێت و کاریگەری دابنێت. هەر ئەم نمونەیە نیشانی دەدات، کە کاری ڕێکخراوەیی و بەرنامەدانان و بەردەوام بوونی پێکەوەیی، دەتوانێت لە گەیشتن بە خواستەکان نزیکتربێتەوە.

وێنە: تۆیڤۆ کۆیڤیستۆ

Leave A Reply

Your email address will not be published.