بێ موچەیی تاوانێکی نەبەخشراو و داهێنانێکی پڕ شەرماوەری دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە!!

0

کۆتایی مانگی سیبتەمبەر دەکاتە سێ مانگی تەواو موچەخۆرانی هەرێم لە چاوەروانی موچەدان و هێشتا دیار نییە کەی ئەو موچە کەمە وەردەگرن، تا لانی زۆر کەمی پێداویستیەکانی پێ دابین بکەن. سێ مانگ کارکردن و دەوام کردن و خزمەتکردن، بی ئەوەی موچە وەربگریت، تاوانێکی نەبەخشراو و داهێنانیکی پڕ شەرماوەری دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە. بێ موچەیی لەکاتیکدا موچەخۆران ژیان و گوزەرانیان لەسەر موچەیە، بێبەشکردنی ئینسانی موچەخۆرە لە ژیانکردن… دارماندنی ورەو ئیرادەیانە، تێکشکاندنی شکۆ و هەیبەتی ئینسانیانە لەبەرامبەر داوای سادەو رەوای مناڵەکانیان. سێ مانگ بێ موچەیی لە دۆخی گرانی بازار و لە کاتێکدا باج و خەراجی جۆراو جۆر، پارەی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و موەلیدەو تەندروستی و خوێندن و هاتووچۆ کرێ خانوو…. دەبێ لەکاتی خۆیدا بدرێن و هەموویان قورساییەکی یەکجار زۆر لەسەر موچەخۆران دەکەن و ناچار بە قەرزکردن و چاونووقاندن لەخواستی مناڵەکانیان دەکەن، شێوازی ژیانیان نەک دەگۆڕێت، بەڵکو بەرەو داڕمان و وێرانکردنی دەبەن… پاساوی دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی کورد ئەوەیە کە بەغدا موچە نانێرێت، لەکاتێکدا موچەخۆرانی کوردستان لەهەرێمدا کار دەکەن و دەسەڵاتی هەرێم بەرپرسە لە موچەو خزمەتگوزارییەکان. ئەو پاساوەی دەسەڵاتی کورد هیچ مانەیەکی نییە جگە لەوەی کە بانگەوازی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێکهەڵپیکراوی رێکخراو و هاوئاهەنگ بۆئەوەی لەدەسەڵات بیانکێشنە خوارەوە و دەسەڵاتی لەخوارەوەی خۆیان ولەڕیگای هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیانەوە، دابمەزرینن. کە لەڕیگای دەستبەسەراگرتنی داهاتی ناوخۆ و دامەزراوەکان و داهاتی دزراو لەدەستی بنەماڵە حزبی و هاوکارەنیان و دوبارە دابەش کردنەوەی بەسەر خۆیان و بەکاربردنی بۆ خزمەتگوازارییەکاندا. دەسەڵاتێک توانای موچەی موچەخۆرانی خۆی نەبێت، خزمەتگوزاری زۆر سەرەتایی پێ دابین نەکرێت، ئاسایش و سنورەکانی خۆی پێ نەپاریزرێت، لەهەمان کاتدا خۆیان و بنەماڵەکانیان ملیاردیر و ملیۆنیر و خاوەنی ژیانی شاهانەیی بن، پێویستی راماڵینی، وەکو پێوسیتی ئاو بۆ ماسی وایە. کاتی ئەوە نەک هاتووە زۆر وەدرەنگ کەوتووە کە ئەم دەسەڵاتە دەبێ بە‌هیزی جەماوەری هاوئاهەنگ و رێکخراو کۆتایی پێ بهێنریت، ئەوە زەمانەتی گێرانەوەی ئیرادەیە بۆ خەڵکی کوردستان وتاکی کورد، تابتوانێت لەبەرامبەر دەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵ و بۆرژوازی عەرەبدا بۆ مافە سیاسیەکان و دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان سەرکەتوو بێتە دەرەوە.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.