ئەگەر راگرتنی فرۆشتنی نەوت لەماوەی شەش مانگدا زیانی ٦ ملیار دۆلار بووە، ئەی کوا داهاتی چەند ساڵەی فرۆشتنی نەوت؟

0

زوربەی بەرپرسانی سیاسی هەرێم بەتایبەتی بەرپرسانی پارتی، لە لێدوان و دیمانەوە گفتوگۆکانیاندا، دان بەوەدا دەنێن، کە ئابوری هەرێم بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەماوەی شەش مانگدا لە رێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیاتر لە ٦ ملیار دۆلار زیانی بەرکەتووە. ئەوەش دانپیانانێکی ئاشکرایە بەوەی کە ناردنی و فرۆشتنی نەوت لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا، چ داهاتێکی زەبەڵاحی سەریەک ناوە، بەڵام نەخراوتە بەردەم رای گشتی و بۆ مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان لەوانە، موچە و خزمەتگوزارییەکان، سەرف نەکراوە، بەڵکو دزراوە. ئەوەی کەچەند مانگێک زیانی راگرتنی هەرێم چەند ملیار دۆلار بێت وەکو بەرپرسانی پارتی دەیڵێن، دەبێ بپرسین ئەی کوا داهاتی چەند ساڵەی فرۆشتنی نەوت؟ ئەی بۆچی رۆژ بەرۆژ قەرزی سەر هەرێم زیاتری کردووە؟

ئەو دانپیانانەی بەرپرسانی پارتی بەوەی کە راگرتنی فرۆشتنی نەوت تەنها لەوەی چەند مانگێکدا بە ملیاران دۆلار دەخەمڵینرێت، ئەو راستییە دەخاتە روو کە دەسەڵاتی دەسترۆشتوی هەرێم، فرۆشتنی نەوتی وەکو سەرچاوەیەک بۆ کەڵەکردنی سەرمایەی چەند بەرپرسێک خستۆتە گەڕ، ئەگەر نا ئەو داهاتە قەبەیە دەیتوانی نەک موچە و خزمەتگوازرییەکان، بەڵکو کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی تەواو شارستانی بینابکاتەوە، ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی سەربەخۆیی و بوژاندنەوەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خەزێنەیەکی پریش پاشەکەوت بکات.

ئێستا کاتی ئەوەیە هەر کەسێک بە هەر ئەندازەیەک خەمی هاولاتیان و موچەو خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی باشتری هەیە، یەخەی دەسەڵات و بەرپرسەکانی بگرێت و بیناخاتە ژێر گوشارەوە تا راستی داهاتی نەوتی فرۆشروای چەند ساڵە بخەنە ڕوو. وە لەلای هەر کەس و گروپێکە ناچار بکرێت بیگڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و هاوڵاتیان و لەسەر ئەوەش کە هەمیشە دەڵێن قەرزدارین، بدرێنە دادگا. ئاخر ئەوە دزییەکی یەکجار ئاشکرای دانپیانراوە، کاتێک بە وەستانی چەند مانگ لە فرۆشتنی نەوت چەندین ملیار زیان بکەیت، کەواتە بە فرۆشتنی بۆماوەی چەندین ساڵ، دەبێتە داهاتیكی خەیاڵی.

بۆپێشەوە

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.